رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی دژەتیرۆری بەریتانیا پیاوێکی تەمەن 39 ساڵانی بە تۆمەتی هاوکاریکردنی دەزگەی هەواڵگریی ئێران تۆمەتبار کرد. تۆمەتبارەکە کە دانیشتووی شاری لیڤەرپوولە، بڕیارە ئەمڕۆ لەبەردەم دادگەی وێستمینستەر لە لەندەن ئامادە بێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی پۆلیسی بەریتانیا، تۆمەتبارەکە ناوی واحید ئەبەرییە و رۆژی چوارشەممە لە شاری بێرمینگام دەستگیرکراوە. پۆلیس ئاماژەی بەوە کردووە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا، پشکنینی وردیان بۆ چەند ماڵێک لە شارەکانی بێرمینگام و لیڤەرپوول کردووە تاوەکو بەڵگەی پێویست کۆبکەنەوە.
تێکدانی چالاکییە هەواڵگرییەکان
ئەبەری لەژێر یاسای ئاسایشی نیشتمانیی ساڵی 2023 تۆمەتبار کراوە. هێلین فلانگان، فەرماندەی پۆلیسی دژەتیرۆری لەندەن رایگەیاند، لە ساڵانی دواییدا کارەکانیان لەبارەی لێکۆڵینەوەی ئاسایشی نیشتمانی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. فلانگان گوتی: "ئەم کەیسە نموونەیەکی دیکەیە لە هەوڵەکانمان بۆ تێکدانی ئەو چالاکییانەی پەیوەندییان بە دەزگە هەواڵگرییە بیانییەکانەوە هەیە."
فەرماندەکەی پۆلیس دڵنیایی دایە هاووڵاتییان و جەختی کردەوە هیچ مەترسییەکی راستەوخۆ لەسەر خەڵک یان هیچ کەسایەتییەک نییە.
پەیوەندییەکانی نێوان لەندەن و تاران لەم ساڵانەی دواییدا بە قۆناخێکی زۆر ئاڵۆزدا تێدەپەڕن، بەتایبەتی دوای دەستپێکردنەوەی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لە 28-02-2026.
بەریتانیا چەندین جار ئێرانی بە کردنی چالاکیی "دوژمنکارانە" لەسەر خاکەکەی تۆمەتبار کردووە، ئەمەش گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر دەزگە ئەمنییەکان بۆ چاودێریکردنی وردی ئەو کەسانەی گومانی پەیوەندییان بە تارانەوە لێ دەکرێت.
پار حکومەتی بەریتانیا یاسای ئاسایشی نیشتمانیی نوێی پەسند کرد تاوەکو دەسەڵاتی زیاتر بداتە پۆلیس بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیخوڕیی بیانی.



