رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، کە لە چەند مانگی رابردوودا، ژمارەیەک پلانی هێرشکردنە سەر دامەزراوە و کەسایەتییەکانی ئەو وڵاتە پووچەڵ کراونەتەوە و مەترسیی ئەنجامدانی هێرشەکان زیادی کردووە. هەروەها ئاشکرای کرد کە بەپێی بڕیارەکانی وەزیری ناوخۆ، دەسەڵاتی زیاتر بە دامەزراوە ئەمنییەکان دەدرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا، رۆژی دووشەممە 20ی تەممووزی 2026، لەبارەی هەڵسەنگاندنە ئەمنییەکانی ئەلیکساندەر دۆبریندت، وەزیری ناوخۆی فیدراڵ، وەڵامی پرسیارەکانی رووداوی دایەوە.
گوتەبێژەکە گوتی: "ئەلیکساندەر دۆبریندت، وەزیری ناوخۆی فیدراڵ، لە دوایین کۆنفرانسی وەزیرانی ناوخۆدا ئاشکرای کردبوو، کە پرۆسەی زانیاری و روونکردنەوەکانی پۆلیس و دەزگا هەواڵگرییەکان نیشانی دەدەن، کە ئیتر دۆخەکە تەنیا مەترسییەکی تیۆری نییە."
ئەگەری هەیە هەر ساتێک هێرشێک رووبدات
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆ، پووچەڵکردنەوەی چەندین هێرش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنێکی نوێ بۆ بارودۆخی ئەمنیی ئەڵمانیا بکرێت.
وەزارەتی ناوخۆ بە رووداوی گوت: "ئەمە بەو واتایەیە کە ئێمە لە ژێر ئاستێکی بەرچاوی مەترسیداین. هەرچەندە ئامادەکارییەکی راستەوخۆ بۆ هێرشکردن پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام دەبێت هەمیشە مەترسیی هێرشەکان لەبەرچاو بگیرێت."
ئەو گوتەبێژە هەروەها پشتڕاستی کردەوە، کە بەپێی بڕیاری وەزیر ئەلیکساندەر دۆبریندت، دەسەڵاتەکانی دامەزراوە ئەمنییەکان فراوانتر دەکرێن. بە گوتەی ئەو، ئەرکی سەرەکیی هەواڵگریی ناوخۆ (BfV) وەک ئاشکراکردنی هەڕەشەکان دژی بنەما دەستوورییەکان دەمێنێتەوە، بەڵام لە کاتی هەبوونی هەڕەشەی گەورەدا دەسەڵاتەکانی زیاتر دەکرێن.
گوتەبێژەکە جەختی کردەوە: "ئەگەر BfV لە کاتی کارەکانیدا دەرفەتی دەستوەردانی بۆ پووچەڵکردنەوەی مەترسییەک بۆ بڕەخسێت و هیچ دەزگایەکی دیکە توانای ئەوەی نەبێت، ئەوا دەبێت لە چوارچێوەیەکی تەسکدا ئەم بۆشاییە ئەمنییە لە داهاتوودا پڕ بکرێتەوە."
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ دووپاتی کردەوە، کە ئەم هەنگاوە بە واتای نەهێشتنی جیاوازیی نێوان دەزگا هەواڵگرییەکان و پۆلیس نییە، بەڵکو ئەرکی هەواڵگری تەنیا بۆ بارودۆخی تایبەت و بە رێکاری سنووردار، وەک تەواوکەری کارەکانی دیکە فراوان دەکرێت.



