رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، واشنتن بەدوای گۆڕینی رژێمەوە نییە لە ئێران، بەڵام "بەهۆی گورزەکانی ئەمدواییەوە پەیەکەری سەرکردایەتیی تاران گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە."
دۆناڵد ترەمپ، لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئێمە هەوڵی گۆڕینی رژێممان نەدا، بەڵام ئێستا دەبینین کە رژێمی یەکەم و دووەم نەماون و ئەمەی سێیەم عەقڵانیترە؛ ئێستا ئەمریکا یان دەگاتە رێککەوتن لەگەڵ تاران، یان کارەکە بە تەواوی کۆتایی پێدەهێنێت."
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، ئامانجی سەرەکیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان تەنیا ئەوە بووە کە ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ئەو بە ئاماژەدان بە توانای سەربازیی وڵاتەکەی، باسی زیانەکانی ئێران کرد و گوتی: "ئێمە 159 کەشتیی ئێرانمان بە تەواوی تێکشکاندووە و ئێستا لە بنی دەریادان؛ ئێران چیدیکە هیچ فڕۆکەیەک، یان تەنانەت سیستمی رادار و هێزی ئاسمانیشی نەماوە."
ترەمپ رایگەیاند، "واشنتن دەتوانێت لە ماوەی تەنیا 1 کاژێردا تەواوی پردەکانی ئێران بڕووخێنێت و وێستگەکانی کارەبا پەک بخات."
ترەمپ، گەمارۆی دەریایی سەر ئێرانی بە "گەورەترین گەمارۆ لە مێژووی هاوچەرخدا" وەسف کرد و ئاماژەی بەوە کرد، تەنگەی هورمز وەک "ئامێرێکی گەورەی پارە پەیداکردن" بووە بۆ ئێران، بەڵام ئەوان پەکیان خستووە.
گوتیشی، هۆکاری جێگیریی نرخەکانی نەوت لە جیهاندا و نەگەیشتنی بە 300 یان 350 دۆلار، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەمریکا بە بەردەوامی نەوتی لە هاوکێشەکە دەرهێناوە، بەڵام ئێستا گەمارۆکەیان بە شێوەیەکی کاتی سووک کردووە چونکە لە رێککەوتن نزیک بوونەتەوە.
محەممەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی شاندی دانوستاندنــکاری ئێران، لە لێدوانێکدا کە ئاژانسی (فارس) بڵاوی کردووەتەوە، جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئابادی بە "سەخت بەڵام مومکین" وەسف کرد.
قاڵیباف لە پەراوێزی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران، جەختی کردەوە کە "دیپلۆماسی و دانوستاندن دەبێت بتوانن گرێکوێرە سەربازییەکان بکەنەوە و دەستکەوتی جەنگاوەران لە مەیداندا بپارێزن." ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران هێشتا لەگەڵ ئەمریکا لە ئاشتیدا نییە و بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی بەرەی مقاوەمە چ بە مووشەک یان بە گوشاری سیاسی.



