رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەورووپا دەڵێت، زیاتر لە سێ مانگە هەشت کۆچبەری کورد لە لیبیا بیسەروشوێنن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، چوار کۆچبەری دیکە ویستوویانە بە رێگەی یۆناندا بچنە ئەورووپا، ''بەڵام 45 رۆژە ئەوانیش چارەنووسیان نادیارە''.
ئەمڕۆ چوارشەممە 15-07-2026 بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەشت کەس کە بە مەبەستی گەیشتن بە ئەورووپا لە هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە لیبی، تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن.
بەگوتەی بەکر عەلی، سێ مانگ و نیوە چارەنووسی ئەو هەشت هاونیشتمانییە نادیارە، ''کۆتا پەیوەندییان لە نێوەڕاستی مانگی سێ لە لیبیا بووە. دواتر هیچ پەیوەندییەکیان بە کوسوکاریانەوە نەماوە.''
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان ئاماژەی بەوەش کرد، جیا لەو هەشت کەسە، چوار هاونیشتمانیی دیکە لە تورکیا بێسەروشوێنن کە ویستوویانە بە رێگەی یۆناندا بگەنە ئەورووپا، ''ئەوانیش کۆتا پەیوەندییان 45 رۆژ لەمەوپێش بووە و دواتر سۆراخیان نەماوە.''
بەکر عەلی دەڵێت، دۆزینەوەی کۆچبەرانی بێسەروشوێن کارێکی ئەستەمە، چونکە ئەوان لەژێر دەسەڵاتی حوکمڕانیی ئەو وڵاتانەدا نین، ''بەڵام ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان دەخەینەگەڕ، بۆ ئەوەی لە رێگەی خەڵکەوە سەرەداوێکیان لێ بدۆزینەوە.''
پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە چەندین قۆناخ ئەو کۆچبەرانەیان گەڕاندووەتەوە کە لە لیبیا کەوتوونەتە دەستی گرووپە چەکدارەکان و دواتر رزگار کراون. سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا دەشڵێت، ''ئەوان کاتێک کۆچبەران دەگەڕێننەوە هەرێمی کوردستان کە شوێنیان دیار بێت، بەڵام ئەو کۆچبەرانەوە بێسەروشوێنن و پێویستە سەرەتا بدۆزرێنەوە.''
ساڵانە هەزاران کۆچبەر دەچنە لیبیا بۆ ئەوەی لەوێوە بە دەریادا بپەڕنەوە بۆ وڵاتانی ئەورووپا، بەڵام زۆربەی جار لە نێوەڕاستی رێگەکەدا رووبەڕووی قاچاخچێتی، گرووپە چەکدارەکان و مەترسیی گەورەی گیانی دەبنەوە.
26ی ئایاری 2026 ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، رووداوی گوت، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا 352 کۆچبەر گەڕێنراونەتەوە کە سەرجەمیان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون و بە نایاسایی چووبوونە نێو خاکی لیبیا.



