رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە سەرۆکی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، چیدیکە ئێران وەکو بەڵایەک بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەماوە و ئەمەش ئەوانی لەیەکدی نزیک کردووەتەوە. سەرۆکوەزیرانی عێراقیش بە رووداوی گوت، ئەمریکا گرنگترین هاوبەشی ستراتیژیی عێراقە و کوردستان بەشێکە لە جەستەی خۆی.
رۆژی سێشەممە 14ی تەممووزی 2026 لە کۆشکی سپی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشوازیی لە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد. شاندی هەردوولا کۆبوونەوە و دواتر باسیان لە چەند پرسێک کرد، لەوانەش رێککەوتنی ئابووریی نێوانیان، داهاتووی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و چەندین پرسی دیکە.
"سەردانەکەم بۆ ئەمریکا عەقڵانییە نەک تەنیا سۆزدارانە"
عەلی زەیدی، لە وەڵامی پرسیاری دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتن-ی تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەمریکا وەک یەکەم وێستگەی گەشتە نێودەوڵەتییەکانی، گوتی، "من بارگرانیم بۆ جێماوە، من وەک پسپۆڕییەکەم کە ماستەرم لە دارایی هەیە، دۆخی ئابووریی وڵاتەکەم شیکردەوە؛ ئەم قورساییە پێویستی بە هاوبەشێکی ستراتیژییە لەگەڵم هەڵیبگرێت، گرنگترین ستراتیژیش لە جیهاندا ئەمریکایە."
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوەی "وەک هیچ سەردانێکی دیکە نییە و سەردانێکی تەنیا سۆزدارانە نییە، بەڵکو عەقڵانییە."
ترەمپ: زەیدی پاڵەوانێکی نوێیە
سەرۆکی ئەمریکا لە گوتەکانیدا ستایشێکی زۆری سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد و گوتی، "ئێمە پاڵەوانێکی نوێ و نایابمان هەیە. ئەو هەڵبژاردنەکەی زۆر بە باشی و بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە بردەوە. هەرچەندە لە سەرەتاوە چانسی بۆ دانەنرابوو، بەڵام بردیەوە و پێموایە بۆ ماوەیەکی درێژ لەوێ دەبێت."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، زەیدی "جەنگاوەرێکی گەورە و هەواداری ئەمریکایە،" توانیویەتی لە ماوەیەکی کورتدا بیرکردنەوەی عێراقییەکان بەرامبەر واشنتن بگۆڕێت.
"ناکرێت بە دەستی خۆم بەشێکی جەستەم ببڕم"
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و پێگەی هەرێمی کوردستان لە کابینەکەیدا، عەلی فالح زەیدی بە زمانێکی سیمبولییانە گوتی، "وەک جەستەیەک سەیری عێراق دەکەم، هەر ناوچەیەکی جوگرافی لە عێراق بەشێکە لە جەستەم، جیاکاری لەنێوان هیچ بەشێکیان ناکەم. ناکرێت بە دەستی خۆم بەشێکی جەستەم ببڕم."
هەروەها دووپاتی کردەوە، "کوردستان بەشێکی گرنگی عێراقە و هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ بەسرە و پارێزگاکانی دیکە."
ترەمپ بۆ رووداو: وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاتر لە هەر کات لەیەکەوە نزیکن
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا دیار کوردە، بەڕێوەبەری ئۆفیسی واشنتنی تۆڕی میدیایی رووداو ئامادەبوو و لە ترەمپی پرسی، "سەرۆکوەزیران زەیدی دەستی بە هەڵمەتێک کردووە بۆ ئەوەی میلیشیاکان لەلایەن حکومەتەوە کۆنترۆڵ بکرێن، چۆن دەتوانن هاوکاری بن بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە؟ پرسیاری دووەمم ئەوەیە کە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق چۆن دەبینن؟"
بەڵام دۆناڵد ترەمپ، وەڵامەکەی بە ئاقارێکی دیکەدا برد و گوتی، "پێموایە هەموو شتەکان باش دەبن. پێموایە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، باوەڕ بکەن یان نا، لە هەموو کات یەکگرتووترە."
