رووداو دیجیتاڵ
ئەم هەفتەیە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی سووریا دەکات و گوتەبێژەکەشی رایدەگەیێنێت، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز دەیەوێت گوێ لە دەنگی پێکهاتە و لایەنە جیاوازەکان بگرێت.
ستێفان دووژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی پێنجشەممە، 23ی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەرنامەی سەردانەکەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز بۆ سووریا هێشتا بە تەواوی دانەڕێژراوە، بەڵام ئامانجی ئەوەیە لەو ماوە کورتەی لە دیمەشق دەبێت، چاوی بە زۆرترین دەنگی جیاوازی سووریا بکەوێت.
سەبارەت بە ئەگەری دیداری سکرتێری گشتی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، دووژاریک گوتی: "پێم وایە کاتێک گەیشتە ئەوێ روونتر دەزانین چاوی بە کێ دەکەوێت. سکرتێری گشتی دەیەوێت لە دیمەشق و دەوروبەری دیمەشق بێت، جگە لەو سەردانە مەیدانییەی بۆ بنکەی هێزەکانی چاودێریی کشانەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDOF) ئەنجامی دەدات."
گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو لەبارەی پشتگیریکردنی مافی کورد بۆ خوێندن بە زمانی دایک، ئاماژەی بەوە دا، نەتەوە یەکگرتووەکان بە تووندی باوەڕی بە گرنگیی فرەیی زمانەوانی هەیە. دووژاریک گوتی: "لەو وڵاتانەدا کە کەمینەی گەورەیان تێدایە، پێویستە رێز لەو کەمینانە بگیرێت و هەروەها پێویستە هەست بەوە بکەن کە بەشێکن لە تەواوی وڵات."
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە، سووریا لە دوای گۆڕانی دەسەڵات لە دیمەشق بە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت. نەتەوە یەکگرتووەکان لەرێگەی نێوەندگیریی نێودەوڵەتییەوە هەوڵ دەدات هاوسەنگییەک لەنێوان لایەنە ناکۆکەکان و پاراستنی مافی پێکهاتەکاندا دروستبکات، لە کاتێکدا گوشارەکان بۆ دانوستاندنی سیاسی لەنێوان ئیدارەی نوێی دیمەشق و لایەنە کوردییەکان لەسەر ئایندەی وڵاتەکە بەردەوامن.



