رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و بەشداریکردن لە بەخاکسپاردن و پرسەی سیناتۆر لیندزی گراهام دەچێتە ئەمریکا. ئەوەش دەبێتە یەکەم دیداری رووبەڕووی هەردوو سەرکردە لە دەستپێکردنی جەنگی ئێران لە شوباتەوە.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی هەینی، 24ی تەممووزی 2026 بڵاویکردەوە، نەتەنیاهوو رۆژی دووشەممە دەچێتە ئەمریکا. بەپێی راگەیێندراوەکە، نەتەنیاهوو رۆژی سێشەممە، 28ی تەممووزی 2026، لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبێتەوە.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، جەنگی نێوان واشنتن و تاران بەردەوامە و ئیسرائیلیش لە ئامادەیی تەواودایە بۆ چوونەوە نێو جەنگ. بڕیارە هەردوو سەرکردە تاوتوێی هاوئاهەنگییە بەرگرییەکان، ستراتیژیی نوێی بەرپەرچدانەوە و دۆخی ئێران بکەن.
هەر لە چوارچێوەی ئەم سەردانەدا، نەتەنیاهوو بەشداری لە رێورەسمی بەخاکسپاردن و پرسەی سیناتۆر لیندزی گراهام دەکات، کە وەک پشتیوانێکی سەرسەختی ئیسرائیل لەنێو پارتی کۆماری ئەمریکا دەناسرا. نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بە کاتی گەڕانەوەی نەتەنیاهوو بۆ تەلئەڤیڤ نەکردووە.
لیندزى گراهام، سیناتۆرى دیارى ئەمریکا رۆژى 20ى تەممووزى 2026 کۆچى دوایی کرد. بڕیارە رێورەسمی بەخاکسپاردنى لە دوو رۆژ، واتە رۆژانى 28 و 29ى تەممووز، لە واشنتن و کارۆلاینای باشوور بەڕێوەبچێت.
رۆژى 28ى تەممووز، تەرمى لیندزى گراهام دەبرێتە باڵەخانەى کۆنگرێسى ئەمریکا بۆ رێزلێنان. دواتر لە کاژێر 2:00ى پاشنیوەڕۆ، مەراسیمێکى ئایینى لە کەنیسەی نیشتمانیى واشنتن بەڕێوەدەچێت، تێیدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا ئامادە دەبێت و گوتارێک پێشکێش دەکات.



