رووداو دیجیتاڵ
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رێککەوتنی واشنتن لەگەڵ تاران لەسەر بنەمای "وەستاندنی هێرشەکان لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆکان" بووە، بەڵام چونکە ئێران دەستی بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکان کردووەتەوە، ئەمریکا "زۆر بەهێزتر لە جاران" گورزیان لێدەدات.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە، 8ـی تەممووزی 2026 لە شاری میلوۆکی لە ویلایەتی ویسکۆنسن گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر هەڵوەشانەوەی ئاگربەست لەگەڵ ئێران. ڤانس رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی پێش دەستپێکردنی دانوستاندنەکان لە پێگەیەکی زۆر بەهێزدا بوون و گوتی: "بەهۆی هێزەکانمان، ئێمە بە بەرزترین ئاستی گوشار و هێزەوە چووینە نێو ئەم دۆخە؛ بەرنامە ئەتۆمییەکەیان تێکشکێندرا و سوپا تەقلیدییەکەشیان راماڵرا."
جێگری سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد، هەندێک کەس لەنێو سیستمی دەسەڵاتداریی ئێراندا خوازیاری گۆڕینی پەیوەندییەکان بوون لەگەڵ واشنتن، بۆیە دۆناڵد ترەمپ بڕیاری دا دەرفەتێک بە دیپلۆماسی بدات تاوەکو بزانێت ئایا "کەسانی ژیر" لەو سیستمەدا دەتوانن جڵەوی کارەکان لە "کەسانی شێت" وەربگرن یان نا.
ڤانس وردەکاریی ئەو رێککەوتنەی ئاشکرا کرد کە لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا لەسەری پێکهاتبوون و گوتی: "ئەو رێککەوتنە بنەڕەتییەی کە ئەنجامماندا زۆر روون بوو؛ ئێمە گەمارۆی سەر وڵاتەکەتان لادەبەین ئەگەر ئێوە هێرشەکانتان بۆ سەر کەشتییەکان رابگرن. بەڵام هێرش بکەنە سەر کەشتییەکان، بە تووندی وەڵام دەدەینەوە و زۆر بەهێزتر لە هەموو کاتێک گورزتان لێ دەوەشێنین."
بەگوتەی جەی دی ڤانس، تاران تەنیا بۆ ماوەی یەک هەفتە پابەندی رێککەوتنەکە بووە و رەفتاری باش بووە، بەڵام لە 24 کاژێری رابردوودا دووبارە دەستی بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکان کردووەتەوە. ڤانس هۆشدارییەکی تووندی دایە سەرکردایەتیی ئێران و گوتی: "رێککەوتنەکە زۆر سادەیە؛ ئەگەر هێرش بکەنە سەر کەشتییەکان، تێکیان دەشکێنین. ئەوە زۆر سادەیە و شێوازی کارکردنی بنەڕەتیی ئێمە بەو جۆرەیە."
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەسەر پاراستنی تەنگەی هورمز کردەوە و رایگەیاند، سەرۆک ترەمپ پەیامێکی زۆر روونی بۆ تاران ناردووە کە دەبێت ئەو رێڕەوە ئاوییە بە کراوەیی بمێنێتەوە. ڤانس گوتی: "دەبێت نەوت و گاز بۆ گەلی ئەمریکا بڕوات. هەر لەبەر ئەوەشە کە دەبینن نرخی سووتەمەنی و نەوت لە بازاڕەکاندا بەو شێوەیە دابەزیوە، چونکە سەرۆک گوتی ئەو شاخوێنبەرە سەرەکییەی وزەی جیهانی لێوە دەڕوات، دەبێت بە کراوەیی بمێنێتەوە."
ڤانس هۆشداری دایە ئێرانییەکان و گوتی، دەبێت بزانن هەر هەوڵێک بۆ داخستنی تەنگەی هورمز، وەڵامی سەربازیی ئەمریکای لێدەکەوێتەوە و گوتی: "ئەوان دەتوانن پابەندی رێککەوتنەکە بن، یان رووبەڕووی هەمان ئەو شتە ببنەوە کە شەوی رابردوو بەسەریاندا هات؛ ئەمە هەر بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو رێڕەوە دەکەنەوە و هێرشی سەر کەشتییەکان رادەگرن."
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدا، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند کە 80 ئامانجی سەربازییان لە ناوخۆی ئێران بۆردوومان کردووە وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئێران بۆ سەر سێ کەشتیی نەوتگوێزەرەوە لە تەنگەی هورمز.
دۆناڵد ترەمپ رۆژی چوارشەممە لە لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە بە فەرمی کۆتاییهاتنی ئاگربەستی لەگەڵ ئێران راگەیاند و گوتی بەهۆی پابەندنەبوونی ئێران بە ئاگربەستەکە، هێرشەکانیان بەردەوام دەبێت.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
