رووداو دیجیتاڵ
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییەکی تووندی لەبارەی خێرایی گەشەسەندنی ژیریی دەستکرد دا و گوتی: "ئەم تەکنەلۆجیایە بێ هیچ پلان و رەزامەندییەک خەریکە تاقیکردنەوە بەسەر کۆمەڵگەکەی ئێمەدا دەکات، بۆیە دەبێت بەپەلە یاسای جیهانی بۆ کۆنترۆڵکردنی دابنێین".
رۆژی دووشەممە لە جنێڤی سویسرا، لە یەکەمین کۆبوونەوەی (گفتوگۆی جیهانی بۆ بەڕێوەبردنی ژیریی دەستکرد) کە نوێنەرانی حکومەتەکان، کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا و زانایانی کۆکردبووەوە، تیشکی خستە سەر چەند مەترسییەکی گەورەی ئەم تەکنەلۆجیایە.
ئامێرەکان خۆیان بڕیاردەدەن
گۆتێرێز گوتی: "ژیریی دەستکرد چیدیکە تەنیا ئامرازێک نییە چاوەڕێی فەرمانی ئێمە بکات. ئێستا خۆی کۆد دەنووسێت و بڕیار دەدات بێ ئەوەی مرۆڤ چاودێری بکات."
سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش کرد: "یاسا و دامەزراوەکانی ئێستای ئێمە بۆ ئەوە دروستکراون کۆنترۆڵی ئامێرێک بکەن کە فەرمان جێبەجێ دەکات، بۆیە ئامادە نین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئامێرێک کە خۆی بڕیار دەدات."
مەترسی بۆ سەر منداڵان
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رەخنەی لە کۆمپانیاکان گرت و گوتی: "پێش ئەوەی دەرمانێک بدەینە منداڵێک یان یارییەکی بۆ بکڕین، سەتان جار پشکنینی بۆ دەکەین تاوەکو بزانین سەلامەتە. بەڵام ژیریی دەستکرد گەیشتووەتە نێو ژیانی منداڵەکانمان، تێکەڵ بە خوێندن و هاوڕێیەتی و تایبەترین پرسیارەکانیان بووە، بێ ئەوەی بزانین چ کاریگەرییەکی لەسەریان دەبێت." بۆیە داوای کرد پەیماننامەیەکی جیهانی بۆ پاراستنی منداڵان لەم تەکنەلۆجیایە واژۆ بکرێت.
رۆبۆتەکان
یەکێک لە گەورەترین ترسەکانی گۆتێرێز، بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بوو لە بواری سەربازیدا، بەتایبەتی ئەو چەکانەی کە دەتوانن خۆیان بڕیاری کوشتنی کەسێک بدەن بێ ئەوەی مرۆڤ کۆنترۆڵی بکات. گۆتێرێز بە "رۆبۆتی بکوژ" ناوی بردن و گوتی: "ئەمە لە رووی ئەخلاقییەوە قێزەونە و دەبێت بەپێی یاسای نێودەوڵەتی بەتەواوی قەدەخە بکرێت."
قۆرخکردنی دەسەڵات و زیانی ژینگە
گۆتێرێز هۆشداری دا لەوەی دەسەڵاتی ئەم تەکنەلۆجیا گەورەیە تەنیا لە دەستی چەند کۆمپانیایەک و چەند وڵاتێکی کەمدایە، بۆیە داوای دروستکردنی "پڕۆژەیەکی جیهانی بۆ ژیریی دەستکرد" کرد بۆ ئەوەی وڵاتە هەژارەکانیش بتوانن سوودی لێ ببینن؛ هەروەها داوای لە کۆمپانیاکان کرد کە ئاگاداری ژینگە بن، چونکە ئامێرەکانی ژیریی دەستکرد کارەبایەکی یەکجار زۆر بەکاردەهێنن.
گۆتێرێز هۆشدارییەکی مێژوویی دا و گوتی: "رەنگە ئێمە دوایین نەوە بین کە بتوانین مەرجەکانی پێکەوەژیانی مرۆڤ و ئامێرەکان دیاری بکەین. دەرگاکە هێشتا کراوەیە، بەڵام بۆ ماوەیەکی زۆر بە کراوەیی نامێنێتەوە."



