رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا 15 ملیۆن دۆلار وەکو پاداشت دەداتە هەر کەسێک زانیاری لەسەر کۆمپانیایەکی ئێرانی بدات کە کەرەستە بۆ بەرنامە مووشەکییەکەی تاران دابین دەکات. هەروەها واشنتن ئامادەیە مافی نیشتەجێبوون لە ئەمریکا بداتە ئەو کەسانەی زانیارییەکان ئاشکرا دەکەن.
بەرنامەی "پاداشت بۆ دادپەروەری" کە سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە، ناوی دوو کارمەندی کۆمپانیای "بێهـ جوول پارس" (BJP)ـی خستە لیستی ئەو کەسانەی ئاشکراکردنی زانیاری لەبارەیانەوە پاداشتی لەسەرە. ئەوانیش بریتین لە بەهرووز درەخشانده، بەڕێوەبەری تەکنیکی و سارا نیعمەتی، بەرپرسی بازرگانی و دابینکردن.
لە راگەیێندراوێکی بەرنامەکەدا هاتووە، ئەم کۆمپانیایە رۆڵێکی گرنگ لە بەرهەمهێنانی مووشەکەکانی ئێراندا دەگێڕێت و یارمەتیی پیشەسازیی چەک دەدات بۆ دەستکەوتنی کەرەستە هەستیارەکان. ئەم هەوڵەی ئەمریکا بەشێکە لە پلانێکی فراوانتر بۆ پەکخستنی ئەو رێگە داراییانەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ چالاکییەکانی بەکاریان دەهێنێت.
بەرنامەی "پاداشت بۆ دادپەروەری" لە ساڵی 1984ـەوە دامەزراوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلاری بە زیاتر لە 125 کەس لە سەرانسەری جیهاندا داوە، زانیارییەکانیان یارمەتیدەر بوون بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا.



