رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رۆژی هەینی 17ی تەممووزی 2026، لە گوتارێکدا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە هەموو کاتیک ئارامتر و بەهێزتر و دەوڵەمەندترە. لە گوتارەکەدا کۆمەڵێک "بەڵگەی نهێنی" لەبارەی دەستوەردانی چین لە هەڵبژاردنەکان و دۆخی ئابووری و سەربازیی وڵاتەکەی ئاشکرا کرد.
سەرکەوتنی ئابووری و کەمکردنەوەی باج
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئیدارەکەی توانیویەتی رووبەڕووی کارەساتێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی ببێتەوە کە لە ئیدارەی پێشوو بۆی مابووەوە. ئەو گوتی: "ئیمە باشترین دابەزینی هەڵاوسانمان لە ماوەی شەش ساڵدا تۆمار کردووە. بازاڕی پشکەکان و هەژمارەکانی خانەنشینی گەیشتوونەتە بەرزترین ئاست لە مێژوودا." ترەمپ بەڵێنی دا کە لە رێگەی پڕۆژەیاسایەکی نوێوە، باج لەسەر "بەخشیش، کاتی کارکردنی زیادە و دڵنیایی کۆمەڵایەتی بەساڵاچووان" لاببات.
شۆڕش لە نرخی دەرمان و تەندروستی
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ باسی لە دابەزینی نرخی دەرمان کرد بە رێژەی 70٪ تاوەکو 90٪ و رایگەیاند، لە رێگەی ماڵپەڕی (Trump RX.gov) تێچووی تەندروستی بۆ خێزانەکان زۆر کەمدەکەنەوە. هەروەها رایگەیاند کە هەموو منداڵێک دەتوانێت دەستی بە هەژمارێکی وەبەرهێنانی بێ باج بگات تاوەکو لە تەمەنی 18 ساڵیدا سەدان هەزار دۆلاری هەبیت.
سنوورەکان و ئاسایشی نیشتمانی
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، لە 14 مانگی رابردوودا "سفر" کۆچبەری نایاسایی چوونەتە ناو ئەمریکا و ریژەی تاوانیش بۆ نزمترین ئاست لە دوای ساڵی 1900ـەوە دابەزیوە. سەبارەت بە هیزە چەکدارەکان، ئەو گوتی: "ئیمە بەهیزترین سوپای جیهانمان هەیە. لە ڤەنزوێلا بردمانەوە و ئیستا پێکەوە نەوت بەرهەم دەهێنین، لە ئیرانیش بردنەوەی گەورەمان دەبیت."
هەژاندنی دۆسیەی هەڵبژاردنەکان؛ پەردە لەسەر کارەکانی چین لادەدرێت
گەورەترین بەشی گوتارەکەی ترەمپ تایبەت بوو بۆ "پاکی و یەکپارچەیی هەڵبژاردنەکان".
ترەمپ رایگەیاند، کۆمەڵیک بەڵگەی هەواڵگریی نهینی بڵاودەکاتەوە کە پیشانی دەدەن چین دەستی خستووەتە ناو هەڵبژاردنی 2020 و 220 ملیۆن فایلی دەنگدەرانی ئەمریکی دزیووە.
ترەمپ رەخنەی توندی لە "دەوڵەتی قووڵ" و ئاژانسە هەواڵگرییەکان گرت کە بە گوتەی ئەو، ئەم زانیارییانەیان لە سەرۆک و گەل شاردووەتەوە.
ئەو گوتی: "سی ئای ئەی راپۆرتی هەبووە کە پارتی کۆمۆنیستی چین لە 2018ەوە کاری کردووە بۆ ئەوەی رێگری لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی من بکەن." هەروەها ئاماژەی بە دۆزینەوەی "جانتای سووتاندن" کرد کە تێیدا زانیاریی گرنگ شاردرابوونەوە و بڕیار بووە بسووتێنرێن.
پڕۆژەیاسای "پاراستنی ئەمریکا"
بۆ رێگریکردن لە گەندەڵی و دەستکاریی ئەلیکترۆنی، ترەمپ داوای لە کۆنگرێس کرد "بەپەلە" پڕۆژەیاسای پاراستنی ئەمریکا پەسند بکەن. بەپێی ئەم پڕۆژەیاسایە، دەبیت هەموو دەنگدەرێک ناسنامەی وێنەدار و بەڵگەی هاووڵاتیبوون نیشان بدات و دەنگدانی پۆستە تەنیا بۆ حاڵەتی زۆر تایبەت بێت.
لە کۆتاییدا، ترەمپ هیرشی کردە سەر کەناڵەکانی ئێن بی سی و ئەی بی سی و بە "هەواڵی ساختە" وەسفی کردن، چونکە ئامادە نەبوون گوتارەکەی رووماڵ بکەن.
