رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر حەوت کەس و کۆمپانیادا سەپاند کە ئەندامن لە تۆڕێکی نێودەوڵەتی بۆ دابینکردنی چەک بۆ سوپای پاسدارانی ئێران؛ وەزیری گەنجینەی ئەمریکاش دەڵێت: "دەبێت ئێران لە چەکی ئەتۆمی دابماڵرێت." رۆژی چوارشەممە 15ی تەممووزی 2026، نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی سەرمایە بیانییەکانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمزدا، سزای بەسەر ژمارەیەک کەسایەتی و کۆمپانیای نێودەوڵەتی سەپاند، کە بەگوێرەی نووسینگەکە هاوکاریی سوپای پاسداران دەکەن لە کڕینی چەک و کەرەستەی سەربازی. پێنج رۆژە لەسەر یەک ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر ئێران بە تۆمەتی ئەوەی هێرشی کردووەتە سەر ئەو کەشتیانەی بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن. بێسێنت: رێگری لە مەکینەی جەنگی ئێران دەکەین سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "سەرۆک ترەمپ زۆر روون بووە لەوەی کە دەبێت ئێران لە چەکی ئەتۆمی دابماڵرێت. وەزارەتی گەنجینە بەردەوام دەبێت لە بە ئامانجگرتن و تێکدانی ئەو تۆڕە نایاساییانەی کە بودجە بۆ بەرنامە چەکدارییەکانی ئێران و ماشینە جەنگییەکەی تاران دابین دەکەن." تۆڕەکە چۆن کار دەکات؟ بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی گەنجینە، ئێران سوودی لە کۆمپانیا بیانییەکانی فڕۆکەوانی، گواستنەوە و نێوەندگیرە داراییەکان وەرگرتووە بۆ ئەوەی رۆڵی سوپای پاسداران لە کڕینی چەکدا بشارێتەوە. ئەندامانی ئەم تۆڕە لە ئێران، رووسیا، ئیتاڵیا و نێجیریا بڵاوبوونەتەوە. دیارترین کەس و کۆمپانیا سزادراوەکان: ١. بەهرۆز نەمازی: هاووڵاتییەکی ئێرانی و بەڕێوەبەری کۆمپانیای "نیکا جێت"ە لە تاران، کە کار لەسەر بەرهەمهێنان و چاککردنەوەی پارچەی فڕۆکە و درۆن دەکات بۆ سوپای پاسداران. ٢. ماریا ڤلادیمیرۆڤنا سێلینا: هاووڵاتییەکی رووسییە و بریکارێکی دێرینی دابینکردنی چەکە بۆ ئێران. بەرپرسی دارایی کۆمپانیای "ئاڤراتێک"ە لە مۆسکۆ. ٣. دۆنیا ئەتایب: هاووڵاتییەکی ئیتاڵییە و نیشتەجێی میلانە، تۆمەتبارە بەوەی بەشداریی لە هەوڵەکانی بەهرۆز نەمازی کردووە بۆ کڕینی چەک. ٤. کۆمپانیای ڤانگاردی نێجیریا: کۆمپانیایەکی دابینکردنی کەرەستەی تاکتیکییە لە نێجیریا و وەک نێوەندگیر بۆ کارەکانی نەمازی کاری کردووە. کاریگەریی سزاکان وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی ئەم بڕیارەوە هەموو سەروەت و سامان و بەرژەوەندییەکانی ئەو کەس و لایەنە سزادراوانە لە ناو خاکی ئەمریکا یان لە ژێر دەستی هاووڵاتیانی ئەمریکیدا بێت، بلۆک دەکرێن. هەروەها هەر دامەزراوەیەک کە 50٪ی یان زیاتری هی ئەم کەسانە بێت، دەکەوێتە ژێر هەمان سزا. وەزارەتی گەنجینە هۆشداریشی داوە کە هەر دامەزراوەیەکی دارایی یان کەسێک مامەڵە لەگەڵ ئەم سزادراوانەدا بکات، خۆی رووبەڕووی سزای تووند و پێبژاردنی دارایی گەورە دەکاتەوە. ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە ستراتیژیی ئیدارەی ترەمپ دەبینرێت بۆ بڕینی سەرچاوە داراییەکانی سوپای پاسداران و بێبەشکردنیان لەو کەرەستە تەکنەلۆژیانەی بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە بەکاری دەهێنن.
جیهان15-07-2026زەیدی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئوردن تاوتوێی جێبەجێکردنی پڕۆژەی بۆریی بەسرە - عەقەبە دەکەن