رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بیر لەوە دەکاتەوە سووریا لە لیستی ئەو وڵاتانە لاببات کە واشنتن وەک "سپۆنسەری تیرۆر" پۆلێنی کردوون. راشیگەیاند، سەرۆکی نوێی سووریا لەلایەن هەمووانەوە "رێزی لێدەگیرێت".
رۆژی چوارشەممە، 8ـی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە تورکیا، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان سەبارەت بە ئەگەری لابردنی سووریا لە لیستی تیرۆر گوتی: "پێموایە ئەو کارە دەکەم."
لابردنی سووریا لەو لیستە وەرچەرخانێکی گەورە دەبێت، چونکە چەندین کۆتوبەندی سەرەکی لەسەر هاوکارییە بیانییەکانی ئەمریکا، هەناردەی بەرگری و مامەڵە داراییەکان لەگەڵ دیمەشق لادەبات.
ئەم هەنگاوەی ترەمپ تەواوکەری ئەو بڕیارانەیە کە پێشتر داویەتی، کاتێک فەرمانێکی واژۆ کرد بۆ کۆتاییهێنان بە بەرنامەی سزاکانی سەر سووریا، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە گۆشەگیریی ئەو وڵاتە لە سیستمی دارایی نێودەوڵەتی و یارمەتیدانی لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەدا دوای جەنگی ناوخۆ.
بە گوێرەی میدیای ئەمریکا، چەندین کۆمپانیای سعودی پلانیان هەیە بە ملیاران دۆلار وەبەرهێنان لە سووریادا بکەن، وەک بەشێک لە هەوڵەکانی ریاز بۆ پاڵپشتیی بووژانەوەی ئەو وڵاتە. هاوکات وڵاتانی دیکەی کەنداویش بەڵێنی هاوکاریی داراییان داوە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشتر زۆربەی سزاکانی سەر سووریای هەڵوەشاندووەتەوە، لە نێویشیاندا "یاسای قەیسەر"، کە سزای تووندی بەسەر ئەو کەس و کۆمپانیایانەدا دەسەپاند کە پەیوەندییان بە بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریاوە هەبوو.
واشنتن جەخت دەکاتەوە کە سزاکان تەنیا لەسەر ئەسەد، هاوکارەکانی و ئەو کەسانە بەردەوام دەبن کە دەستیان لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤدا هەبووە.
دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونەوەکەدا ستایشی ئەحمەد شەرعی کرد و گوتی: "ئەو لەلایەن هەمووانەوە رێزی لێدەگیرێت، لە نێویشیاندا من."
ئەحمەد شەرع، کە پێشتر فەرماندەی بەرەی نوسرەی سەر بە قاعیدە بوو لە سووریا پێش ئەوەی لە ساڵی 2016ـدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو گرووپە بپچڕێنێت و گرووپێکی دیکە بە ناوی دەستەی تەحریری شام، لە کۆتایی ساڵی 2024ـدا سەرکردایەتیی هاوپەیمانییەکی گرووپە ئیسلامییە یاخیبووەکانی کرد بۆ رووخاندنی رژێمی بەشار ئەسەد.
ترەمپ دەستخۆشی لە هەنگاوەکانی شەرع کردووە لە رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی رێکخراوی داعش لە ناوچەکەدا.


.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)