ئەو داوای لە هاووڵاتییان کرد پەیوەندی بە نوێنەرەکانیانەوە بکەن بۆ گوشارخستنە سەر کۆنگرێس تاوەکو متمانە بۆ سیستمی هەڵبژاردنی ئەمریکا بگەڕێننەوە.
دەقی گوتارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا:
"ئێوارەتان باش، شانازی دەکەم رایبگەیێنم کە وڵاتەکەمان ئارامتر، بەهێزتر و زۆر دەوڵەمەندترە لەوەی کە پێشتر بووە. ئێمە زۆر بە نایابی کارەکان دەکەین. کەمتر لە دوو ساڵ لەمەوبەر، کارەساتێکی ئابووری و کۆمەڵایەتییمان بۆ مابووەوە. دوای خراپترین هەڵاوسان لە ماوەی 48 ساڵدا، سنوورە کراوەکان کە ملیۆنان کەس لە هەموو جیهانەوە لێیانەوە دەڕژانە ناوەوە، لەنێویاندا تاوانباری هەموو جۆرەکان و 11 هەزار و 888 بکووژ کە زۆربەیان زیاتر لە کەسێکیان کوشتووە. ئێمە رێگەمان بە رەگەزگۆڕین بۆ هەمووان دەدا. وەرزشی پیاوان و ژنان تێکەڵکرابوو. تاوان شارەکانمانی وێران کردبوو و جیهان وەک نەتەوەیەک پێمان پێدەکەنین. بەڵام، چیتر وانییە. دوو ساڵ لەمەوبەر وڵاتەکەمان مردبوو، ئێستا، ئێمە گەرمترین و باشترین وڵاتین لە هەر شوێنێکی جیهان. رێز لە ئەمریکا دەگیرێت وەک ئەوەی پێشتر رێزمان لێ نەگیرابێت. ئێستا پارەیەکی زیاتر لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا وەبەرهێنان دەکرێت وەک لە هەر کاتێکی دیکەی مێژوویی وڵاتەکەماندا. ئەمڕۆ ئەمریکییەکی زیاتر کار دەکەن وەک لە هەر کاتێکی دیکە. ئەم هەفتەیە راگەیەندرا کە هەڵاوسان گەورەترین دابەزینی مانگانەی بەخۆیەوە بینیووە لە ماوەی زیاتر لە شەش ساڵدا. ئەوە هەر ئێستا روویدا. تازە بڵاوکراوەتەوە، میدیاکان راپۆرتیان کردووە و ئێمە قبوڵی دەکەین. باشترین لە ماوەی شەش ساڵدا. کەمکردنەوەی باج لە پڕۆژەیاسا گەورە و جوانەکەماندا، هەزاران هەزار دۆلار بۆ خێزانە رەنجدەرەکان دەگەڕێنێتەوە، وەک ئەو بڕگانەی کە دەڵێن: هیچ باجێک لەسەر بەخشیش نییە، هیچ باجێک لەسەر کاتی کارکردنی زیادە نییە و هیچ باجێک لەسەر دڵنیایی کۆمەڵایەتی بۆ بەساڵاچووە مەزنەکانمان نییە و هیچ باجێک لەسەر سوودی قەرزی ئۆتۆمبێل نییە؛ بازاڕی پشکەکانمان لە بەرزترین ئاستیدایە لە ماوەی چەندین ساڵدا، بەڵام لە راستیدا دەتوانین بڵێین، لە هەموو مێژوودا. هەژمارەکانی 401 و خانەنشینی و هەژمارەکانی کۆتایی کارتان، هەموو رۆژێک ژمارەیەکی پێوانەیی نوێ تۆمار دەکەن. ئێمە بەرزترین نرخمان بۆ دەرمانی پزیشکی لە هەموو جیهان دەدا، ئێستا نزمترین نرخ دەدەین لەژێر سیاسەتی مندا. چونکە، من توانیم وا لە هەموو جیهان و کۆمپانیاکانی دەرمان بکەم بە بەرپرسیارێتییەوە رەفتار بکەن. نرخی دەرمان بە رێژەی 70، 80 و 90٪ دادەبەزێت. ماڵپەڕی Trump RX.gov لە کۆتاییدا تێچووی تەندروستی کەمدەکاتەوە. دەبێت بچنە سەر Trump RX.gov و سوودی لێ وەربگرن. تێچووی تەندروستی زۆر دادەبەزێت بەهۆی ئەوەی ئێمە لەگەڵ دەرمانەکاندا کردمان. لەگەڵ هەژمارە دروستەکان، هەموو منداڵێک دەستی دەگات بە هەژماری وەبەرهێنانی بێ باج، ملیاران دۆلار وەبەرهێنان دەکرێت لەلایەن کۆمپانیاکان و کەسەکانەوە کە لە تەمەنی 18 ساڵیدا سەدان هەزار دۆلاریان لە هەژمارەکانیاندا دەبێت و دەستپێکێکی نایابیان لە ژیاندا دەبێت. بۆ ئەوە، بچنە سەر Trumps.gov و منداڵەکەتان یان هەر منداڵێک کە دەتانەوێت تۆمار بکەن. پارێزراوترین سنوورەکان لە مێژووی