رووداو دیجیتاڵ
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە فەرمی دەستی بە رێکارەکانی لابردنی سووریا لە لیستی ئەو وڵاتانە کرد کە وەک "سپۆنسەری تیرۆر" پۆلێن کراون؛ وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش دەڵێت، ئەم هەنگاوە دەرگای وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە بە رووی گەلی سووریادا دەکاتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 8ـی تەممووزی 2026، مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "لابردنی سزاکانی سەر سووریا بازرگانی و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی چالاک دەکات، هەلێک بە سووریا دەدات بۆ ئاوەدانکردنەوە و لاپەڕەیەکی نوێ بۆ گەلی سووریا دەکاتەوە."
ئەم بڕیارە فەرمییەی وەزارەتی دەرەوە هاوکاتە لەگەڵ لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە تورکیا، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان سەبارەت بە ئەگەری لابردنی سووریا لە لیستی تیرۆر گوتی: "پێموایە ئەو کارە دەکەم."
لابردنی سووریا لەم لیستە وەرچەرخانێکی مێژووییە لە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و دیمەشق، چونکە بۆ چەندین دەیە بوو ئەو پۆلێنکردنە رێگر بوو لە هەر جۆرە هاوکارییەکی دارایی، وەبەرهێنان و هەناردەکردنی کەرەستەی بەرگری بۆ ئەو وڵاتە.
ئەم هەنگاوەی ترەمپ تەواوکەری ئەو بڕیارانەیە کە پێشتر داویەتی، کاتێک فەرمانێکی واژۆ کرد بۆ کۆتاییهێنان بە بەرنامەی سزاکانی سەر سووریا، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە گۆشەگیریی ئەو وڵاتە لە سیستمی دارایی نێودەوڵەتی و یارمەتیدانی لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەدا دوای جەنگی ناوخۆ.
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، چەندین کۆمپانیای سعودی پلانیان هەیە بە ملیاران دۆلار وەبەرهێنان لە سووریادا بکەن، وەک بەشێک لە هەوڵەکانی ریاز بۆ پاڵپشتیی بووژانەوەی ئەو وڵاتە. هاوکات وڵاتانی دیکەی کەنداویش بەڵێنی هاوکاریی داراییان داوە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشتر زۆربەی سزاکانی سەر سووریای هەڵوەشاندووەتەوە، لە نێویشیاندا "یاسای قەیسەر"، کە سزای تووندی بەسەر ئەو کەس و کۆمپانیایانەدا دەسەپاند کە پەیوەندییان بە بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریاوە هەبوو.
واشنتن جەخت دەکاتەوە کە سزاکان تەنیا لەسەر ئەسەد، هاوکارەکانی و ئەو کەسانە بەردەوام دەبن کە دەستیان لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤدا هەبووە.
دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونەوەکەدا ستایشی ئەحمەد شەرعی کرد و گوتی: "ئەو لەلایەن هەمووانەوە رێزی لێدەگیرێت، لە نێویشیاندا من."
ئەحمەد شەرع، کە پێشتر فەرماندەی بەرەی نوسرەی سەر بە قاعیدە بوو لە سووریا پێش ئەوەی لە ساڵی 2016ـدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو گرووپە بپچڕێنێت و گرووپێکی دیکە بە ناوی دەستەی تەحریری شام، لە کۆتایی ساڵی 2024ـدا سەرکردایەتیی هاوپەیمانییەکی گرووپە ئیسلامییە یاخیبووەکانی کرد بۆ رووخاندنی رژێمی بەشار ئەسەد.


.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)