رووداو دیجیتاڵ
رادیۆی یەریڤان، کە نزیکەی 80 ساڵە لە ئەرمینیاوە پەخشی کوردی دەکات و وەک بەشێک لە مێژووی میدیای کوردی چاوی لێ دەکرێت، ئێستا لەژێر گوشاری سیاسییدا پەخشەکەی بۆ نیو کاژێر کەمکراوەتەوە و زمانەکەشی بەسەر 'کوردی و ئێزدی'ـدا دابەشکراوە.
یەریڤان، پایتەختی ئەرمینیا، نزیکەی 80 ساڵە پەخشی کوردیی لێ دەکرێت کە بە "رادیۆی رەوان" ناسراوە، بەڵام 10 ساڵە پەخشێکی دیکە بە ناوی "زمانی ئێزدی" بۆ زیاد کراوە، لە کاتێکدا شارەزایان دەڵێن هەردووکیان یەک زمانن.
بەڕێوەبەری بەشی پەخشی زمانە بیانییەکانی رادیۆی ئەرمینیا، هاملێت ماتێڤۆسیان، بە رووداوی راگەیاند، هۆکاری دابەشکردنی پەخشی کوردی بۆ سەر زمانی کوردی و ئێزدی نازانێت و ئەوە پێش هاتنی ئەو کراوە.
مێژووی پەخشی کوردی لە رادیۆی یەریڤان بۆ ساڵی 1930 دەگەڕێتەوە، بەڵام لە ساڵی 1937 راگیرا و لە ساڵی 1955 دەستی پێکردەوە.
تیتالێ کەرەم، بەڕێوەبەر و پێشکێشکاری پەخشی کوردیی رادیۆی ئەرمینیا بە رووداوی گوت، "تاوەکو کۆتایی سۆڤیەت، هەموو رۆژێک کاژێر و نیوێک پەخش هەبوو، بەڵام لە ساڵانی 2000ـەوە بۆ کەمکردنەوەی خەرجی، وردە وردە کەمکرایەوە و ئێستا رۆژانە تەنیا نیو کاژێرە."
دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت، پەخشی کوردی گرنگیی خۆی لەدەستدا و بەهۆی نەدانی مووچە، زۆربەی کارمەندە کوردەکان ئەرمینیایان بەجێهێشت.
بە گوتەی تیتالێ کەرەم، ئێستا تەنیا سێ کارمەند ماونەتەوە و بەهۆی زۆربوونی رادیۆ و تەلەڤیزیۆنی کوردی، گوێگریان وەک جاران نەماوە.
لە ئەرمینیا ئەرمەنیی کاسۆلیک هەن کە پێیان دەگوترێت 'فرانک'، بەڵام دەسەڵاتداران پەخش بە 'زمانی فرانک' ناکەنەوە و ئەم سیاسەتە 'تەنیا بەسەر کورددا' سەپێندراوە.
