رووداو دیجیتاڵ
سیناتۆرێکی دیاری دیموکراتەکانی ئەمریکا، رەخنەی تووند لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەگرێت لەسەر هەڵگیرساندنی "شەڕێکی ئارەزوومەندانە" لەگەڵ ئێران و دەڵێ، سەرەڕای کوژرانی لانیکەم 16 سەربازی ئەمریکی و خەرجکردنی ملیۆنان دۆلار، ئەمریکا هیچ یەکێک لە ئامانجەکانی لەو شەڕەدا نەپێکاوە.
سیناتۆر مارک وارنەر، نوێنەری دیموکراتەکان لە ویلایەتی ڤێرجینیا و ئەندامی (گرووپی هەشت) کە پێکهاتووە لە هەشت سەرکردەی باڵای کۆنگرێس و زانیارییە هەواڵگرییە زۆر نهێنییەکانیان پێدەدرێت، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (Face The Nation) لە کەناڵی CBSـی ئەمریکی، رەخنەی تووندی لە ئیدارەی ترەمپ گرت.
وارنەر لەسەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بە کوژرانی سەربازەکانی ئەمریکا لە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێراندا کرد و گوتی: "بەداخەوە تاوەکو ئێستا 16 سەربازمان کوژراون و سەدان سەربازیشمان بەسەختی بریندار بوون، ئەمەش ئەنجامی هەڵگیرساندنی شەڕێکی ئارەزوومەندانە و بێ پلانە."
وارنەر دەڵێ، پێش دەستپێکردنی شەڕەکە، "هیچ هەڕەشەیەکی دەستبەجێ و چاوەڕوانکراو لەلایەن ئێرانەوە لەسەر ئەمریکا نەبووە."
سەبارەت بە شکستی ئامانجەکانی ئەمریکاش لە شەڕەکەدا، ئەو سیناتۆرە چوار خاڵی سەرەکی خستەڕوو:
یەکەم، گۆڕینی دەسەڵات: وارنەر دەڵێت، ئەو کەسانەی ئێستا لەدوای جەنگەکەوە لە ئێران دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست، "زۆر خراپترن لەوانەی پێشووتر."
دووەم، دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆم: بەگوتەی ئەو، ئەمریکا هیچ پێشکەوتنێکی لە دۆزینەوە و دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێراندا نەکردووە، چونکە بۆ ئەو کارە "پێویستیمان بە 15 هەزار سەربازە لەسەر زەوی کە بچنە نێو بنکە ژێرزەمینییەکانەوە، ئەمەش کارێکی زۆر قورس و مەترسیدارە و هیچ کەسێک نایەوێت بیکات."
سێیەم، درۆن و مووشەکەکان: وارنەر نیگەرانیی خۆی دەربڕی لە تێچووی زۆری بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئێران و گوتی: "ئێمە مووشەکی 2.5 ملیۆن دۆلاری بەکاردەهێنین بۆ خستنەخوارەوەی درۆنێکی 50 هەزار دۆلاریی ئێران. لە کاتێکدا ئۆکراینا دەتوانێت هەمان کار بە درۆنی 5 هەزار دۆلاری بکات، بەڵام ئەمریکا رەتیکردووەتەوە تەکنەلۆجیای ئۆکراینا لەم بوارەدا وەربگرێت."
چوارەم، داخستنی تەنگەی هورمز: بەهۆی ئەم شەڕەوە و داخستنی تەنگەی هورمز، نرخی بەنزین لە ئەمریکا زۆر بەرزبووەتەوە و وەک وارنەر دەڵێت، "ئێستا نرخی گاڵۆنێک بەنزین بووەتە 4 دۆلار، کە 1.20 دۆلار لە کاتی پێش شەڕەکە گرانترە و هیچ پلانێکیش نییە بۆ ئەوەی بزانین چۆن تەنگەکە بە کراوەیی دەهێڵینەوە."
دەقی پرسیار و وەڵامی مارک وارنەر لەگەڵ کەناڵی CBS:
رۆژنامەڤان (ژن): ئایا هیچ زانیارییەکتان هەیە کە چۆن ئێرانییەکان توانیان ئەو سیستمە بەرگرییانەی ئەمریکا ببەزێنن و هێرش بکەن؟"
مارک وارنەر، سیناتۆری دیموکراتەکان: سەرەتا، پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خێزانی ئەو سەربازانە دەکەم. لە راستیدا زۆر جێگەی سەرسوڕمانە کە قوربانیی زیاترمان نەبووە. ئێمە بەسەدان سەربازمان هەیە کە بەسەختی بریندار بوون، بەڵام پێموایە تاوەکو ئێستا ژمارەی کوژراوەکانمان تەنیا 16 کەسە. مارگرێت، من پێموایە دەرەنجامی هەڵگیرساندنی شەڕێکی ئارەزوومەندانە و بێ پاساو هەر ئەمەیە. من وەک ئەندامێکی (گرووپی هەشت)، دەتوانم زۆر بە دڵنیاییەوە بڵێم کە پێش ئەم شەڕە هیچ هەڕەشەیەکی دەستبەجێ لەلایەن ئێرانەوە لەسەرمان نەبوو. تۆ دێیت و بەبێ هیچ پلانێک شەڕێک هەڵدەگیرسێنیت.