وڵاتەکەماندا، بەجۆرێک کە لە 14 مانگی رابردوودا هیچ بیانییەکی نایاسایی نەهاتووەتە ناو ویلایەتە یەکگرتووەکان. ئەوە سفرە. کەس نەیدەزانی ئەوە دەکرێت. خراپترین سنوورمان هەبوو لە مێژووی وڵاتەکەماندا و ئێستا باشترینمان هەیە. تاوان لە سەرانسەری وڵاتدا بە خێرایی کەمی کردووە، بەجۆرێک رێژەی بکوژی لە نزمترین ئاستیدایە لە دوای ساڵی 1900ـەوە، واتە زیاتر لە 125 ساڵ لەمەوبەر. ئێمە وەبەرهێنانی پێوانەیی لە هێزە چەکدارەکانماندا دەکەین و بەهێزترین و پڕتواناترین سوپامان هەیە بەراورد بە هەر شوێنێکی جیهان. من لە خولی یەکەممدا بونیادم نا و بەداخەوە ئێستا ناچارین بەکاریبهێنین. ئێمە لە ڤەنزوێلا بردمانەوە کە ئێستا لەگەڵمان کار دەکات بۆ بەرهەمهێنانی ملیۆنان و ملیۆنان بەرمیل نەوت. بە هەمان شێوە لە ئێران بردنەوەی گەورەمان دەبێت و دەرەنجامەکانی ئەو رەنجە بەمزووانە دەبینن. ئەمریکا گەڕایەوە و زۆر بە باشی کار دەکات. بەڵام هێشتا ئاڵەنگارییەکی گەورەمان هەیە کە دەبێت بەپەلە چارەسەر بکرێت، چونکە هیچ وڵاتێک ناتوانێت مەزن بێت بەبێ هەڵبژاردنی دادپەروەر و راستگۆیانە. دەبێت متمانەت بە وڵاتەکەت هەبێت چونکە ئەگەر متمانە نەبوو، مەزنی نابێت. ئەوە زۆر سادەیە. بێ متمانە، بێ مەزنی. من داوای هەنگاوی بوێرانە و خێرا و یەکلاکەرەوەم کرد بۆ پاراستنی پاکی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، هەموو ئەمریکییەک شایەنی ئەوەیە بزانێت کاتێک دەنگ دەدات، ئەو دەنگە بە دروستی ئەژمار دەکرێت لە سیستەمێکدا کە پارێزراو بێت. سیستەمێک کە تێیدا فێڵکردن و دەستوەردان نەک تەنیا قورس بن، بەڵکو بە کردەیی مەحاڵ بن. بەداخەوە، ئەو سیستەمەی ئەمڕۆ هەمانە، زۆر لە خوار ئەو پێوەرەوەیە. من رایدەگەیەنم کە دەستبەجێ نهێنی لەسەر زانیارییە هەواڵگرییە هەستیارەکان لادەبرێت و بڵاودەکرێنەوە کە کەلێنە شۆککەرەکانی ژێرخانی هەڵبژاردنەکانمان ئاشکرا دەکەن. ئەم بەڵگانە پیشان دەدەن کە سیستەمی هەڵبژاردنمان بە شێوەیەکی مەترسیدار رووبەڕووی هاککردن، قۆستنەوە و دەستوەردانی بیانی دەبێتەوە، بە ئاستێک کە هەرگیز بیرمان لێ نەدەکردەوە. جێگەی نیگەرانییە کە ئەم زانیارییانە داپۆشرابوون و لێتان شاردرابوونەوە، ئەی گەلی ئەمریکا، گەلە جوان و مەزنەکەمان؛ بەڵام هەموو ئەمانە رێک لەم ساتەوە دەگۆڕێن. ئەو بەڵگەنامانەی لە ئەمشەوەوە بڵاویان دەکەینەوە، لەلایەن تیمی تایبەتی شەفافیەتی حکومەتی کۆشکی سپی کۆکراونەتەوە. گرووپێکی نایاب لە خەڵک. لەگەڵ کارمەندانی ئەنجوومەنی راوێژکاری هەواڵگری سەرۆک. هەموویان بە شەخسی پێداچوونەوەیان بۆ ئەو دۆزینەوانە کردووە کە ئێوارەی ئەمڕۆ دەیانخەینە روو و بە تەواوی راستی و دروستییەکەیان پشتڕاستکردووەتەوە. دەتوانن ئەم بەڵگەنامانە بۆ خۆتان لە Whitehouse.gov ببینن. بچن سەیری بکەن. مەبەستمان لە ئاشکراکردنی ئەم زانیارییانە لاوازکردنی متمانە نییە بە هەڵبژاردن، بەڵکو بەدەستهێنانی متمانەیە لە ڕێگەی رووبەڕووبوونەوەی کەلێنەکان و چاککردنیان زۆر بە خێرایی. ئەوەیە کە ئێمە دەیکەین. بەڵگەنامەکان 5 بواری سەرەکیی نیگەرانی دەگرنەوە:
