رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەیان ئامانجی گۆڕینی "رژێمی ئێران"ـی نەبووە و تەنیا ویستوویانە چەک و کارگەکانی چەک و تواناکانیان لەنێوببەن.
رۆژی پێنجشەممە، 23ـی تەممووزی 2026، لە کۆبوونەوەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیادا لە فلیپین مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە گۆڕینی حکومەتی ئێران رایگەیاند: "سەرۆک قەت نەیگوتووە ئامانجمان گۆڕینی رژێمە. لە سەرەتاوە، لە یەکەمین رۆژی ئۆپەراسیۆنەکەوە، سەرۆک زۆر بە روونی گوتی کە ئێمە دەمانەوێت مووشەکهاوێژەکانیان لەنێوببەین، درۆنەکانیان، کارگەکانیان و هێزی دەریاییان."
روبیۆ سەبارەت بە پێکانی ئامانجەکانیان لەو جەنگەدا دەڵێت: "ئێستا هێزی دەریاییان نەماوە، هیچ شتێک بە ناوی هێزی دەریایی ئێران نەماوە، ئەوەی کە ماویانە تەنیا چەند بەلەمێکی بۆستن وەیڵەرزن. بەڵام لە راستیدا هێزی دەریاییان نەماوە. هێزی ئاسمانیشیان نەماوە. سیستمی بەرگریی ئاسمانییان تێکشکێنراوە."
سەبارەت بە سەرکردایەتیی ئێستای ئێران روبیۆ ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەوەی کە سەرۆک ئاماژەی پێ کردووە، ئەوە بووە کە خەڵکی ئێران شایستەی سەرکردایەتییەکی باشترن. چونکە ئەمانە خەڵکی خۆیان دەکوژن. بە هەزاران کەس دەکوژن. گوللە لە سەریان دەدەن و لەسەر شەقامەکان دەیانکوژن. بێگومان ئێمە لە دژی ئەمەین. پێمان وانییە ئەمە بۆ ئێران باش بێت. بەڵام ئامانجی ئێمە و بەرژەوەندیی نیشتمانیمان لە ئێران ئەوەیە کە نابێت هەرگیز چەکی ئەتۆمییان هەبێت."
رۆژی 28ـی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن و هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ وەڵامیدانەوە. حوزەیرانی رابردووش ئەمریکا بەشداری لە جەنگی 12 رۆژەی ئیسرائیل لە دژی ئێران کرد و هێرشیکردە سەر سێ بنکەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە.


