رووداو دیجیتاڵ
ئۆکراینا بە زیاتر لە 400 درۆن هێرشی کردە سەر مۆسکۆی پایتەختی رووسیا. ئەم هێرشە بەرفراوانە چەند کاژێرێک پێش دەسپێکردنی لووتکەی ناتۆ لە تورکیا دێ، کە چاوەڕوان دەکرێ پرسی جەنگ تەوەرە سەرەکییەکەی بێت.
سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ رایگەیاند، لە ئێوارەوەی دوێنێوە تاوەکو کاژێر 6:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، زیاتر لە 430 درۆن نێردراونەتە سەر مۆسکۆ و دەوروبەری. سۆبیانین ئاماژەی بەوە کرد، زۆربەی درۆنەکان پێش نزیکبوونەوە خراونەتە خوارەوە و 36 درۆنیش لە کاتی نزیکبوونەوەیان لە مۆسکۆ تێکشکێنراون.
هاوکات ئەلیکساندر شوڤایێڤ، پارێزگاری شاری بێلگۆرۆد رایگەیاند، چەند هێرشێکی مووشەکی کراوەتە سەر بێلگۆرۆد لە باشووری رۆژئاوای رووسیا. بەگوێرەی گوتەی شوڤایێڤ، هێرشە مووشەکییەکان کەسێکی مەدەنی لە گوندی بێلۆڤسکۆیە، کوژراوە.
داواکاریی زێلێنیسکی لە هاوپەیمانەکانی ناتۆ
ئەم هێرشانەی ئۆکراینا دوای ئەوە دێن رۆژی دووشەممە هێرشەکانی رووسیا بوونە هۆی کوژرانی 30 کەس لە ئۆکراینا. ڤۆلۆدیمیر زێلێنیسکی، سەرۆکی ئۆکراینا داوای لە هاوپەیمانەکانی کرد لە لووتکەی ئەنقەرە "بڕیاری تووند" بدەن بۆ پشتگیریکردنی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی.
زێلێنیسکی لە پەیامێکدا رایگەیاند: "زۆر گرنگە جیهان، بەتایبەتی ئەمریکا و هاوبەشە ئەورووپییەکانمان، لە لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە بە بڕیاری تووندەوە بۆ پشتگیریکردنی بەرگریی ئاسمانیی ئێمە بێنە دەرەوە."
جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا چووەتە چوارەم ساڵی خۆیەوە و لەم مانگانەی دواییدا هەردوولا هێرشە دوورمەوداکانیان بە درۆن و مووشەک زیاد کردووە. لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە لە قۆناخێکی هەستیاردایە و ئۆکراینا گوشار دەخاتە سەر وڵاتانی رۆژئاوا بۆ دابینکردنی چەکی پێشکەوتووتر.
ئەم هێرشە درۆنییەی سەر مۆسکۆ وەک پەیامێکی کیێڤ دەبینرێت پێش دەسپێکردنی گفتوگۆکانی ناتۆ، تاوەکو نیشانی بدات دەتوانێت بگاتە قووڵایی خاکی رووسیا.


