رووداو دیجیتاڵ ململانێکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رۆژی چوارشەممە بەرەو قۆناخێکی مەترسیدار چوون؛ ئەوەش دوای ئەوەی حووسییەکانی یەمەن، کە وەک بریکاری ئێران دەبینرێن، هەڕەشەی داخستنی تەنگەی بابولمەندەبیان کرد. ئەم هەنگاوە لە خراپترین کاتدا بۆ بازاڕی نەوت دێت، چونکە ئەم رێڕۆیە وەک تاکە شاڕێی جێگرەوەی تەنگەی هورمز بەکاردەهات کە ئێستا جووڵەی کەشتییەکان تێیدا بە شێوەیەکی بەرچاو خاو بووەتەوە. هەرچەندە تاوەکو ئێستا حووسییەکان بە تەواوی گەمارۆکەیان نەسەپاندووە، بەڵام تەنیا هەڕەشەکەیان وایکردووە چەندین کەشتیی نەوتهەڵگر گەشتەکانیان بەرەو باشووری دەریای سوور هەڵوەشێننەوە. گەمارۆدانی بابولمەندەب بەرەیەکی نوێ لە جەنگی ئێران دەکاتەوە و ئەگەری دەستوەردانی سەربازیی ئەمریکا هەیە دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی ئەو خۆی پرسی حوسییەکان چارەسەر دەکات، ئەمەش توانای واشنتن بۆ پاراستنی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز لاواز دەکات. بەرزبوونەوەی نرخەکان و تەنگەی بابولمەندەب لەوەتەی جەنگ دەستیپێکردووەتەوە، نرخی هەر بەرمیلێک نەوت زیاتر لە 20 دۆلار بەرزبووەتەوە و رۆژی چوارشەممە بۆ یەکەمجار لە دوای سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە، ئاستی 95 دۆلاری تێپەڕاند. تەنگەی بابولمەندەب کە تەنیا 14 میل پانە (نزیکەی 40٪ لە هورمز تەسکترە)، خاڵێکی یەکجار هەستیارە بۆ ئابووریی جیهان. پێش جەنگ، رۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕی، بەڵام لە مانگی رابردوودا رۆژانە نزیکەی 6.2 ملیۆن بەرمیل نەوت لە بابولمەندەبەوە گواستراوەتەوە. سعودیە بۆ دەربازبوون لە ئاڵۆزییەکانی هورمز، رۆژانە 4 بۆ 5 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە رێگەی بۆریی "رۆژهەڵات-رۆژئاوا"وە بۆ بەندەری "یەنبووع" لەسەر دەریای سوور گواستووەتەوە. هەلیما کرۆفت، پسپۆڕی ستراتیژیی جیهانی دەڵێت: "ئەگەر ئەم رێگەیەش پەکیکەوت، ئەوا باس لە دۆخێکی 'بێ دەربازبوون' دەکەین." دان پیکێرینگ، بەرپرسی وەبەرهێنان لە کۆمپانیای پیکێرینگ، پێشبینی دەکات کە گەمارۆدانی بابولمەندەب نرخی نەوت 5 بۆ 10 دۆلاری دیکە بەرز بکاتەوە و ئاستی 100 دۆلار تێپەڕێنێت. گەورەترین زیانمەندەکان؛ ئاسیا و ئەورووپا ئەگەر کەشتییەکان نەتوانن بەرەو باشوور بڕۆن، تەنیا رێگەیان بەرەو باکوور و لە رێگەی کەناڵی سوێس دەبێت بۆ دەریای ناوەڕاست، بەڵام ئەمە رێگەیەکی گونجاو نییە بۆ گەیاندنی نەوتی سعودیە بە کڕیارە سەرەکییەکانی لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا. رۆژانە 2.5 بۆ 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی سعودیە لە رێگەی بابولمەندەبەوە بەرەو ئاسیا دەچێت. ئەوروپاش زیانمەند دەبێت؛ چونکە سعودیە رۆژانە 230,000 بەرمیل گاز لە پاڵاوگەکانی نزیک یەمەنەوە بەرەو ئەوروپا دەنێرێت. نرخی گاز لە دوو هەفتەی رابردوودا بە رێژەی 40 سەنت بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەتەوە، ئەوەش بەهۆی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هێرشی درۆنەکانی ئۆکراینا بۆ سەر پاڵاوگەکانی رووسیا. هەڕەشەکان بوونەتە کردار حووسییەکان رۆژی سێشەممە هۆشدارییان دایە کەشتییەکانی سعودیە کە لە دەریای سوور دوور بکەونەوە. بەپێی داتاکانی "ویندوارد ئینتێڵێجێنس"، پێنج نەوتهەڵگر دوای ئەم هۆشدارییە گەڕاونەتەوە. بەڕێوەبەرێکی کۆمپانیایەکی جیهانی بە (CNN)ی راگەیاندووە کەشتییەکی پڕ لە نەوت کە بەرەو چین دەڕۆیشت، لەسەر سنووری ئاوی یەمەن بەهۆی هەڕەشەکانەوە گەڕاوەتەوە. هەڵوێستی ترەمپ و دۆخی هورمز دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی سێشەممە، لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان رایگەیاند؛ ئەگەر حووسییەکان هەنگاوی کرداری بنێن بۆ داخستنی بابولمەندەب، سوپای ئەمریکا دەستوەردان دەکات. ترەمپ گوتی: "پێشتریش ئەوەمان لەگەڵ حووسییەکان کردووە و بۆ ماوەیەک دەنگمان لێیان نەبیست؛ ئەگەر شتێکی وا رووبدات، دەبێت ئەرکی خۆمان جێبەجێ بکەین." بەڵام کێشەکە لێرەدایە کە هێزی دەریایی ئەمریکا ئێستا سەرقاڵی گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێرانە و هەوڵدەدات کۆمپانیاکان قایل بکات بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕ بن. لە چەند رۆژی رابردوودا ئێران هێرشی کردووەتە سەر چەندین نەوتهەڵگر، ئەمەش وایکردووە هاتووچۆ لە تەنگەی هورمزدا بۆ چەند کەشتییەکی کەم دابەزێت، لە کاتێکدا مانگی رابردوو رۆژانە 50 بۆ 70 کەشتی تێدەپەڕین. ئەگەر سوپای ئەمریکا ناچار بێت لە بەرەیەکی نوێدا بجەنگێت، تواناکانی بۆ پاراستنی رێڕەوەکانی وزە رووبەڕووی گوشارێکی بێوێنە دەبنەوە.