یەکەم، پیشان دەدەن کە لە ماوەی چەند ساڵێکدا کە لە خولی هەڵبژاردنی 2020ەوە دەستی پێکردووە، کۆماری میللی چین ئەوەی ئەنجامداوە کە پێدەچێت گەورەترین دەستوەردان بێت لە داتاکانی هەڵبژاردن لە مێژوودا. کە دەرەنجامەکەی بەدەستهێنانی نایاسایی 220 ملیۆن فایلی دەنگدەرانی ئەمریکا بووە لەلایەن چینەوە. ئەو زانیارییانە ناو، ناونیشان، ئاراستە سیاسییەکان و داتای هەستیاری دیکە دەگرێتەوە. ئەم لەدەستدانی داتایە کابوسێکی ئەمنییە. زانیارییە هەواڵگرییەکان تەنانەت پیشان دەدەن کە چین یەکەیەکی تایبەتی بۆ قۆستنەوەی ئەم داتایانە تەرخان کردووە. دووەم، بەڵگەنامەکان ئاشکرای دەکەن کە ئەندامانی "دەوڵەتی قووڵ" کە لە زۆر کاتدا گرووپێکی زۆر ناسراون لەگەڵ ئاژانسە هەواڵگرییەکانمان کاریان کردووە بۆ بێدەنگکردن و کەمکردنەوەی بایەخی زانیارییەکان دەربارەی دەستوەردانی چین لە هەڵبژاردنەکاندا و شاردیانەوە لە سەرۆک و گەلی ئەمریکا بەجۆرێک کە کەس باوەڕی نەدەکرد. ئاژانسەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2020ـەوە زانیان کە دزەپێکردنی فایلەکانی تۆماری دەنگدەران روویداوە لەگەڵ دزینی دەیان ملیۆن داتای دەنگدەران... بیری لێ بکەرەوە، دەیان ملیۆن... لەلایەن چینەوە کڕدراون، دزراون یان هاککراون. ئەوانەی بەرپرس بوون لە لێدانی زەنگی مەترسی، لە جیاتی ئەوە زانیارییەکانیان بە نهێنی هێشتەوە.ئەوان زانیارییەکانیان بۆ من، وەک سەرۆک، یان بۆ کەسی تر ئاشکرا نەکرد. کۆنگرێسیان ئاگادار نەکردەوە. لە راستیدا هەموو ئەوەی دەیانگوت ئەوە بوو کە "ئەمە پارێزراوترین هەڵبژاردنە لە مێژووی وڵاتەکەماندا". ئەوە ئەو قسە باوە بوو کە بڵاویان دەکردەوە. داپۆشینی ئەم پێشێلکارییە ئەمنییە تەنانەت زیاتر جێگەی نیگەرانییە کاتێک زانیاری زۆرتر دەبینین کە چین دەستی خستووەتە ناو چالاکییەکانی تری پەیوەست بە هەڵبژاردن بۆ تێکدانی ئیدارەی یەکەمم و کەمپەینی 2020مان. ئەوان نەیانویست، تەنیا نەیانویست دۆناڵد ترەمپ بیباتەوە و وەک شێت جەنگان بۆ ئەوەی ترەمپ سەرنەکەوێت. وەک لەو بەڵگەنامانەی بڵاویان دەکەینەوە، راپۆرتی سی ئای ئەی بە راشکاوی دەڵێت، و لێرەدا دەقەکەی دەخوێنمەوە: "لە ناوەڕاستی 2018 دا پارتی کۆمۆنیستی چین بڕیاریدا هەموو لایەنە ناوخۆیی و بیانییەکان بەکاربهێنێت کە دژی سەرۆکی ئەمریکا بوون بۆ کەمکردنەوەی دەنگەکانی سەرۆک و ناچارکردنی بە دەستلەکارکێشانەوە یان رێگریکردن لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی." ئایا ئەمە باشە؟ هەروەها، لە ناوەڕاستی 2018دا چین کاری دەکرد بۆ کاریگەری خستنە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ئەمریکا و دواتر ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 2020. بە جیاواز لەوە، لە 2019دا ستراتیژی حکومەتی چین دژی ویلایەتە یەکگرتووەکان جەختی لەسەر تێکدانی متمانەی ناوخۆیی بە سەرۆکی ئەمریکا دەکردەوە. دەیانویست وا نیشان بدەن کە سەرۆکەکەتان باش نییە، لە کاتێکدا لە راستیدا سەرۆکەکەتان کارێکی مەزنی کردووە. ئەوان هەموو شتێکیان کرد بۆ ئەوە. بەپێی ئەم بەڵگەنامەیەی سی ئای ئەی، ستراتیژەکە هەوڵی دەدا پەیوەندییە چینییەکان لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکا بەکاربهێنێت بۆ تێگەیاندنی سەرکردە بازرگانییەکانی ئەمریکا تاوەکو دژی سەرۆک بوەستنەوە. ئەوان ئەو رۆژنامەڤانانەیان دەستنیشان دەکرد کە راپۆرتی نەرێنییان لەسەر سەرۆک بڵاودەکردەوە و پارەی زۆریان دەدانێ تاوەکو چەند دەتوانن بنووسن.
