رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا ئەمڕۆ شەممە ئەمریکا ئامادەکاری بۆ گەورەترین ئاهەنگی 250ـەمین ساڵیادی سەربەخۆییەکەی دەکرد، شەپۆلێکی گەرمای کوشندە زۆربەی پلانەکانی تێکدا و تەنانەت کاریگەریی خستە سەر یارییەکانی جامی جیهانی و تۆڕەکانی کارەباش لەو وڵاتەدا.
160 ملیۆن کەس لەژێر مەترسیدان
بەپێی دەزگای نیشتمانیی کەشوهەوای ئەمریکا، نزیکەی 160 ملیۆن ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە کەوتوونەتە ژێر زەنگی مەترسیی گەرمایەکی زۆر سەخت و پێوانەییەوە. پلەکانی گەرما لە زۆربەی شارەکان ریکۆردیان شکاندووە.
لە واشنتنی پایتەخت، رۆژی هەینی گەرما گەیشتە نزیکەی 39 پلەی سیلیزی، کە بەمەش ژمارە پێوانەیییەکەی ساڵی 1966ـی شکاند. لە نیویۆرکیش هەستکردن بە گەرما بەهۆی شێیەوە گەیشتە 41 پلەی سیلیزی، ئەمەش وایکرد حکومەت بەپەلە شوێنی فێنککردنەوە لەسەرانسەری شارەکەدا بکاتەوە و کاتی کرانەوەی مەلەوانگە گشتییەکانیش درێژ بکاتەوە.

ئاهەنگەکان هەڵوەشێندرانەوە
ئەم گەرمایە وایکردووە ئاهەنگەکان تێکبچن. رۆژی هەینی لە کاتی بەڕێوەچوونی "فێستیڤاڵی گەورەی ئەمریکا" لە نێوەڕاستی واشنتن، ژنێکی گەنج بەهۆی گەرماوە باری تەندروستی تێکچوو و لەرێگەی تیمی فریاکەوتنەوە گوێزرایەوە. یەکێک لە رێکخەرانی ئاهەنگەکە گوتی: "ئەمە 30ـیەمین کەسە، لەوانەیە ناچار بین ئاهەنگەکە رابگرین." دوای 90 خولەک لەم قسەیە، بە بڵندگۆ راگەیێندرا کە بەهۆی گەرماوە ئاهەنگەکە رادەگیرێت و خەڵکەکە نێردرانەوە ماڵەوە.

هەروەها رێپێوانی ساڵانەی رۆژی سەربەخۆییش کە بڕیاربوو بەیانیی شەممە لە واشنتن بکرێت، بەتەواوی هەڵوەشێندرایەوە.
مۆندیال لەژێر گەرمای کوشندەدا
شەپۆلی گەرماکە گەیشتووەتە نێو یاریگەکانی جامی جیهانیش. رۆژی هەینی لە شاری میامی، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و کەیپ ڤێردی لە یاریگەیەکدا یارییان کرد کە بانەکەی نیمچە کراوە بوو و بێبەش بوو لە ئامێری فێنککەرەوە، لە کاتێکدا هەستکردن بە گەرما لە کاتی یارییەکەدا گەیشتبووە 38 پلەی سیلیزی.
بۆ ئەمڕۆ شەممەش بڕیارە فەرەنسا و پاراگوای لە شاری فیلادێلفیا یاری بکەن، کە پێشبینی دەکرێت پلەی گەرما لەوێ بگاتە 41 پلەی سیلیزی.
لەبەر ئەم دۆخە، فیفا بڕیاریداوە کە دەبێت لە هەر نیوەیەکی یارییەکدا یاریزانان پشوویەکی ناچاری بدەن بۆ ئاوخواردنەوە، هەرچەندە دیار نییە ئایا ئەمە بەسە بۆ پاراستنی یاریزانان لەو گەرما سەختە یان نا.
بڕانی کارەبا
بەکارهێنانی زۆری ئامێرەکانی فێنککەرەوە، گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر تۆڕەکانی کارەبا. لە نیویۆرک بەهۆی زیادبوونی گوشارەوە، کارەبا بڕا و کۆمپانیای دابینکاری کارەبا (Con Edison) رایگەیاند کە توانیویانە کارەبا بۆ 60 هەزار کەس بگەڕێننەوە، بەڵام هێشتا 22 هەزار کەس لە شارەکە و دەوروبەری بێ کارەبان. لە هەندێک شوێنیش بیر لەوە دەکرێتەوە کارەبای داتا سەنتەرەکان بکوژێندرێتەوە بۆ ئەوەی کارەبا بەشی خەڵکی ئاسایی بکات.



