رووداو دیجیتاڵ نزیکەی 20 پارچە خشڵ و زێڕی گرانبەها لە مۆزەخانەی (لالیک) لە باکووری رۆژهەڵاتی فەرەنسا لەلایەن چەند کەسێکەوە دزرا. سەرچاوە ئەمنییەکان دەڵێن، بەهای پارچە دزراوەکان دەگاتە نزیکەی 4 ملیۆن یۆرۆ. رۆژی یەکشەممە، 5ـی تەممووزی 2026، سەرچاوەیەکی لێکۆڵەر بە ئاژانسی (AFP) راگەیاندووە، دزییەکە کاژێر 5:30ـی بەیانیی رۆژی، 05-07-2026، کراوە. دزەکان راستەوخۆ چوونەتە ئەو ژوورەی خشڵە مێژووییەکانی تێدا بووە. مۆزەخانەکە لەسەر ماڵپەڕی خۆی رایگەیاندووە بەهۆی رووداوەکەوە بۆ چەند رۆژێک دادەخرێت. ئێستا پۆلیسی فەرەنسا سەرقاڵی پشکنینی کامێراکانی چاودێرییە بۆ ناسینەوەی دزەکان. مۆزەخانەی (لالیک) لە ساڵی 2011 لە نزیک کارگەی کۆمپانیای لالیک کراوەتەوە و تایبەتە بە کارە هونەرییەکانی رێنێ لالیک، کە یەکێک بووە لە ناودارترین دیزاینەرانی خشڵ و شووشە. ئەم دزییە لە کاتێکدایە لە تشرینی یەکەمی پار، چەند کەسێک توانییان لە ماوەی کەمتر لە 8 خولەکدا، بە بڕی 102 ملیۆن دۆلار، زێڕ لە مۆزەخانەی لووڤەر لە پاریس بدزن، ئەمەش گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر دەزگە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی مۆزەخانەکان لەم قۆناخەدا.