دەیانویست سەرۆکی ئەمریکا لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بدۆڕێت، چونکە دەیانزانی من لە پلانەکانیان تێگەیشتووم. ملیاران ملیار دۆلار پێناسی گومرگیم خستنە سەر و بەهێزترین سوپای جیهانم بونیاد نا. ئەمانە دەقی راپۆرتەکانی سی ئای ئەین. ناوی ئەو کەسانەی ئەم کارانەیان کردووە ئێستا لەژێر پێداچوونەوەدایە، لەلایەن بیرۆکراتە یاخیبووەکانەوە شاردرابوونەوە، لەوانەش هەوڵدان بۆ دروستکردنی دەنگی نایاسایی بۆ جۆ بایدن. بەڵگەنامەکان پیشانی دەدەن کە لەو کاتەدا، دەیان راپۆرتی گرنگی سی ئای ئەی و ئێن ئێس ئەی دەربارەی بە ئامانجگرتنی هەڵبژاردن لەلایەن چینەوە، لەو کۆبوونەوانەدا نەدەخرانە روو کە بۆ من دەکرا . ئەمانە ئەو زانیارییانە بوون کە دەبوو رۆژانە پێم بگات، بەڵام نەدەهاتن. ئیمەیڵێکی ناو هەواڵگری دان بەوەدا دەنێت کە ئەوان بە ئەنقەست زانیارییەکانی رۆژانەیان دەستکاری کردووە تاوەکو زانیارییەکانی چین دەربارەی هەڵبژاردن لای من بشارنەوە. یەکێکی دیکە دەڵێت کە ئەو "حکومەتێکی سێبەری" بەڕێوەبردووە بۆ دوورخستنەوەی زانیارییەکان. بەم دواییانە بڕێکی زۆر لە "جانتای سووتاندن"مان دۆزیوەتەوە، ئەمانە ئەو جانتانەن کە بۆ لەناوبردنی زانیاری بەکاردێن. لەلایەن باراک ئۆباماوە ئامادەکرابوون تاوەکو بسووتێنرێن. بڕیار وابوو لە ئاستی جیاوازدا و لەلایەن خەڵکی جیاوازەوە بسووتێنرێن و وردبینی بکرێن، بەڵام هەرگیز نەکرا. رەنگە بەخت یاوەرمان بووبێت کە نەسووتاون. پێمانوایە ئەمە بە ئەنقەست نەکراوە، بەڵکو بەهۆی کەمتەرخەمیی ئەو کەسانەوە بووە کە دەبوو بیانسووتێنن. بەڵام دۆزینەوەکان سەرسوڕهێنەرن. ئەمڕۆ داوا لە نووسینگەی بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی، وەزارەتی داد، ئێف بی ئای و سی ئای ئەی دەکەم لێکۆڵینەوە بکەن کە چۆن و بۆچی زانیاری وەها گرنگ شاردرابوونەوە، بۆ ئەوەی ئەوانەی تێوەگلاون دەربکرێن و تۆمەتی تاوانکارییان لەسەر تۆمار بکرێت. شاردنەوەی دەستوەردانی چین تەنیا سەرەتا بوو. کۆمەڵە بەڵگەنامەی سێیەم کە بڵاویان دەکەینەوە پیشان دەدەن کە بۆ چەندین ساڵ، بە راشکاوی درۆ لەگەڵ ئەمریکییەکان کراوە دەربارەی ئاسایشی ژێرخانی هەڵبژاردنەکانمان، لەوانەش ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی دەنگدان و سیستەمی ئەژمارکردنی دەنگەکان. زۆرینەیان ناڕاستگۆ بوون. ئەوان لاوازن و بە ئاسانی هاک دەکرێن و خەڵکانی ناو حکومەتەکەمان ئەوەیان دەزانی. ئەمشەو زنجیرەیەک هەڵسەنگاندنی پێشووی نهێنیی کۆمەڵگەی هەواڵگری ئەمریکا و راپۆرتی دیکە بڵاودەکەینەوە کە دەیسەلمێنن حکومەتەکەمان دەیزانی ئەم ئامێرانە بە رادەیەکی زۆر بەرەوڕووی هێرش دەبنەوە. نەیارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەوانە رووسیا، چین، کۆریای باکوور و گروپە نادەوڵەتییەکان توانای ئەوەیان هەیە ژێرخانی ئەمریکا تێک بدەن. ئەوە قسەیەکی گەورەیە. بەڵگەنامەکە دەڵێت، ئێمە هەڵسەنگاندنمان کردووە کە بنکەکانی داتای پەیوەست بە هەڵبژاردن، وەک تۆماری دەنگدەران و وێب سایتە