رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم هێرشیان کردووەتە سەر ئێران؛ دەشڵێت، هێرشەکان بۆ لەنێوبردنی تواناکانی ئێرانە کە هێرش دەکەنە سەر ئەو کەشتیانەی بە تەنگەی هورمزدا دەڕۆن.
رۆژی چوارشەممە، 15ی تەممووزی 2026، سێنتکۆم لە ئێکس بڵاویکردەوە، "کاژێر 15:00 بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا(10:00ی شەوی چوارشەممە بە کاتی هەولێر)، هێزەکانمان دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی شەپۆلی دووەمی هێرشەکانی ئەمڕۆ بۆ سەر ئێران کرد"
سێنتکۆم رایگەیاندووە: "ئەم هێرشانە ئەو توانا سەربازییانەی ئێران دەکەنە ئامانج، کە بۆ هەڕەشەکردن لەو کەشتییانە بە ئازادی بە ناو تەنگەی هورمزدا تێپەڕ دەبن بەکاردەهێنرێن."
سێنتکۆم لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "سوپای ئەمریکا ئێران بەرپرسیار دەزانێت" لە زیادبوونی گرژییەکان.
هەر ئێوارەی ئەمڕۆ سێنتکۆم بڵاویکردەوە، "رۆژی 15ی تەممووز و لە کاژێر 7:30ی بەیانی بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا (کاژێر 14:30 بە کاتی هەولێر)، هێرشمان کردە سەر ئێران".
سێنتکۆم رایگەیاند "لە شەپۆلێکی هێرشی 90 خولەکیدا، چەکی ورد ئاراستەی سیستەمەکانی بەرگری کەناراوەکان و کۆگا و پێگەکانی هاوێشتنی مووشەکی کرووز لە دوورگەی تونبی گەورە کرا"؛ راشیگەیاند، "ئەم هێرشانە زیاتر تواناکانی ئێرانیان بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز لاواز کرد."
ئەمە پێنجەم رۆژی بەدوای یەکە ئەمریکا هێرشدەکاتە سەر کەناراوەکانی ئێران و بە گوتەی خۆیان هێرشەکان بۆ نەهێشتنی توانای مووشەکی و هێرشبەری ئێرانە بۆ سەر ئەو کەشتیانەی بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن.
ئەو هێرشانە لە کاتێکدان دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر ئێران نەچێتە سەر مێزی گفتوگۆ و رێککەوتن واژۆ نەکات، ئەوا هەفتەی داهاتوو هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو وڵاتە چڕدەکەنەوە.
هاوشێوەی پرسی ئەتۆمی، داهاتووی تەنگەی هورمز دیارترین پرسی جێگەی مشتومڕی نێوان واشنتن و تارانە. سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، لە بەرامبەر وەبەرهێنانی وڵاتانی کەنداو لە وڵاتەکەی ئامادەیە باجی تێپەڕینی کەشتییەکان بە تەنگەی هورمزدا وەرنەگرێت، تارانیش داوای پارەی خزمەتگوزاری دەکات.
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی وەڵامی هێرشەکانی دایەوە. مانگی رابردوو، تاران و واشنتن ئاگربەستیان راگەیاند، بەڵام پابەند نەبوون پیی.
پێش جەنگ، رۆژانە 20٪ی نەوتی هەناردەکراوی جیهان بە تەنگەکەدا دەڕۆشت، بەڵام لەو کاتەوە تێپەڕینی کەشتییەکان بە تێکڕا بەو تەنگەیەدا نزیکەی 90٪ کەمیکردووە.



