رووداو دیجیتاڵ
ساڵی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا توانی ئەوەی دەیویست لە هاوپەیمانیی ناتۆ بەدەستی بهێنێت، ئەویش رازیبوونی وڵاتانی ئەندام بوو بە خەرجکردنی پارەی زیاتر لە بواری سەربازیدا. ئەم هەفتەیە، کاتێک ترەمپ دەچێتە تورکیا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەکانی ناتۆ، ئامانجی سەرەکیی ئەوەیە بەدواداچوون بۆ ئەو بەڵێنە بکات و پێیان جێبەجێی بکات.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 6ـی تەممووزی 2026، ترەمپ بەرەو ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بەڕێدەکەوێ بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی ساڵانەی ناتۆ.
ترەمپ چی لە ناتۆ دەوێ؟
ترەمپ توانیویەتی زۆربەی وڵاتانی ناتۆ رازی بکات کە لە 10 ساڵی داهاتوودا، دەبێت 5٪ـی داهاتی ساڵانەیان بۆ بواری سەربازی و بەرگری خەرج بکەن، کە 3.5٪ بۆ کڕینی چەک و مووچەی سەربازان دەبێت و ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی سەربازی دەبێت.
مات ویتاکەر، نوێنەری ئەمریکا لە ناتۆ دەڵێ: "سەرۆک ترەمپ چاوەڕێیە هەموو هاوپەیمانەکان دەستبەجێ و بەپەلە هەنگاو بنێن بۆ ئەوەی بگەنە ئەو رێژەی 5٪ـە."
بەرپرسان ئەم لووتکەیەی ئەنقەرە بە "یەکەمین کارتی هەڵسەنگاندن" بۆ وڵاتان دادەنێن، بۆ ئەوەی بزانرێ کێ پابەند بووە و کێ نەبووە.
ستراتیژیی نوێی (ناتۆی 3.0) چییە؟
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، ئەمریکا بیرۆکەیەکی نوێی بە ناوی (ناتۆی 3.0) هێناوەتە ئاراوە. ئەم بیرۆکەیە دەڵێ، دەبێت وڵاتانی ئەورووپا خۆیان بەرپرسیارێتیی زیاتری ئاسایشی خۆیان هەڵبگرن، بۆ ئەوەی ئەمریکا بتوانێت سەرنجی بخاتە سەر ناوچەکانی دیکەی جیهان.
بۆ ئەم مەبەستەش، پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاندووە، پێداچوونەوە بە هێزەکانی ئەمریکا لە ئەورووپا دەکەن بۆ ئەوەی بزانن چەند سەرباز بهێڵنەوە یان بکشێننەوە.
سەرەڕای ئەوەش، ئەگەر ئەورووپا پارەی زیاتریش خەرج بکات، هێشتا بەتەواوی ناتوانێ بێ ئەمریکا بەرگری لە خۆی بکات.
دیدار و کۆبوونەوەکانی ترەمپ لە ئەنقەرە
ئۆکراینا: شەڕی پێنج ساڵەی ئۆکراینا و رووسیا تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە دەبێت. بڕیارە رۆژی چوارشەممە ترەمپ لەگەڵ ڤلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کۆببێتەوە. ترەمپ رۆژی یەکشەممە، بە تەلەفۆن لەگەڵ زیلینسکی و ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیاش قسەی کرد.
سووریا: بڕیارە ترەمپ لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا کۆببێتەوە. ترەمپ دەیەوێ سووریا رۆڵی زیاتر ببینێت لە شەڕی دژی حیزبوڵڵا لە لوبنان، بەڵام شەرع پێشتر گوتوویەتی هیچ ویستێكی بۆ ئەوە نییە.
تورکیا: ترەمپ کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەبێت و بە "دۆستێکی نزیکی" خۆی ناوی دەبات.
ناکۆکییەکانی ترەمپ لەگەڵ ئەورووپا
ترەمپ تەنیا لەگەڵ سەرکردەکانی تورکیا، ئۆکراینا و سووریا کۆدەبێتەوە و هیچ کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵیی لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەی ناتۆ لە کارنامەکەیدا نییە، ئەمەش بەهۆی ئەو شەڕە قسانەی لەم دواییانەدا هەیبووە.
لەگەڵ بەریتانیا، ترەمپ رەخنەی تووندی لە سەرۆکوەزیران کیەر ستارمەر گرت و گوتی، لە پرسی کۆچبەران و وزەدا شکستی هێناوە، تەنانەت پێشبینیی دەستلەکارکێشانەوەشی کرد.
لەگەڵ ئیتالیا، ترەمپ گوتی جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە لێی پاڕاوەتەوە بۆ ئەوەی وێنەی لەگەڵ بگرێ. میلۆنیش تووڕە بوو و سەردانی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی بۆ ئەمریکا هەڵوەشاندەوە. ترەمپیش دواتر وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە میلۆنی پێدەکەنێ و لەسەری نووسی "خۆبەدوورگرتن لەم ژنە پێویستە!"
هەروەها پەیوەندییەکانی لەگەڵ مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەداش هێشتا گرژ و ساردن.
گرینلاند، کێشەیەکی دیکە
بەهۆی ئەوەی ترەمپ چەندین جار هەڕەشەی کردووە کە دەبێت ئەمریکا دوورگەی گرینلاند لە دانیمارک بکڕێ یان کۆنترۆڵی بکات لەپێناو بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی. هاوپەیمانیی ناتۆ بۆ رازیكردنی ترەمپ، مانۆڕێکی سەربازیی نوێی بە ناوی (پاسەوانی جەمسەری باکوور) لەو ناوچەیە دەستپێکردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەژموونی رووسیا و چین، وەک هەوڵێک بۆ ئارامکردنەوەی ترەمپ لەسەر ئەو پرسە.


