وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران تەنگەی هورمز وەک کارتی گوشار لە ململانێکانی ئێستای رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بەکاردێنێت. داواشی لە وڵاتانی دیکە کرد هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی هاتووچۆی کەشتییە نێودەوڵەتییەکان و تووندکردنی گوشارەکان زیاتر بکەن. مارکۆ روبیۆ، رۆژی یەکشەممە 19-07-2026، پێش گەشتەکەی بۆ فلیپین بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا (ئاسیان) بە رۆژنامەڤانانی گوت: "روونە کە ئێران؛ یان لانیکەم هەندێک کەس لە ناو ئەو وڵاتەدا، دەیانەوێ کۆنتڕۆڵی تەنگەکە بکەن و وەک کارتی گوشار دژی جیهان بەکاریبهێنن." وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی هەر کارێک پێویست بێت بۆ پاراستنی بازرگانیی جیهانی، بەڵام گوتیشی: "پێویستە وڵاتانی دیکەش بێنە پێشەوە و چ لە رووی دابینکردنی کەلوپەلی سەربازی یان داراییەوە، هاوکاریی کەمکردنەوەی ئەم بارگرانییە بکەن." دیپلۆماسی و پێشێلکردنی رێککەوتنەکان سەبارەت بە بوونی رێگەیەک بۆ چارەسەری دیپلۆماسی لە نێو ئەم ئاڵۆزییە سەربازییانەدا، مارکۆ روبیۆ گوتی: "پێموایە ئێمە هەمیشە بۆ دیپلۆماسی ئامادەین، بەڵام دەبێ کارێکی راستەقینە بێت؛ دەبێ رێککەوتنێک بێت کە ئەوان ئامادە بن پابەندی بن و جێبەجێی بکەن." وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ناتوانرێت یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بە زیندوویی بمێنێتەوە کاتێک لایەنی بەرامبەر مەرجەکانی پێشێل دەکات. ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە ئاگربەستەکەی نێوان واشنتن و تاران بەهۆی هێرشەکانی سەر کەشتییەکان لە تەنگەی هورمزدا تێکچوو؛ ئەو رێڕەوە ئاوییەی کە پێش جەنگ پێنجیەکی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبوو. روبیۆ لە کۆتایی قسەکانیدا دووپاتی کردەوە: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەمیشە بۆ چارەسەری دیپلۆماسی ئامادەیە. ئێمە چەندین جار لەگەڵ ئێران تاقیمان کردووەتەوە و بەردەوامیش دەبین لە هەوڵەکانمان."