فەرمییەکان، زۆرترین مەترسییان لەسەرە و نەیارەکان وەک دەروازەیەک بۆ تێکدانی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە ناو ئەمریکا بەکاریان دەهێنن. ئەمشەو هەموو ئەو دۆزینەوانە بڵاودەکەینەوە کە لە کانوونی دووەمی 2020 تاوەکو حوزەیرانی 2026 دەگرێتەوە؛ ئەمە هەڕەشەیەکی ئەلیکترۆنییە کە ئاراستەی دڵی دیموکراسییەکەمان کراوە. زۆر کەس پرسیاریان دەکرد ئایا بە راستی دەکرێت بە ئەلیکترۆنی دەستکاری کۆی دەنگەکان بکرێت یان ئەنجامەکان بگۆڕدرێن لەم ئامێرە ترسناکانەدا. ئێمە بەڵگەنامەیەک بڵاودەکەینەوە کە پیشانی دەدات سی ئای ئەیرڕاپۆرتێکی دەستکەوتووە دەربارەی پیلانێکی تایبەت بۆ ئەنجامدانی کارێکی گەورە لە بەرژەوەندی رژێمە گەندەڵەکەی مادورۆ لە ڤەنزوێلا و ئەوە رێک ئەوە بوو کە روویدا. پیلانگێڕی بۆ دزینی دیجیتاڵیی هەڵبژاردنی وڵاتەکەیان لە 2020 و ئەوەیان کرد. ئەم راپۆرتە وردەکاریی تەواوی تێدابوو دەربارەی ئەو شێوازانەی رژێمەکە پەرەی پێدابوو بۆ گۆڕینی دیجیتاڵیی کۆی دەنگەکان بە جۆرێک کە تەنانەت بە وردبینی قوڵیش دەستنیشان نەکرێت. ئەم زانیارییە هەواڵگرییە جەخت لەوە دەکاتەوە بۆچی دەبێت هەنگاوی بەپەلە بنێین بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە سیستەمەکەی خۆمان هەرگیز هاک نەکرێت یان وەک رابردوو تێکنەدرێت. کۆمەڵە بەڵگەنامەی چوارەم ئاشکرای دەکات کە تەنانەت کاتێک بەڵگەی بەرچاو لەسەر فێڵکردن دۆزراوەتەوە، نێژراوە و داپۆشراوە. لە نێو ئاشکراکردنەکانی ئەمشەودا فایلەکانی ئێف بی ئای هەن کە وردەکاری بەڵگەی فێڵکردن لە ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی تۆماری دەنگدەران لە میشیگان پیشان دەدەن. لە 2020دا، پۆلیسی ویلایەتی میشیگان هەڵیانکوتایە سەر رێکخراوێکی دیموکراتەکان و ئێمە زۆر نیگەران بووین بەوەی دۆزییانەوە. ئەوان باوەڕیان نەدەکرد، بۆیە پەیوەندییان بە ئێف بی ئای لە دیترۆیت کرد. بەڵگەنامەکان دەڵێن هەندێک لەو کەسانەی کاریان بۆ تۆمارکردنی دەنگدەران دەکرد دانیان بۆ بریکارەکانی ئێف بی ئای بەوەدا ناوە کە ئەوان لە جیاتی ناوی خەڵکی دیکە فۆرمی تۆماری دەنگدەرانیان واژۆ کردووە و تۆماری ساختەیان بۆ خەڵکێک کردووە کە بوونیان نییە. و کارتی دیارییان وەرگرتووە بەپێی ژمارەی ئەو داواکارییانەی پێشکەشیان کردووە. بە واتایەکی دیکە، پارە بدە، یاری بکە و فێڵ بکە. بریکارەکانی ئێف بی ئای کە لەسەر کەیسەکە کاریان دەکرد پێیان وابوو تاوان کراوە، بەڵام وەزارەتی دادی سەردەمی بایدن لێکۆڵینەوەکەی خاو کردەوە و لەنێوی برد. ئەمشەو داوا لە بەڕێوەبەری ئێف بی ئای دەکەم کە دڵنیابێتەوە بابەتەکە بە تەواوی لێکۆڵینەوەی لێ دەکرێت و لەگەڵ وەزارەتی داد کار بکات بۆ دادگاییکردنی ئەوانەی بەرپرسیارن. لە کۆتاییدا، بۆ پیشاندانی ئەوەی چەندە هەڵبژاردنەکانمان لاوازن، ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی سەرسوڕهێنەری وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی بڵاودەکەینەوە. بەپێی پێداچوونەوەی وەزارەتەکە بۆ تۆماری گشتی دەنگدەران، نزیکەی 