رووداو دیجیتاڵ
هەموو شەوێک تریلیۆنان بوونەوەری بچووکی ئاوی، قووڵایی زەریاکان جێدەهێڵن و بەرەو رووکاری ئاوەکە مەلە دەکەن، ئەمەش گەورەترین کۆچی ئاژەڵانە لەسەر زەوی.
ئەم گەشتە، کە بە "کۆچی ستوونیی رۆژانە" دەناسرێت، هەموو رۆژێک لە جیهاندا روودەدات. لەگەڵ هاتنی تاریکیدا، ئاژەڵانی وەک زۆپلانکتۆن (بوونەوەرە مایکرۆسکۆپییەکان)، ماسییە رووناک کەرەوە و بچووکەکان لە "ناوچەی تەمومژاوی" زەریاکانەوە سەر دەکەون بۆ خۆراک خواردن. پێش هەڵاتنی خۆر، ئەوان سەدان مەتر دەگەڕێنەوە بۆ ژێر رووی ئاوەکە بۆ ئەوەی لە دەست ئاژەڵە راوکەرەکان رزگاریان بێت.
زانایان دەڵێن ئەم جووڵە رۆژانەیە نەک تەنیا بۆ ژیانی دەریایی گرنگە، بەڵکو یارمەتی خاوکردنەوەی گۆڕانی کەشوهەواش دەدات.
توێژینەوەیەکی هاوچەرخ لە ساڵی 2026، کە لەلایەن د. لۆرا هۆبس لە کۆمەڵەی سکۆتلەندی بۆ زانستە دەریاییەکان و د. جۆن کۆپڵی لە زانکۆی ساوسهامپتن سەرپەرشتی کراوە، دەرخەری ئەو راستییەیە کە تریلیۆنان بوونەوەری دەریایی بچووک ساڵانە تاوەکو شەش گێگا تۆن کاربۆن قەتیس دەکەن (کۆدەکەنەوە)، ئەمەش یارمەتی رێکخستنی کەشوهەوای زەوی دەدات.
ناوچەی تەمومژاوی زەریا
ناوچەی تەمومژاوی زەریا دەکەوێتە نێوان 200 بۆ 1000 مەتر لە ژێر رووی ئاوەکەوە. پێشبینی دەکرێت ئەم ناوچەیە زێدی 95%ی تەواوی ماسییەکانی جیهان بێت. لە ماوەی جەنگی دووەمی جیهانیدا، بەکاربەرانی ئامێری سۆنار بۆ یەکەم جار چینێکی نادیاریان دۆزییەوە کە وادیاربوو هەموو رۆژێک بەرز و نزم دەبێتەوە. دواتر توێژەران تێگەیشتن کە ئەمە لە ژمارەیەکی بێشومار لە ئاژەڵی دەریایی پێکهاتووە کە پێکەوە کۆچ دەکەن.
کاتێک ئەم ئاژەڵانە لە نزیک رووی ئاوەکە خۆراک دەخۆن، مادە ئۆرگانییە دەوڵەمەندەکان بە کاربۆن بەکاردەبەن. کاتێکیش دەگەڕێنەوە بۆ قووڵایی زەریا، ئەو کاربۆنە لەگەڵ خۆیان دەبەنە خوارەوە. زانایان مەزەندە دەکەن کە ئەم پرۆسەیە ساڵانە تاوەکو شەش گێگا تۆن کاربۆن دەباتە قووڵایی دەریاکانەوە، کە دەکرێت بۆ سەدان یاخود تەنانەت هەزاران ساڵ لەوێدا کۆگا بکرێت لەبری ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ بەرگەهەوا.
توێژەران لەو باوەڕەشدان کە جووڵەی ملیاران ئاژەڵی مەلەوان یارمەتی تێکەڵبوونی ئاوی زەریاکان و بڵاوبوونەوەی مادە خۆراکییەکان دەدات، ئەگەرچی بۆ دڵنیابوونەوە لە کاریگەرییە تەواوەکەی پێویستی بە توێژینەوەی زیاتر هەیە.
مەترسییەکانی سەر 'ناوچەی تەمومژاوی'
زانایان هۆشداریی دەدەن کە ناوچەی تەمومژاوی رووبەڕووی گوشاری بەردەوامی گۆڕانی کەشوهەوا و زیادبوونی گرنگیپێدان بە راوەماسی لە قووڵایی دەریاکاندا دەبێتەوە. گەرمبوونی زەریاکان و کەمبوونەوەی سەهۆڵی دەریایی ژینگەی زۆرێک لە جۆرەکان دەگۆڕێت و دەکرێت کۆچی رۆژانەیان تێکبدات.
یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشت (IUCN) داوای راگرتنی کاتیی فراوانکردنی راوەماسی لە ناوچەی تەمومژاویدا کردووە، تاوەکو ئەو کاتەی زانایان بە باشی لەم سیستمە ژینگەییە کەم ناسراوە و گرنگییەکەی بۆ ژیانی دەریایی و کەشوهەوای زەوی تێدەگەن.
.jpg&w=3840&q=75)

