رووداو دیجیتاڵ ئاندی بێرنهام، سیاسەتڤانی دێرینی بەریتانی بەفەرمی وەک سەرۆکی نوێی پارتی کاری دەسەڵاتدار هەڵبژێردرا و بڕیارە ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی بەریتانیا؛ بێرنهام بەڵێن دەدات گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە کولتووری سیاسیی وڵاتەکەیدا بکات. رۆژی هەینی، 17ـی تەممووزی 2026، شەبانە مەحموود، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، لە کۆنفرانسێکی تایبەتی پارتەکەدا سەرکەوتنی بێرنهامی راگەیاند و گوتی: "بەهۆی ئەوەی هیچ بەربژێرێکی دیکەی شایستە نەبوو، شانازییە بۆ من کە ئاندی بێرنهام وەک سەرۆکی هەڵبژێردراوی پارتی کرێکاران بناسێنم." بێرنهام لە گوتاری وەرگرتنی پۆستەکەیدا، هێرشی کردە سەر میراتی سیاسیی 40 ساڵی رابردووی بەریتانیا و رایگەیاند، حکومەتەکەی کاری لەپێشینە بۆ پارتی کار دەکات. بێرنهام ئاماژەی بەوە کرد، بەریتانیا لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا و لەژێر سایەی مارگرێت تاتچەردا "ئاراستەی هەڵەی گرتەبەر"، کە بووە هۆی چەقگرتنی دەسەڵاتی سیاسی و تایبەتکردنی دەسەڵاتی ئابووری. بێرنهام بەڵێنی دا، پارتی کار بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە پێشتر لای پارتەکە فەرامۆش کرابوون. لە رووی ناوخۆییەوە، سەرۆکی نوێی پارتەکە جەختی لە کۆتاییهێنان بە "کولتووری شاردنەوە" لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا کردەوە و ستایشی کییەر ستامەری کرد بۆ کارکردن لەسەر "یاسای هیڵزبۆرۆ" کە بەرپرسان ناچار دەکات بە شەفافیەت مامەڵە بکەن. گوتیشی، حکومەتەکەی بوێری دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە گەورەکانی وەک چاودێریی کۆمەڵایەتی و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قوربانییانی سکانداڵە نیشتمانییەکانی وەک تاوەری گرێنفێڵ. پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بێرنهام باسی لە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد و رایگەیاند، بە شێوەیەکی "زۆر راشکاو و رووبەڕوو" لەگەڵیدا دەدوێت. بێرنهام گوتی: "پێم خۆشە وا بیر بکەمەوە کە خۆم خاوەن کەسایەتییەکم و بە شێوەیەکی زۆر راشکاو مامەڵەی لەگەڵ دەکەم... لەو شوێنەی لێیەتی دەیبینم،" تەنانەت ئەگەر لەسەر زۆر پرسی وەکو پرسی جەنگی ئێرانیش ناکۆک بین. لە کەرتی ئابووریدا، بێرنهام رایگەیاند، باجی سەر داهات زیاد ناکات، بەڵام دەروازەی بۆ سەپاندنی باجی سەر سەرمایە بە کراوەیی هێشتەوە و گوتی: "لە قۆناخێکدا رەنگە ناچار بین داوای کەمێک زیاتر بکەین،" تاوەکو بودجەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان دابین بکرێت. ئاندی بێرنهام، رۆژی دووشەممە بەفەرمی دەبێتە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا. پێشتر، وەک وەزیری تەندروستی و شارەوانیی مانچستەری گەورە کاریکردووە، لە کاتێکی هەستیاردا دەسەڵاتی بەریتانیا دەگرێتە دەست؛ وڵاتەکە لەلایەکەوە بەدەست کاریگەرییەکانی جەنگی ئێران و ئەمریکا و گرانیی سووتەمەنییەوە دەناڵێنێت، لەلایەکی دیکەشەوە لەبەردەم گۆڕانکاریی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدایە.