رووداو دیجیتاڵ
ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار، دۆناڵد ترەمپ رایدەگەیێنێت، "ئاگربەست کۆتایی هاتووە" و هەڕەشەی مووشەکبارانکردنی ئێران دەکات. تاران جەخت دەکاتەوە، ئەوان پابەندی بەڵێنەکانیان بوون و ئەوە واشنتنە رێککەوتنەکەی پێشێل کردووە.
رۆژی شەممە 11ی تەممووزی 2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین پەیامیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس سۆشیاڵ) تۆنی هەڕەشەکانی بەرامبەر تاران تووندتر کرد و گوتی، "ئەگەر ئێران هەوڵی تیرۆرکردنم بدات، ئەوا بە تەواوی ئەو وڵاتە لەناو دەبەم." ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە رەزامەندیی داوە لەسەر بەردەوامبوونی گفتوگۆکان، بەڵام بە روونی بە ئێرانییەکانی گوتووە، "ئاگربەست کۆتایی هاتووە."
ترەمپ دەڵێ، "هەزار مووشەک بەرەو ئێران ئامادە کراون" و ئاماژە بەوەش دەکات، "سوپای ئەمریکا ئامادە، خوازیار و بەتوانایە بۆ ئەوەی هەموو ناوچەکانی ئێران خاپوور و وێران بکات."
لە بەرامبەردا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، وەڵامی تووندی واشنتنی دایەوە و گوتی، "بە پێچەوانەی ئەمریکاوە، تاران تاوەکو ئێستا پابەندی بەڵێنەکانی بووە." عێراقچی واشنتنی تۆمەتبار کرد بەوەی خاڵی نۆیەمی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیانی پێشێل کردووە، کە تایبەت بوو بە نەسەپاندنی سزای نوێ و جێگیرنەکردنی هێزی زیاتر لە ناوچەکەدا.
قەیرانی تەنگەی هورمز و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
لەگەڵ ئەم هەڕەشانە، واشنتن تاوەکو کۆتایی رۆژی شەممە 11-07-2026 مۆڵەتی داوەتە تاران بۆ ئەوەی هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز رابگرێت. تەنگەکە شادەماری گواستنەوەی نەوتی جیهانە، لەلایەن ئێرانەوە وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بە کردەیی داخراوە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاش وەک گوشارێکی زیاتر، مۆڵەتی کاتیی فرۆشتنی نەوتی ئێرانی هەڵوەشاندەوە، کە بڕیار بوو تاوەکو 21ـی ئاب بەردەوام بێت.
سەرباری ئاڵۆزییەکان، نێوەندگیرییەکانی قەتەر و پاکستان و عومان بەردەوامن. وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ گفتوگۆ لەسەر دۆخی تەنگەی هورمز دەچێتە عومان، هاوکات شاندێکی قەتەری لە تارانن بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە. شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوای لە مەسعود پزیشکیان کردووە پارێزگاری لەو "ئاشتییە سەختە" بکەن کە بەدەستهاتبوو.
بەڵام محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و یەکێک لە دانوستاندنکارە باڵاکانی ئەو وڵاتە رایگەیاند، "ئەم رووبەڕووبوونەوەیە قەت بە خۆبەدەستەوەدانی ئێران کۆتایی نایەت و ئێمە بە تەواوی ئامادەین بۆ بەرگری لە خۆمان."
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