278 هەزار کەس هاووڵاتی (ی ئەمریکی) نین دەستنیشان کراون کە بۆ دەنگدان لە هەڵبژاردنە فیدراڵییەکاندا تۆمار کراون. لەبەر ئەوەی ویلایەتە دیموکراتەکان رەتیانکردەوە فایلەکانیان بدەن، ژمارە راستەقینەکە زۆر لەوە بەرزترە. تەنانەت لەم لێکۆڵینەوە سنووردارەشدا دەرکەوتووە کە زیاتر لە چارەکە ملیۆنێک بیانی بۆ دەنگدان تۆمارکراون، کەس ناتوانێت بەرگری لەم سیستەمە بکات. سەدان ملیۆن فایلی دەنگدەرانی ئەمریکا لە دەستی حکومەتە بیانییەکاندان، ئامێرەکانمان و سیستەمی ئەژمارکردنی دەنگەکانمان رووبەڕووی هاککردن و دەستکاری و گەندەڵی دەبنەوە، چین و وڵاتانی دیکە هەوڵیانداوە دەست بخەنە ناو هەڵبژاردنەکانمانەوە، بەڵگەکانی فێڵکردن نێژراون. سەدان هەزار کەسی بیانی و مردوو لە لیستەکاندان و چالاکن، کەچی هێشتا هەڵبژاردنمان هەیە بەبێ ناسنامەی دەنگدەر، بێ بەڵگەی هاووڵاتیبوون و دەیان ملیۆن دەنگ بەناو پۆستەدا بە بێ ئامانج دەسووڕێنەوە. وەک نموونەیەک بۆ ئەم شێتییە، هەڵبژاردنی ئەم دواییەی کالیفۆرنیا بۆ سەرۆکی شارەوانی لۆس ئەنجلۆس و پارێزگار لە 2ی حوزەیران ئەنجامدرا، زۆر لەمێژە، بەڵام تەنیا چەند رۆژێک لەمەوبەر لە 10ی تەممووز تەواو بوو. زیاتر لە مانگێکی خایاند بۆ ئەژمارکردنی دەنگەکان، دەپرسم ئایا خەریکی چی بوون؟ ئەمە لە هەر وڵاتێکی جیهانی سێیەم خراپترە. هیچ وڵاتێکی جیهانی سێیەم هەڵبژاردنی وەک ئێمەی نییە. لە هەنگاوێکی دەگمەندا، ئێن بی سی و ئەی بی سی هەردووکیان گوتیان ئەم گوتارە رووماڵ ناکەن. دەیانزانی گوتارەکە دەربارەی چییە. لەبەر ئەوەی حەزیان لەم بابەتە نییە، چونکە دەزانن سیستەمەکەمان چەند گەندەڵە و نایانەوێت ئاشکرای بکەن. ئەوان و ئەوانی دیکە لە میدیاکان دەیانەوێت بەردەوامی بەم فێڵە بدەن لەبەر هەر هۆکارێک بێت. دەیانەوێت پارێزگاری لە چەپە رادیکاڵەکان بکەن، ناتوانن وڵاتێکی مەزن بن و ئەوەش راستە. تۆ ناتوانیت وڵاتێکی مەزنت هەبێت بەبێ هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەر. فێڵی ئاوا دەبێت ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەکانیان. ئەوان شەپۆلە گشتییە ملیار دۆلارییەکانمان بەکاردەهێنن بەبێ هیچ پارەیەک. هیچ نادەن. هەموو ئەوەی دەمانەوێت راستگۆییە لە هەڵبژاردنەکانمان و راستگۆیی لە گواستنەوەی هەواڵەکاندا. زیانێکی گەورە بە وڵاتەکەمان گەیشتووە، هەڵبژاردنەکانمان بە لاوازی جێهێڵدران بۆ ئەوەی دەستکاری بکرێن و بدزرێن و متمانەی گەلی ئەمریکا لەدەستچوو. ناتوانرێت رێگە بدرێت ئەمە بەردەوام بێت؛ هەر ئەمریکییەک چ کۆماری بیت، دیموکرات، سەربەخۆ یان هەرچی دیکە، دەبێت بتوانێت لەسەر ئەوە هاوڕابێت کە ئێمە شایەنی پارێزراوترین و راستگۆترین و دادپەروەرترین سیستەمی هەڵبژاردنین لە هەموو جیهاندا. هەڵبژاردنی پارێزراو نابێت بابەتی حزبی بێت. دەبێت پێکەوە بین. دیموکراتەکان، کۆمارییەکان، سەربەخۆکان، هەمووان. نابێت کێشەی حزبی بێت، دەبێت بمانکاتە یەک نەک دابەشمان بکات. لەبەر رۆشنایی ئەو زانیارییە نوێ و حاشاهەڵنەگرانەی ئەمشەو ئاشکرام کردن، ئیدارەکەم لە