دواتر سەرۆکی ئەمریکا قسەکانی بردە سەر باسی ئێران و گوتی، "ئێران وەک بەڵای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەماوە. ئێران کەڵەگای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو. ئەوان گوندەییان بەرامبەر عێراق دەکرد، گوندەییان بەرامبەر بە هەموو وڵاتان دەکرد. ئەوان ببوونە هەڕەشە و مایەی ترس لەسەر هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەوان مەترسییان دروستکردبوو، بەڵام چیدیکە ئەو ترسە نەماوە، چونکە توانا سەربازییەکانیان لەنێوبراون."
ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو، "پێموایە ئەم ترسە نەماوە، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێموایە زیاتر یەکگرتووترە بەراورد بە هەر ساتێکی دیکەی مێژوو، ناکرێ وڵاتێکی وەکو ئێران هەبێ و بیەوێ هێزی خۆی بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێت، ئەوان 52 هەزار خۆپێشاندەریان کوشتووە، کەس نایەوێ باسی ئەوە بکات، منیش نامەوێ باسی بکەم. پێموایە هەموو وڵاتانی ئەو ناوچەیە ئێستا لەیەکەوە نزیکن."
پەیام بۆ هەولێر و بەغدا: "پێکەوە موزیکێکی نایاب دەژەنین"
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە گرێبەستە 110 ملیار دۆلارییەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان و پێویستیی هەماهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا، ترەمپ گوتی، "توانایەکی یەکجار زۆری هەیە و پێموایە بەغدا و من و ئەم وڵاتە پێکەوە موزیکێکی نایاب دەژەنین. ئێستا کۆمپانیا ئەمریکییەکان کارەکان دەکەن، ئەوان نایانەوێت بازرگانی لەگەڵ کەسانی دیکە بکەن، تەنیا ئەمریکا نەبێت."
رۆژی 19-05-2025 لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە واشنتن، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو گرێبەستی گەورەی لە بواری وزەدا بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار دۆلار، لەگەڵ دوو کۆمپانیای ناسراوی ئەمریکی، وێسترن زاگرۆس و HKN Energy، واژۆ کرد.
هەردوو کۆمپانیای وێسترن زاگرۆس و HKN Energy پێشینەی کاریان لە هەرێمی کوردستان هەبوو و خاوەنی وەبەرهێنانن. بڕیارە لەم سەردانەی زەیدی دا 15 رێککەوتن لە کەرتەکانی ژێرخان و وزەدا واژۆ بکرین.
شۆڕشێکی نوێ لە کەرتی نەوت و وەبەرهێنان
ترەمپ سەبارەت بە کەرتی وزە دەڵێت، هاوبەشیی زەبەلاح لەنێوان کۆمپانیاکانی ئەمریکا و عێراق دروستبوون.
ئەو گوتی، "عێراق خاوەنی یەدەگی نەوتی بێشومار و سامانێکی زۆرە. لەم ماوە کورتەدا هاوبەشیی نەوتیی زۆر گەورەمان پێکهێناوە کە لەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتوو رادەگەیێندرێن؛ ئەمانە لە ریزی گەورەترین گرێبەستەکان دەبن لە جیهاندا."
ژمارەیەک کۆمپانیای ئەمریکی، لەوانە شیڤرۆن و ئێچ کەی ئێن لە عێراق دا کار دەکەن. سەرۆکوەزیرانی عێراقیش ئاماژەی بەوە کردووە، دەرفەتی زیاتر بۆ کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە دەڕەخسێنن.
داهاتووی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق
ترەمپ ئاماژەی بە گۆڕانکاری لە رۆڵی سەربازیی وڵاتەکەی لە عێراق کرد و گوتی، "پێموانییە چیدی پێویستمان بە سوپا بێت لەوێ بەو شێوەیە، چونکە ئێستا کۆمپانیا نەوتییەکان دەچنە ناوەوە و پەیوەندییەکان بەرەو ئاراستەیەکی گشتگیر دەچن. ئێمە لەوێین بۆ یارمەتیدانیان و ئەگەر پێویست بکات دەیانپارێزین، بەڵام پێمان وانییە پێویست بەوە بکات."
