رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی رووسیا دەڵێ، شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ، 519 درۆنی ئۆکراینای لە ئاسمانی 20 هەرێمی رووسیا و نیمچەدوورگەی کریمیا خستووەتە خوارەوە.
ئەم هێرشە بەرفراوانەی درۆنەکان لە کاتێکدایە، هەر رۆژی دووشەممە لە ئەنجامی بۆردوومانێکی رووسیاوە بۆسەر ناوچەکانی کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا، لانیکەم 10 کەس کوژران.
بەپێی زانیارییەکانی دامودەزگەکانی ناوخۆ، درۆنەکانی ئۆکراینا مۆسکۆی پایتەخت و دەوروبەریشیان کردووەتە ئامانج و 11 درۆن کە بەرەو پایتەخت دەچوون، خرانە خوارەوە؛ هەروەها لە هەرێمی لینینگراد لە باکووری رۆژئاوای وڵاتەکەش 56 درۆن تێکشکێندران.
لە نیمچەدوورگەی کریمیاش، چەندین درۆن خرانە خوارەوە. سێرگی ئاکسیۆنۆڤ، پارێزگاری کریمیا لە تۆڕی تەلەگرامەوە بڵاویکردەوە کە بەهۆی ئەم "هێرشە دووژمنکارانەیە" ژنێک لە شاری کێرچ کوژراوە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە هەمان ناوچە، شاری سێڤاستۆپۆڵ کە دەکەوێتە سەر دەریای رەش بێ کارەبا ماوەتەوە، ئەوسش بەهۆی هێرشێکی ئۆکراینا بۆسەر ژێرخانی وزە لە دەوروبەری شارەکە، ئەوەش بەگوتەی میخائیل رازڤۆژایێڤ، سەرۆک شارەوانیی شارەکە کە لەلایەن مۆسکۆوە دانراوە.
لە هەرێمی یارۆسلاڤ، کە 300 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی مۆسکۆوە دوورە، لە ئەنجامی هێرشێکی "گەورە"ی درۆنەکانی ئۆکراینا دوو کەس بریندار بوون و زیاتر لە 70 درۆن لەو هەرێمەدا خرانە خوارەوە.
لەوەتەی رووسیا لە شوباتی 2022ـەوە هێرشی بەرفراوانی بۆ سەر ئۆکراینا دەستپێکردووە، رۆژانە بۆردوومانی ئەو وڵاتە دەکات. لە بەرامبەریشدا، سوپای ئۆکراینا بەردەوام بە درۆن هێرش دەکاتە نێو قووڵایی خاکی رووسیا.
ئەم پەرەسەندنانەی شەڕ لە کاتێکدان، ئەو دانوستاندنـانەی بە نێوەندگیریی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە بەڕێوەدەچوون، لەم قۆناخەدا بەتەواوی چەقبەستوون و هیچ بەرەوپێشچوونێکیان بەخۆوە نەبینیوە.