با زۆر بەکورتی سەیری ئەو ئامانجانە بکەین کە ئیدارەی ئەمریکا رایگەیاندبوو؛ بۆ نموونە گۆڕینی رژێمی ئێران، باشە دەبینین ئەو کەسانەی ئێستا لەوێ دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست زۆر لەوانەی پێشووتر خراپترن. سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە، هیچ بەرەوپێشچوونێک لەوەدا نەکراوە، چونکە بۆ ئەو کارە پێویستیمان بە 15 هەزار سەربازە بچنە ئێران. هیچ کەسێکیش ئامادە نییە ئەوە بکات. کەمترین خەمڵاندن ئەوەیە کە 15 هەزار سەربازت پێویستە بۆ ئەوەی بچنە نێو ئەو ژێرزەمینانەوە و دەفرەکانی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە دەربهێنن، کە ئەمەش کارێکی زۆر سەختە و ئێرانییەکانیش لەو کاتەدا تەقەیان لێدەکەن. بۆیە تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ ئەوە نەنراوە.
هەروەها گوتمان توانای مووشەکی و درۆنەکانی ئێران لاواز دەکەین، بەڵام روونە کە لەوەشدا سەرکەوتوو نەبووین. ئەوەی زۆر تووڕەم دەکات ئەوەیە کە ئێمە مووشەکێکی 2.5 ملیۆن دۆلاری بەکاردەهێنین بۆ خستنەخوارەوەی درۆنێکی ئێرانی کە نرخەکەی تەنیا 50 هەزار دۆلارە. لە کاتێکدا وڵاتێکی وەک ئۆکراینا رێگەی دۆزیوەتەوە کە بە هەرزانترین و باشترین شێوە ئەمە بکات و دەتوانن بە درۆنێکی 5 هەزار دۆلاری، درۆنەکانی ئێران بخەنە خوارەوە، کەچی ئێمە رەتمانکردەوە تەکنەلۆجیاکەیان وەربگرین.
لە کۆتاییشدا پرسی تەنگەی هورمز، ئێستا نرخی بەنزین لە ئەمریکا گەڕاوەتەوە بۆ 4 دۆلار. بەلایەنی کەمەوە لە ڤێرجینیا، ئەوە 1.20 دۆلار زیاترە لەو نرخەی کە پێش دەستپێکردنی شەڕەکە هەمانبوو. هەروەها هیچ پلانێکیشمان نییە بۆ ئەوەی بزانین چۆن دەتوانین ئەو تەنگەیە بە کراوەیی بهێڵینەوە."
رۆژنامەڤان (ژن): هێشتا هیچ هەنگاوێک بۆ وەرگرتنی ئەو تەکنەلۆژیایەی درۆنەکان نەنراوە، راست دەکەیت. هەرچەندە سەرۆک ترەمپ گوتی رەنگە پێداچوونەوەی بۆ بکات. بەڵام بۆ ئەوەی تیشک بخەینە سەر خاڵێکی گرنگ؛ لە مانگی ئایاردا، ئەمریکا سزای خستە سەر چەند کۆمپانیایەکی چینی کە یارمەتیی سوپای ئێرانیان دابوو بۆ کڕینی چەک و وەرگرتنی وێنەی مانگە دەستکردەکان. ئایا ئەم پێکانە وردانەی مووشەکەکانی ئێران بۆ سەر بنکەکانمان، ئاماژە نین بۆ ئەوەی کە دوژمنەکانمان یارمەتیی ئێران دەدەن لە دیاریکردنی ئامانجەکانیدا؟"
مارک وارنەر، سیناتۆری دیموکراتەکان: من هیچ راپۆرتێکی هەواڵگریم پێنەدراوە لەسەر ئەوەی کە ئایا یارمەتی بۆ دیاریکردنی ئامانجەکانیان وەردەگرن یان نا. بەڵام ئەوەی دەیزانم ئەوەیە کە لە ماوەی 5 مانگی رابردووی ئەم شەڕە ئارەزوومەندانەیەدا، ئەم بنکانەمان ناوبەناو کەوتوونەتە بەر هێرشی ئەوان.


