شارەوانیی میونشن رایگەیاند، بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی و رووبارەکان بە بڕیارێکی گشتی لە 1ی ئابەوە قەدەخە کراوە. بەپێی بڕیارەکە، شوشتنی ئۆتۆمبێل، ئاودانی باخچەکان و بەکارهێنانی ئاوی چەم و دەریاچەکان قەدەخەیە. شارەوانی هۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ زیادبوونی بەکارهێنانی ئاو لە شارەکە و گۆڕانی کەشوهەوا گەڕاندەوە. رۆژی هەینی، 17ی تەممووزی 2026، بەرپرسێکی راگەیاندنی بەشی کەشوهەوا و پاراستنی ژینگەی شاری میونشن، کە پایتەختی هەرێمی بایرنە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دابینکردنی ئاوی شارەکە رووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە، چونکە پێشبینی دەکرێت شەپۆلەکانی گەرما و وشکەساڵی درێژخایەن بن. بە گوتەی ئەو بەرپرسە، زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاو، بووەتە هۆی کەمبوونی ئاوی خواردنەوە و ئاوی گشتی. ئاماژەی بەوە کرد، بەم دواییانە بەکارهێنانی ئاو لە یەک رۆژدا گەیشتووەتە 360 ملیۆن لیتر، لە کاتێکدا بڕی ئاسایی بە گشتی نزیکەی 300 ملیۆن لیترە. ئەو بەرپرسەی شارەوانی میونشن گوتی: "بەم بڕیارە، شوشتنی ئۆتۆمبێل لە دەرەوەی وێستگەکانی شوشتن، ئاودانی باخچەکان و راکێشانی ئاو لە دەریاچە، رووبار و جۆگەکان قەدەخەیە." هەروەها جەختی کردەوە کە بارانبارین هیچ کاریگەرییەکی لەسەر باشترکردنی دۆخی ئاو نەبووە. ئاستی ئاو دابەزیوە بەگوێرەی راپۆرتی دەزگای ژینگەی هەرێمیی بایەرن (LfU) لە 10ی تەممووزدا، ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە 77%ی ناوچەکەدا لە ئاستی "کەم یان زۆر کەم" دایە. بەتایبەتی لە باشووری شارەکە، لە هەفتەکانی رابردوودا ئاو گەیشتووەتە نزمترین ئاست. شارەوانیی میونشن ئاماژە بەوەش دەکات، بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشوهەوا، چاوەڕوان دەکرێت شەپۆلێکی دیکەی گەرما و وشکەساڵی دەست پێ بکات، بۆیە کێشەی کەمئاوی قورستر دەبێت. دۆمینیک کراوز، سەرۆکی شارەوانیی میونشن، هەردوو دامەزراوەی RKU و SWMی راسپاردووە ستراتیژییەکی نوێی ئاو ئامادە بکەن، تاوەکو دابینکردنی ئاوی شاری میونشن لە بەرانبەر گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و شەپۆلەکانی وشکەساڵی بە شێوەیەکی بەردەوام مسۆگەر بکرێت.
جیهان17-07-2026وەزیری وزەی ئەمریکا بۆ رووداو: دەمانەوێت وەبەرهێنانەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان زیاتر بن
جیهان17-07-2026نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی هێرشی درۆنی بۆسەر هەولێر: هەوڵی بەپەلە بدرێ بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان