رووداو دیجیتاڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە هەڵوەشاندنەوەی فەرمیی ئاگربەستی لەگەڵ ئێران راگەیاند و گوتیشی، هێزەکانی وڵاتەکەی ئەمشەو گورزێکی "زۆر توند" لە تاران دەوەشێنن. دۆناڵد ترەمپ رۆژی چوارشەممە، 8ـی تەممووزی 2026 لە پەراوێزی لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "ئەوان (ئێرانییەکان) هەموو رۆژێک رێککەوتنەکە پێشێل دەکەن؛ ئاگربەست کۆتاییهات." ترەمپ جەختی کردەوە، "شەوی رابردوو بە توندی لێمان دان و پێدەچێت ئەمشەویش زۆر توندتر لێیان بدەینەوە." پەرەسەندنی سەربازی و لێدانی ئامانجەکان فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندبوو، زیاتر لە 80 ئامانجی سەربازییان لە ناوخۆی ئێران پێکاوە، لەوانەش بنکە دەریاییەکان، سەکۆی هاوێشتنی مووشەک، بنکەکانی فەرماندەیی و 60 بەلەمی خێرا. سێنتکۆم روونیکردەوە، مەبەستی سەرەکیی هێرشەکان "راماڵینی ئەو توانایانەی ئێرانە کە بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی دەریاوانی بەکاریان دەهێنێت"، بەتایبەت دوای ئەوەی تاران هێرشی کردە سەر کەشتییەکی قەتەری کە غازی سروشتیی هەڵگرتبوو. لە وەڵامدا، سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کوێت و بەحرێن. سوپای کوێت پشتڕاستیکردەوە، توانیویانە 2 مووشەکی بالیستی و 13 درۆنی تێکبشکێنن و تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە. وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش رایگەیاند، هێرشە بەردەوامەکانی ئەمریکا ئاگربەستەکەیان لەنێوبردووە. کاریگەرییە ئابوورییەکان و سزاکانی نەوت دوای هێرشەکان، نرخی نەوت بە رێژەی 5% بەرزبووەوە؛ بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتە 78.09 دۆلار. هاوکات وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هەموو ئەو مۆڵەت و ئاسانکارییانەی هەڵوەشاندەوە کە رێگەیان بە ئێران دەدا لە کاتی دانوستاندنەکاندا نەوت بفرۆشێت. ترەمپ هۆشداریی دا، ئەگەر تاران بەردەوام بێت، رەنگە ئەمریکا دەست بەسەر ژێرخانی وزەی ئێراندا بگرێت، بەتایبەتی دوورگەی خارگ کە ناوەندێکی ستراتیژیی هەناردەی نەوتە. بەهۆی مەترسییەکانەوە، لانیکەم 4 کەشتیی زەبەلاحی نەوت و غاز رێڕەوی خۆیان لە تەنگەی هورمز گۆڕیوە و ئامادە نین لەو ناوچە مەترسیدارە تێپەڕ بن. جەنگی ئێران لە کۆتایی مانگی شوبات دەستیپێکرد. لە کاتێکدا وڵاتانی وەک میسر، ئوردن و قەتەر سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانیان بۆ سەر کوێت و بەحرێن کردووە، ترەمپ دەڵێت تاران تەنیا بۆ کات کوشتن دانوستاندنی کردووە و "ئێمەی وەک گەمژە بینیوە"، بۆیە بژارەی سەربازی دەبێتە لەپێشینەی کارەکانی. یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و ئێران لە 17ـی حوزەیران لە چوارچێوەی رێککەوتن لەسەر 14 خاڵ واژۆکرا، ئەمریکا بڕیاری هەڵگرتنی گەمارۆی بەندەرەکانی ئێرانی لە تەنگەی هورمزدا دا و لە بەرامبەردا ئێران رێگە بدات کەشتییەکان بە تەنگەکەدا تێپەڕبن. ئێران سوور بوو لەسەر ئەوەی کەشتییە بازرگانییەکان رێڕەوێکی باکوور بەکاربهێنن کە لەژێر کۆنترۆڵی راستەوخۆی خۆیدایە. لە بەرامبەردا، ئەمریکا دەیەوێ کەشتییەکان رێڕەوی باشووری تەنگەکە بەکاربهێنن. ئێران ئەو کەشتییانەی کردە ئامانج کە رێڕەوە باشوورییەکەیان بەکاردەهێنا، بەو بیانووەی کە هۆشدارییەکانیان پشتگوێ خستووە.
جیهان08-07-2026لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە؛ 50 ملیار دۆلار بۆ کڕینی چەک تەرخان دەکات و هۆشداری دەداتە ئێران