رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گواستنەوەی ئەڵمانیا بە رووداوی رایگەیاند، بەپێی رێککەوتنێکی نوێی نێوان سووریا و ئەڵمانیا، گواستنەوەی ئاسمانیی گەشتیاری و کاڵا لە 27ـی تەممووزی 2026ـەوە لە نێوان هەردوو وڵاتدا ئاسایی دەبێتەوە. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی باشتربوونی دۆخی ئەمنیی ئاسمانی لە سووریا، قەدەخەی نیشتنەوە لە هەمان رۆژدا لادەبرێت و بڕیاری دەستپێکردنەوەی گەشتەکان لەسەر داخوازیی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی دەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی تەممووزی 2026، گوتەبێژێکی وەزارەتی گواستنەوەی ئەڵمانیا وردەکاریی رێککەوتنی گواستنەوەی ئاسمانیی بۆ کەهی مەحموود، هەواڵسازی تۆڕی میدیایی رووداو ئاشکرا کرد کە لە 23ـی تەممووزدا لە دیمەشق لە نێوان بەرپرسانی سووریا و باڵیۆزی ئەڵمانیا واژۆ کرابوو.
گوتەبێژی وەزارەتەکە گوتی: "پەیماننامەی گواستنەوەی ئاسمانی جیا لە پێناسەکان، رێنماییەکانی وەک مافی گواستنەوە، پابەندبوون بە یاساکان، رێسا و رێبازەکان، باج و رسوومات و لایەنە کۆمەڵایەتی و کارەکان لەخۆ دەگرێت."
کەی و بە چ شێوەیەک گەشتە ئاسمانییەکان دەستپێدەکەن؟
وەزارەتەکە ئاشکرای کرد: بۆ گواستنەوەی ئاسمانی بەپێی یاسای ئێستا، 6 شوێن (فڕۆکەخانە) لە سووریا و ئەڵمانیا بەکاردەهێنرێن، کە دیمەشق و بەرلینیشیان تێدایە. گوتەبێژەکە هەروەها گوتی: لە داهاتوودا، واتە لە 27ـی تەممووزەوە، کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی خۆیان بڕیار لەسەر رێکخستن و هەڵبژاردنی شار و فڕۆکەخانەکانی ئەڵمانیا و سووریا دەدەن.
بەپێی وەزارەتەکە، دۆخی ئەمنیی سووریا گەیشتووەتە ئاستێک کە چیدیکە پێویستی بە قەدەخەی گشتیی دەوڵەت نییە، بەڵکو بڕیارەکە بۆ کۆمپانیا ئاسمانییەکان جێهێڵدراوە تاوەکو بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی خۆیان هەنگاو بنێن.
گوتەبێژی وەزارەتەکە گوتیشی: "وەزارەتی گواستنەوە (BMV) بە نیازە قەدەخەی نیشتنەوەی ئێستا (ئاستی مەترسیی 3) لە سووریا بۆ ئەو فڕۆکانەی بە ناوی ئەڵمانیاوە تۆمار کراون، لە 27ـی تەممووزی 2026ـدا کۆتایی پێبهێنێت. لە بری ئەوە، رێنماییەکی فڕۆکەوانی لە ئاستی مەترسیی 2ـەمیندا وەک 'پێشنیازی نەچوون' بۆ گەشتەکانی ژێر FL260 (نزیکەی 8.5 کم) بڵاودەکرێتەوە."
وەزارەتی گواستنەوەی ئەڵمانیا هەروەها ئاشکرای کرد: بەرلین بۆ گواستنەوەی ئاسمانی و بونیاتنانی ژێرخانی فڕۆکەوانی، هیچ هاوکارییەکی دارایی ناداتە سووریا. ئەم هەنگاوە نوێیە وەک نیشانەیەک بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە دەبینرێت و چاوەڕوان دەکرێت پەیوەندییە بازرگانی و گەشتیارییەکان بگەنە لووتکە.



