رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی ئەمریکا رۆژی هەینی تاوانبارکردنی 8 کەسی راگەیاند کە پلانیان دانابوو بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی "تیرۆریستی" بۆ سەر چالاکییەکی وەرزشیی زۆرانبازی لە کۆشکی سپی کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا میوانداریی کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، تاوانبارەکان کە تەمەنیان لە نێوان 19 بۆ 32 ساڵە، پلانیان دانابوو درۆنی بۆمبڕێژکراو بۆ هێرشکردنە سەر ئامادەبووانی گۆڕەپانی کۆشکی سپی بەکاربێنن؛ هەروەها پلانیان هەبووە لە کاتی دروستبوونی هەر پشێوییەکدا، نیشانەشکێنەکانیان "ئامانجە باڵاکان" و بەرپرسانی حکوومەت بپێکن.
هێزە ئەمنییەکانی ئەمریکا رایانگەیاند، توانیویانە پێش دەستپێکردنی چالاکییەکە، کە لە 14ـی حوزەیرانی رابردوو بە ناوی یو ئێف سی فریدم 250 بەڕێوەچوو، پلانەکە پووچەڵ بکەنەوە. ئەو چالاکییە هاوکات بوو لەگەڵ یادی 80 ساڵەی لەدایکبوونی دۆناڵد ترەمپ و یەکەمین رۆژی ئاهەنگەکانی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمریکا. چالاکییەکە بێ هیچ رووداوێک کۆتایی هات.
وەزارەتی داد ئاشکرای کرد کە ئەم 8 کەسە لە دادگەیەکی فیدراڵی لە شاری کۆڵۆمبس لە ویلایەتی ئۆهایۆ رووبەڕووی دوو تۆمەتی سەرەکی کرانەوە: پلانی پێشوەختە بۆ کوشتنی بەرپرسێکی باڵای حکوومەتی فیدراڵی و دابینکردنی هاوکاریی ماددی بۆ تیرۆریستان.
داواکاری گشتی ئاماژەی بەوە کردووە کە تاوانبارەکان خەڵکی ویلایەتە جیاوازەکانن و لە رێگەی چاتەوە پەیوەندییان بەیەکەوە کردووە تاوەکو پلانی هێرشەکە دابڕێژن و کەسانی دیکەش بۆ ناو گرووپەکەیان رابکێشن.
هەشتەمین تاوانبار کە گەنجێکی تەمەن 21 ساڵە و ناوی چاندلەر سکاگسە، لەم هەفتەیەدا لە ویلایەتی ڤێرجینیای رۆژئاوا دەستگیرکرا. بەپێی لێکۆڵینەوەکان، ئەو کەسە وەک نیشانەشکێنی سەرەکی لە پلانەکەدا دیاریکرابوو.
کۆشکی سپی بە یەکێک لە پارێزراوترین شوێنەکانی جیهان دادەنرێت کە بە توندی لەلایەن هێزە تایبەتەکان، سیستمەکانی دژە فڕۆکە و کامێرای چاودێریی وردەوە دەورەدراوە.
ئەم هەوڵە نوێیە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ لە ساڵانی دواییدا رووبەڕووی چەندین هەوڵی تیرۆرکردن بووەتەوە؛ دوایین جاریش لە مانگی نیسانی رابردوو بوو، کاتێک چەکدارێک هەوڵیدا هێرش بکاتە سەر ئاهەنگێکی گەورەی نانی ئێوارە لە واشنتن کە سەرۆکی ئەمریکا تێیدا ئامادە بوو.



