رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای مێتای خاوەنی فەیسبوک، ئینستاگرام و وەتسئەپ، مافی خاوەندارێتیی تەکنەلۆجیایەکی نوێی ژیریی دەستکردی وەرگرتووە کە بەردەوام گوێ لە دەنگت و دەوروبەرەکەت دەگرێت بۆ ئەوەی بزانێت باری دەروونی و هەستەکانت چۆنە!
بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی لە 2ـی تەممووزدا بڵاوکراوەتەوە، ئەم تەکنەلۆجیا نوێیە، کە دەکرێت لە نێو ئامێر و ئەمپەکانی مێتادا جێگیر بکرێت، بەردەوام گوێ لە هەموو قسەکانت، ئاهکێشانەکانت و پێکەنینەکانت دەگرێت و تۆماریان دەکات. دواتر ئەم زانیارییانە تێکەڵ دەکات لەگەڵ شتەکانی دیکەی وەک: چ کاتێکی رۆژە؟ لە کوێیت؟ خەریکی چیت؟
پاشان هەموو ئەمانە دەداتە ژیریی دەستکرد بۆ ئەوەی شییان بکاتەوە و بزانێت تۆ لەو ساتەدا دڵخۆشیت، دڵتەنگیت، یان تووڕەیت.
مێتا لە بەڵگەنامەیەدا دەڵێت، ئامانج لەم کارە ئەوەیە کە یارمەتیی بەکارهێنەران بدات لە کاتی وەرزشکردندا. ئەوان دەڵێن، تەنانەت راهێنەرێکی تایبەتیش ناتوانێت بەو وردییە یارمەتیت بدات و چاودێریی جووڵە و باری دەروونیت بکات کە ئەم تەکنەلۆجیایە دەیکات. بەڵام ئەمە پاساوێکە کە زۆر لە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی تایبەتیی خەڵک بەکاریدەهێنن.
جیاوازیی ئەم سیستمەی مێتا لەگەڵ کاتژمێرە زیرەکەکان ئەوەیە، کاتژمێرەکان تەنیا لێدانی دڵ و جووڵەی جەستەت دەپێون، بەڵام ئەم تەکنەلۆجیایەی مێتا وەک مێشێکی شاراوە وایە؛ گوێ لە هەموو شتێک دەگرێت کە لە ژیانی راستەقینەتدا روودەدات، دەزانێت کەی دەرمانت خواردووە، کەی دڵخۆشیت و کەی دڵتەنگیت و رەنگە ئەم زانیارییانە بە هەموو ئەو زانیارییانەی دیکە ببەستێتەوە کە لە ئینتەرنێتدا لەسەرت کۆکراونەتەوە.
ئەمە پێشتر تاقیکراوەتەوە؟
بەڵێ! لە ساڵی 2020، کۆمپانیای ئەمازۆن هەمان هەوڵیدا و دەستبەندێکی وەرزشیی بە ناوی (Halo Band) دروستکرد کە مایکڕۆفۆنی تێدابوو بۆ شیکردنەوەی تۆنی دەنگی بەکارهێنەران. بەڵام خەڵک زۆر تووڕە بوون و رەخنەیان لێگرت، بۆیە ئەمازۆن لە ساڵی 2021 مایکڕۆفۆنەکەی لێکردەوە و لە ساڵی 2023ـشدا بەتەواوی پرۆژەکەی راگرت.
ئایا بەڕاستی مێتا ئەمە دروست دەکات؟
هێشتا روون نییە. گوتەبێژێکی مێتا رایگەیاندووە وەک هەر کۆمپانیایەکی دیکە، زۆرجار مافی خاوەندارێتی بۆ بیرۆکەیەک وەردەگرن، بەڵام مەرج نییە بیگۆڕن بۆ بەرهەمێکی راستەقینە. بەڵام تەنیا هەبوونی بیرۆکەیەکی لەو شێوەیە، دەریدەخات کە مێتا دەیەوێت سنووری نێوان ژیانی ئینتەرنێت و ژیانی راستەقینەی خەڵک بەتەواوی بسڕێتەوە و زیاتر بچێتە نێو ژیانی تایبەتیی بەکارهێنەرانەوە.

