رووداو دیجیتاڵ
جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی هێرشی درۆنی بۆسەر هەولێر وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە و دەڵێت، "داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین کە بەرزترین ئاستی خۆڕاگری بنوێنن، و دووربکەونەوە لەو جۆرە کارانەی دەبنە هۆی زیاتر تێکدانی دۆخەکە، داواش دەکەین هەوڵی بەپەلە بدەن بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان."
فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سکرتێری گشتی چەندین جار رایگەیاندووە کە نابێت ئێران هێرش بکاتە سەر هیچ کام لە وڵاتانی دراوسێ، وەک دەشزانن، ئەو لە رابردوودا سەرکۆنەی ئەمەی کردووە. ئێمە نیگەرانین لە هەر گرژییەکی زیاتر کە مەترسیی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی لێبکەوێتەوە لە ناوچەیەکدا کە خۆی لە خۆیدا ناسەقامگیرە."
پرسیاری رووداو و وەڵامی فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان:
رووداو: سوپاس، فەرحان! چەندین هێرشی درۆنی لەلایەن ئێران و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێرانەوە هەرێمی کوردستانی عێراقیان کردە ئامانج. چەندین شار کرانە ئامانج. ئایا پاساو بۆ ئەمە هەیە؟ هەڵوێستی سکرتێری گشتی چییە؟ بۆچی سکرتێری گشتی پەیامێکی روون بۆ حکومەتی ئێران نانێرێت تاوەکو وڵاتانی دراوسێ نەکاتە ئامانج لەبەر ئەو هێرشانەی کە ئەمریکا دژی ئێران ئەنجامیان دەدات؟
فەرحان حەق: سکرتێری گشتی چەندین جار رایگەیاندووە کە نابێت ئێران هێرش بکاتە سەر هیچ کام لە وڵاتانی دراوسێ، وەک دەشزانن، ئەو لە رابردوودا سەرکۆنەی ئەمەی کردووە. ئێمە نیگەرانین لە هەر گرژییەکی زیاتر کە مەترسیی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی لێبکەوێتەوە لە ناوچەیەکدا کە خۆی لە خۆیدا ناسەقامگیرە، بێگومان بەردەوامین لە داواکردن لە هەموو لایەنەکان کە بەرزترین ئاستی خۆڕاگری بنوێنن، و دووربکەونەوە لەو جۆرە کارانەی دەبنە هۆی زیاتر تێکدانی دۆخەکە، داواش دەکەین هەوڵی بەپەلە بدەن بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان.