بە گوتەی سەرۆکی ئەمریکا، چیدیکە ئێران مەترسی نییە لەسەر عێراق و بەو هۆیەوە ئێستا دەتوانن بە شێوەیەکی ئازادانە بڕیارەکانی خۆیان بدەن.
سەرۆکوەزیرانی عێراق سوپاسی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای کرد و رایگەیاند، لەگەڵیدا گەیشتوونەتە رێککەوتن. زەیدی گوتی، "لەگەڵ بەڕێز سەرۆک گفتوگۆم کرد کە 30ی ئەیلوول هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەچنە دەرەوە، لە بەرامبەردا کۆمپانیا ئەمریکییەکان دێنە بازاڕی عێراقەوە. ئەمە تەنیا سەردانێکی ئاسایی نییە، بەڵکو سەردانێکی ئابووریی هاوبەش دەبێت."
ئێران؛ "شەڕانگێزەکەی" ناوچەکە لاواز بووە
سەرۆکی ئەمریکا باسی لە کاریگەرییەکانی ئێران لەسەر عێراق کرد و رایگەیاند، "ئێران بارگرانییەکی گەورە بوو بۆ سەر عێراق، چونکە ئەوان شەڕانگێزی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوون؛ بەڵام ئێستا ئێران زۆر ناسەقامگیر کراوە و هێزی سەربازییان تەنیا بەشێکی زۆر بچووکە لەوەی پێشتر هەیانبوو، ئەمەش ئازادیی بە عێراق داوە تاوەکو ئەوەی دەیەوێت بیکات."
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرش بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە وەڵامیدانەوە. بەگوێرەی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا، توانیویانە سەروو 90%ی توانای مووشەکی، درۆن و بەرهەمهێنانی ئێران تێکبشکێنن.
کۆتاییهێنان بە چەکی دەرەوەی دەوڵەت
یەکێک لە تەوەرە هەرە هەستیارەکانی قسەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، پرسی گرووپە چەکدارەکان بوو. زەیدی رایگەیاند، "کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا خاڵێکی سەرەکیی کارنامەی حکومەتەکەمە و ئەم بڕیارەم هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە."
زەیدی ئاماژەی بەوەش کرد، پێشتر چەکێکی زۆریان لە هەندێک گرووپ وەرگرتووەتەوە و ئەوانەی چەکیان داناوە هاتوونەتە نێو کایەی سیاسی. سەرۆکوەزیران هۆشداریی دا و گوتی، "لەدوای 30ی ئەیلوول پێویست بە بوونی هیچ گرووپێکی چەکدار ناکات و هیچ بیانوویەک بۆ مانەوەیان نامێنێت. رێگە بە هیچ لایەنێک نادەین لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتدا چەک هەڵبگرێت."
عەلی فالح زەیدی راشیگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی عێراق توانای پاراستنی خاکی وڵاتەکەیان هەیە و بڕیارە لە کۆتایی ئەم ساڵ یان سەرەتای ساڵی داهاتوو "گەورەترین کۆنگرەی سەروەریی نیشتمانی" رابگەیێنن، بۆئەوەی دووپاتی بکەنەوە "بڕیاری عێراق تەنیا لە دەستی عێراقییەکانە."
گۆڕینی "باجی هورمز" بۆ وەبەرهێنانی ملیار دۆلاری
دوێنێ، سەرۆکی ئەمریکا لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" رایگەیاند، 20% لەو بارانە وەردەگرن کە بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن، بەڵام ئەمڕۆ پەشیمانبوونەوەی لەو بڕیارەی راگەیاند، ئەمەش لەپێناو وەبەرهێنانی وڵاتانی کەنداو لە ئەمریکا.
ترەمپ گوتی، "دادپەروەرانە نەبوو ئێمە پاسەوانی تەنگەکە بکەین بۆ هەموو جیهان و چین بەبێ بەرامبەر. لەگەڵ پاشا و میرەکانی کەنداو قسەم کردووە، ئەوان لەجیاتی دانی باجی پاراستن، بە ملیاران دۆلار لە ناوخۆی ئەمریکا وەبەرهێنان دەکەن و کارگەی گەورە دروست دەکەن، ئەمەش ملیۆنان هەلی کار بۆ ئەمریکییەکان دابین دەکات."
