رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی سەربازیی ئەڵمانیا رایگەیاند، فیرقەی بەرگریی نیشتمانیی وڵاتەکەی لە ئاستی ئێستایدا توانای بەرگرییەکی درێژخایەنی نییە، بۆیە بڕیاردراوە تاوەکو ساڵی 2035 ژمارەی سەربازەکانی بۆ زیاتر لە دوو هێندە زیاد بکرێت و بگەیێندرێتە سەروو 10 هەزار سەرباز.
جەنەراڵ ماژۆر ئەندریاس هێنێ، کە بڕیارە لە 20ی تەممووزی 2026 ئەرکی فەرماندەیی ئەو
فیرقەیە بگرێتە ئەستۆ، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەڵمانی رایگەیاند: "لەو بڕوایەدا نیم ژمارەی ئێستای هێزەکانمان بۆ بەرگرییەکی درێژخایەن بەس بێت، بۆیە کار دەکەین بۆ زیادکردنی ژمارەیان."
بەگوێرەی زانیارییەکانی سوپای ئەڵمانیا، ئێستا ئەو فیرقەیە لە 4 هەزار و 790 سەربازی چالاک و یەدەگ پێکهاتووە. ئەندریاس هێنێ ئاماژەی بەوە کرد: "ئێستا ئامانجمان گەیشتنە بە 6 هەزار و 500 سەرباز، بەڵام پلانمان هەیە تاوەکو ساڵی 2035 ئەم ژمارەیە بگەیەنینە زیاتر لە 10 هەزار سەرباز، بەمەش فیرقەکە دوو هێندە لەوەی ئێستا بەهێزتر دەبێت."
پاراستنی ژێرخان و ناوەندی لۆجستیی ناتۆ
سوپای ئەڵمانیا لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا روونیکردووەتەوە، ئەرکی سەرەکیی فیرقەی بەرگریی نیشتمانی پاراستنی ژێرخانە هەستیارەکانی وەک بەندەرەکان، فڕۆکەخانەکان، پردەکان، هێڵە ئاسنینەکان و وێستگەکانی وزەیە.
جگە لە پاراستنی ناوخۆیی، ئەرکێکی دیکەی ئەم هێزە ئەوەیە کە دڵنیایی بدات لەوەی ئەڵمانیا وەک "ناوەندی لۆجستیی ناتۆ" لە ئەوروپا، بتوانێت ئەرکەکانی خۆی بەبێ کێشە و بەشێوەیەکی رێکخراو جێبەجێ بکات.
خەرجییە سەربازییەکان بە رێژەی 25% زیاد دەکەن
زیادکردنی ژمارەی سەربازەکان لەکاتێکدایە کە حکومەتی ئەڵمانیا بڕیاری داوە خەرجییە سەربازییەکانی بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرز بکاتەوە. بەگوێرەی ئامارەکانی ناتۆ، بەرلین لە ساڵی 2026دا بڕی 124.7 ملیار یۆرۆ بۆ کەرتی بەرگری تەرخان دەکات.
ئەم بڕە پارەیە بەراورد بە ساڵی 2025، بە رێژەی 25.5% زیادبوونی بەخۆوە بینیوە. بەمەش خەرجیی بەرگریی ئەڵمانیا دەگاتە 2.69%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی (BIP)ی وڵاتەکە، کە ئەمەش بازدانێکی گەورەیە لە مێژووی سەربازیی نوێی ئەو وڵاتەدا.



