رووداو دیجیتاڵ
چین بەرپرسانی پاکستان هان دەدات هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنی ئەمریکا و ئێران بخەنەگەڕ.
ئاژانسی (رۆیتەرز) لە زاری سێ سەرچاوەی پاکستانییەوە بڵاویکردەوە، ئیسلامئاباد خەریکی دۆزینەوەی رێگەیەکە بۆ گەڕانەوەی هەردوو لایەنی جەنگ بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، ئەمەش بە پاڵپشتى و هاندانى چین.
بەپێی راپۆرتەکە، چین کە گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی ئێران و کڕیاری سەرەکی نەوتی ئەو وڵاتەیە، زۆر لە داخرانی تەنگەی هورمز و پەککەوتنی بازرگانی لە دەریای سوور نیگەرانە. بەرپرسێکی حکومەتی پاکستان بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە: "چینییەکان دڵخۆش نین، چونکە هێرشەکانی ئێران بۆسەر وڵاتانی کەنداو و داخرانی تەنگەی هورمز زیانی بە بەرژەوەندییەکانی ئەوان گەیاندووە."
ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان لە سەردانی هەفتەی رابردووی بۆ پەکین، ئەم بابەتەی لەگەڵ بەرپرسانی چین تاوتوێ کردووە. پەکین بە فەرمی پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵەکانی پاکستان دەربڕیوە و رایگەیاندووە کە دەمانەوێ "رۆڵێکی چالاک لە گێڕانەوەی ئاشتی و ئارامی بۆ ناوچەی کەنداو بگێڕین."
هەوڵە نوێیەکەى پاکستان هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەی ئەسکەندەر موئمینى، وەزیری ناوخۆی ئێران بۆ پاکستان، کە لە 10 رۆژدا دووجار سەردانی ئەو وڵاتەی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت و عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان کۆبووەتەوە.
بەرپرسێکی دیکەى پاکستان بە ئاژانسەکەى گوتووە، بەرپرسانی پاکستان بە فەرمى داوایان لە ئێران کردووە هێرشەکانی بۆسەر سعودیە و وڵاتانی دیکەی کەنداو بووەستێنێت و پێیان راگەیاندوون ئەم هەنگاوە گرنگە بۆ دەستپێکردنەوەی هەر جۆرە دانوستاندنێکى ئێران لەگەڵ ئەمریکا.
ئەم هەوڵە نوێیەی پاکستان دوای ئەوە دێت، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و ئێران، کە بە نێوەندگیریی پاکستان و قەتەر بۆ ئاگربەستی 60 رۆژە واژۆکرا، هەرەسی هێنا و جەنگ دەستیپێکردەوە.
دۆخەکە ئاڵۆزتر بوو، کاتێک حوسییەکانی یەمەن رۆژی دووشەممە گەمارۆیەکی دەریاییان دژی سعودیە راگەیاند و رۆژی پێنجشەممەش دوو کەشتیی نەوتهەڵگری ئەو وڵاتەیان کردە ئامانج. لە هەمان کاتدا، هێرشەکانى ئەمریکا بۆسەر بنکە و سەکۆى مووشەکهاوێژەکانى ئێران بۆ 13مین رۆژ بەردەوامە و ئێران لە وەڵامدا بنکە سەربازییەکانى ئەمریکاى لە کوێت، بەحرێن، قەتەر و ئوردن و هەرێمی کوردستان بۆردومان دەکات.
.jpg&w=3840&q=75)