ئەم هەنگاوەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، بۆ چوارەم شەوی لەسەر یەک ئەمریکا هێرشیکردووەتە سەر ئێران و ئەوانیش بە هێرش بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە، لەوانە بەحرێن، وەڵامی داونەتەوە.
تۆڵەی سولەیمانی و هێرشەکان بۆ سەر ئێران
رۆژی 3ی کانوونی دووەمی 2020، لە بۆردوومانێکی ئەمریکادا بۆ سەر فڕۆکەخانەی بەغدا قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران کوژرا. بڕیارەکە لەلایەن ترەمپەوە درابوو، کە ئەو کات سەرۆکی ئەمریکا و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی بوو.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، هیچ پەشیمان نییە لە لێدانەکانی بۆ سەر ئێران، "من هەلێکم پێدان بۆ رێککەوتن، بەڵام ئەوان نەیانتوانی و یەکەم فیشەکیان تەقاند. ئێمە هەموو توانای سەربازییانمان لێ سەندنەوە. من قاسم سولەیمانیم کوشت، ئەگەر نەمدەکرد چیرۆکەکە ئێستا جیاواز دەبوو. ئەو جەنەراڵێک بوو کە تەنانەت سەرکردەکانی ئێرانیش لێی دەترسان."
هەڵاوسانی ئابووری و "جۆ-ی خەواڵوو"
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ هێرشی کردە سەر جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و گوتی، "ئێمە خراپترین هەڵاوسانمان لە مێژووی وڵاتدا بۆ مابووەوە کە بایدن دروستی کردبوو؛ بەڵام ئێستا نرخەکان زۆر دابەزیون و هێشتا زیاتریش دایاندەبەزێنین." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، شەوی پێنجشەممە راگەیێندراوێکی زۆر گەورەی دەبێت سەبارەت بە "پاکی و یەکپارچەیی هەڵبژاردنەکان."
وەزارەتی کاری ئەمریکا رایگەیاند، پێنوێنی نرخەکانی بەکاربەر لە مانگی حوزەیراندا لەسەر ئاستی ساڵانە بۆ 3.5% دابەزیوە، لە کاتێکدا لە مانگی ئایاردا ئەو رێژەیە 4.2% بوو. ئەم داتایە پاشەکشەیەکی بەرچاوە لە بەرزترین ئاستی سێ ساڵی رابردوو، چونکە دابەزینی تێچووی وزە توانیویەتی قەرەبووی بەرزبوونەوەی نرخی نیشتەجێبوون و خۆراک بکاتەوە.
بەگوێرەی سەرۆکی ئەمریکا، بەشێکی دابەزینی هەڵاوسان بەهۆی سەرکەوتنیان بووە لە جەنگی ئێران دا.
سزا بۆ سەر رووسیا، ئێران و حزبوڵڵا
لە کۆتاییدا، ترەمپ باسی لە پڕۆژە یاسای سزاکانی سەر رووسیا کرد و گوتی: "رەنگە ئێران و حزبوڵڵاشی بۆ زیاد بکەین. ئەمە وەک رێزێک بۆ لیندسی گراهام دەبێت چونکە ئەو ئەمەی زۆر دەویست و چانسێکی باش هەیە کە ئەنجام بدرێت."
رۆژی 11ی تەممووز، لیندزی گراهام، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا کۆچی دوایی کرد. ئەو یەکێک بوو لەو نوێنەرە ئەمریکیانەی زۆرترین کاری لەسەر سزادانی دژبەرانی وڵاتەکەی دەکرد.
داعش 400 ملیار دۆلاری لە عێراق داوە
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عەلی زەیدی، باسی هەڵوێستی وڵاتەکەی کرد لەبارەی ئۆپێک گوتی: " سەبارەت بە ئۆپێک، ئێمە یەکێکین لە دامەزرێنەرانی، بەڵام پشک و مافی عێراقمان دەوێت. عێراق بە پاڵپشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جەنگی دژی داعش و هەموو تیرۆریستانی کرد. ئەو جەنگە تێچوویەکی زۆری هەبوو و ژێرخانی عێراقی وێران کرد. بڕی ئەو زەرەر و زیانەی بەر عێراق کەوت زیاتر لە 400 ملیار دۆلار بوو."


