رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی بەنگلادیش رایانگەیاند، لە ئەنجامی بارانی بەهێزی وەرزییەوە کە بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو و رۆچوونی زەوییەوە، لانیکەم 50 کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان هەزار کەسیش ئاوارە بوون.
بەنگلادیش، وڵاتێکی پڕ رووبارە و لە ئاست بەرزیی دەریاوە زۆر نزمە، لە وەرزی بارانبارین [مۆنسوون] لافاو و رۆچوونی زەویی زۆری لێ روودەدات، بەڵام شارەزایان دەڵێن گۆڕانی کولتوور و کەشوهەوا بووەتە هۆی زیادبوونی چەندایەتی و تووندیی ئەم رووداوە سرووشتییە بەهێزانە.
لە چەند رۆژی رابردوودا، سوپا و پاسەوانانی سنوور بە بەلەم خەریکی گەیاندنی خۆراک، ئاوی خواردنەوە و پێداویستییە سەرەکییەکان بوون بۆ ئەو کۆمەڵگانەی کە بەهۆی لافاوە قورسەکانەوە لە پارێزگەکانی باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە گۆشەگیر ببوون.
محەممەد زیائەدین، بەرپرسێکی ناوچەکە رایگەیاند، لە هەفتەی رابردوودا نزیکەی 50 کەس لە پارێزگەی شاتۆگرام کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، گیانیان لەدەستداوە، لەوانەش 29 کەس بەهۆی رۆچوونی زەوییەوە مردوون.
زیائەدین گوتی، نزیکەی 5 هەزار کەس ناچار بوون پەنا بۆ ناوەندەکانی سەر بە حکومەت ببەن.
لەنێو قوربانییەکانی شاتۆگرامدا، محەممەد فۆرکان هەبوو، کە خێزانەکەی نەیانتوانی وەسێتەکەی جێبەجێ بکەن بۆ بەخاکسپاردنی لە تەنیشت دایک و باوکی، چونکە گۆڕستانی ناوچەکە ژێرئاو کەوتبوو.
نیزام عودین، برازای فۆرکان گوتی: "تەرمی ماممان خستە سەر تەختەیەک و لە تەنیشتییەوە مەلەمان دەکرد بۆ دۆزینەوەی پارچە زەوییەک کە لە ژێر ئاودا نەبێت. دواجار توانیمان لە پارچە زەوییەکی حکومی بەخاکی بسپێرین و نوێژی مردووی لەسەر بکەین."
دەسەڵاتداران نزیکەی چوار هەزار پەناگەیان بۆ ئاوارەکان کردووەتەوە، لە کاتێکدا کەمبوونی خۆراک و ئاوی خواردنەوەی سەلامەت قەیرانەکەی خراپتر کردووە.
هەفتەی رابردووش، بارانی بەلێزمە بووە هۆی رۆچوونی زەوی لە کەمپەکانی پەنابەرانی رۆهینگیا لە کۆکس بازار (Cox's Bazar) کە تێیدا 15 کەس گیانیان لەدەستدا، زۆربەیان منداڵ بوون.