پڕۆسەی ئاگادارکردنەوەی ئەو ویلایەتانەدایە کە داتاکانی هەڵبژاردنیان لەلایەن کۆماری میللی چین و زۆر کەسی دیکەوە تێکدراوە. ئێمە لە نزیکەوە کار دەکەین بۆ کەمکردنەوەی هەر زیانێک و هەنگاوی خێرا دەنێین بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی داتای هەستیاری دەنگدەران باشتر بپارێزرێت تاوەکو هەرگیز نەکرێت بکڕدرێت، نەکرێت هاک بکرێت و هەرگیز جارێکی دیکە سەیری هەڵبژاردنێکی دزراو نەکەین. سبەی وەزیری ئاسایشی نیشتمانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی ساز دەکات بۆ خستنەڕووی کارەکانی ئەم دواییەی وەزارەتەکەی سەبارەت بە کەلێنە ئەلیکترۆنییەکان و سیستەمی دەنگدانی ئەلیکترۆنی. ئەوان خراپن. ئێمە لە پڕۆسەی ئاگادارکردنەوەی پارێزگارەکان، سیناتۆرەکان و ئەندامانی کۆنگرێسداین لە کێشە ئەگەرییەکانی ویلایەتەکانیان. ئەگەر سەیری دەنگدانی ئەمڕۆ بکەیت، لە زۆر ویلایەتدا لە بارودۆخێکی زۆر خراپدایە. ئێمە پابەندین بە چاککردنی. هەروەها پابەندین بە کارکردن لەگەڵ ویلایەتەکان و دەسەڵاتە ناوخۆییەکان بۆ یارمەتیدانیان لە پڕکردنەوەی کەلێنە تەکنیکییە ناسراوەکان پێش هەڵبژاردنەکان. هەڵبژاردنی زۆر گرنگمان لە پێشە و دەمانەوێت ئەو هەڵبژاردنانە راستگۆیانە بن. هەروەها فەرمانم بە وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆیی کردووە هەموو ویلایەتێک ئاگادار بکاتەوە دەربارەی ئەو کەسانەی هاووڵاتی [ی ئەمریکی] نین و لە لیستی دەنگدەراندان و ئاراستەیان بکات کە دەستبەجێ هەموو دەنگدەرە نەشیاوەکان لە لیستەکان لابدەن. بەڵام لە هەمووی گرنگتر، داوا دەکەم کۆنگرێس پڕۆژەیاسای پاراستنی ئەمریکا پەسند بکات. ئەمە چەندە ئاسانە بۆ کردن؟ مەگەر بتەوێت فێڵ بکەیت. تەنیا هۆکارێک کە ناتەوێت بیکەیت ئەوەیە کە دەتەوێت فێڵ بکەیت، چونکە سیاسەتەکانت ئەوەندە خراپن و بەربژێرەکانت ئەوەندە بێهێزن کە ناتوانیت بە هیچ رێگەیەکی دیکە هەڵبژێردرێیت. ئەم پڕۆژەیاسا مێژووییە داوا دەکات هەموو دەنگدەران دەبێت ناسنامەی وێنەداری دەنگدان نیشان بدەن. دەبێت بەڵگەی هاووڵاتیبوون پێشکەش بکەیت. ئایا تۆ هاووڵاتیی وڵاتەکەمانی؟
هیوادارم هیچ دەنگدانێکی گەندەڵی پۆستە نەمێنێت، ئەگەر سەیری کالیفۆرنیاتان کردبێت، دەنگدانی پۆستە لە بنەڕەتدا گەندەڵە. بۆیە نابێت هیچ دەنگدانێکی پۆستە هەبێت مەگەر بۆ نەخۆشی، پەککەوتەیی، ئەرکی سەربازی، یان گەشتکردن، ئەگەر بۆ بازرگانی یان پشوو چوویتە دەرەوە؛ ئەم چاکسازییانە بەپەلە پێویستن بۆ وەستاندنی ئەو کەلێنانەی باسم کردن.
بۆ هەموو ئەمریکییەکان، داواتان لێ دەکەم سبەی تەلەفۆنەکانتان هەڵگرن، پەیوەندی بە نوێنەرەکانتان بکەن لە ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران و داوایان لێ بکەن پڕۆژەیاسای پاراستنی ئەمریکا بەبێ دواکەوتن پەسند بکەن. پێکەوە متمانە و باوەڕ بۆ وڵاتەکەمان دەگەڕێنینەوە و دەبینە گەورەتر، باشتر و بەهێزتر لە هەر کاتێکی دیکە. سوپاس، خودا یارتان بێت، خودا بەرەکەت بخاتە سوپا مەزنەکەمان و خودا ئەمریکا بپارێزێت. زۆر سوپاس."



