رووداو دیجیتاڵ
سێرگی سۆبیانین، سەرۆکشارەوانیی مۆسکۆ رایگەیاند، هێزەکانی ئۆکراینا بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 07-07-2026 بە بەکارهێنانی زیاتر لە 400 درۆن هێرشیان کردووەتە سەر مۆسکۆی پایتەختی رووسیا، ئەمەش تەنیا چەند کاژێرێک پێش دەستپێکردنی لووتکەی ناتۆ لە تورکیا دێت.
سەرۆکشارەوانیی مۆسکۆ بڵاویکردەوە: "لە ئێوارەوە تاوەکو کاژێر 6:00ـی بەیانی، زیاتر لە 430 درۆن بە ئاراستەی ناوچەی مۆسکۆ دەفڕین."
سۆبیانین ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی درۆنەکان لە "رێڕۆ دوورەکانەوە" لە مۆسکۆی پایتەخت خراونەتە خوارەوە، لە کاتێکدا 36 درۆنیان لە کاتی نزیکبوونەوەیان لە مۆسکۆ بە تەواوی تێکشکێندراون.
ئەم هێرشە بەرفراوانە ئاسمانییە تەنیا چەند کاژێرێک پێش دەستپێکردنی لووتکەی رێکخراوی هاوپەیمانیی ئەتڵەسی باکوور (ناتۆ) دێت لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، کە بڕیارە تێیدا سەرکردەکانی هاوپەیمانێتییەکە پێشهاتە ئەمنی و سەربازییەکانی جەنگەکە و پەیوەندییەکانیان تاووتوێ بکەن.
لە رۆژانی رابردووشدا، مۆسکۆ رووبەڕووی هێرشی چڕی هاوشێوەی درۆنی ئۆکراینی بووەتەوە، کە تێیدا زیاتر لە 419 درۆنی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا تێکشکاندبوو، کە لە گوندێکی دەوروبەری مۆسکۆ بووە هۆی کوژرانی منداڵێکی تەمەن شەش مانگ. کیێڤ لەم دواییانەدا هێرشە دوورمەوداکانی خۆی بۆ سەر مۆسکۆ و پاڵاوگەکانی نەوتی رووسیا چڕتر کردووەتەوە بە ئامانجی پەکخستنی سەرچاوەی داهاتەکانی کرێملن بۆ پاڵپشتیکردنی جەنگە چوار ساڵەیەکەیان.
دوێنێ دووشەممە مۆسکۆ هێرشێکی چڕی کردە سەر کیێڤ و 18 کەس کوژران و 60ـی دیکەش برینداربوون.



