رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ شەممە (4ـی تەممووزی 2026)، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یادی 250 ساڵەی راگەیاندنی سەربەخۆیی وڵاتەکەی دەکاتەوە. ئەم یادە لە کاتێکدایە کە وڵاتەکە بەدەست دووبەرەکییەکی قووڵی ناوخۆیی و شەپۆلێکی گەرمای زۆر سەختەوە دەناڵێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵات دەیەوێت ئەم بۆنەیە وەک دەرفەتێک بۆ خۆی بەکاربهێنێت.
گەرما و ئاهەنگگێڕان
ئێستا نزیکەی 160 ملیۆن ئەمریکی لەژێر هۆشداریی گەرمایەکی کوشندەدان، کە ئەمەش بووەتە هۆی تێکچوونی پلانی زۆر لە ئاهەنگ و رێپێوانەکانی ئەمڕۆ لە سەرتاسەری وڵات. بەڵام ئەم گەرمایە ترەمپی رانەگرتووە.
بڕیارە ئێوارەی شەممە، ترەمپ کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی گەورە لە واشنتنی پایتەخت رێکبخات، لەگەڵ نمایشێکی ئاسمانیی فڕۆکە جەنگییەکان و گەورەترین نمایشی یاریی ئاگرین لە جیهاندا. ترەمپ پێشتر بە گاڵتەوە گوتبووی: "پلەی گەرما دەگاتە نزیکەی 41 پلەی سیلیزی، بەڵام من دەچم و گوتارێکی زۆر درێژ پێشکێش دەکەم، تەنیا بۆ ئەوەی نیشانی بدەم کە دەتوانم هەموو شتێک بکەم."
هۆشدارییەکانی ترەمپ لەسەر چیای راشمۆر
شەوی هەینی، ترەمپ سەردانی مۆنۆمێنتی نیشتمانیی چیای راشمۆری کرد، ئەو چیایەی کە روخساری چوار لە مەزنترین سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکای لەسەر هەڵکۆڵراوە. تەنانەت لایەنگرانی ترەمپ پرۆژەیاسایەکیان پێشکێش کردووە بۆ ئەوەی وێنەی ئەویش لەتەنیشت ئەو سەرۆکانە لەسەر چیاکە هەڵبکۆڵدررێت.
ترەمپ لە گوتارەکەیدا ستایشی مێژووی ئەمریکای کرد، بەڵام هۆشداریی دا کە "ناسنامەی ئەمریکی کەوتووەتە ژێر هێرشێکی نوێوە." ئەو هێرشی کردە سەر چەپڕۆکان و رایگەیاند: "مەترسیی کۆمۆنیزم لە وڵاتەکەماندا سەریهەڵداوەتەوە" و دەیانەوێت "رۆحی ئەمریکیمان لێ بسەننەوە و لە مێژووەکەمان دامانببڕن." ترەمپ گوتی: "مەرج نییە لێرە لەدایکبووبیت، بەڵام دەبێت ئەو شتەت خۆشبوێت کە ئێمە دروستمان کردووە."
بۆچوونی خەڵک چۆنە؟
بۆ ئەمریکییەکان، ئەم یادەی 250 ساڵەیە، تەنیا بۆ ئاهەنگگێڕان نییە، بەڵکو بۆ بیرکردنەوەشە لە رابردوو و داهاتووی وڵاتەکەیان.
بەپێی راپرسییەکی زانکۆی کوینپیاک، 61٪ـی ئەمریکییەکان پێیانوایە کە وڵاتەکەیان نەیتوانیوە ئەو ئامانج و بەهایانە بپێکێت کە لە بەڵگەنامەی سەربەخۆییدا نووسراون.
بۆچوونی خەڵکی ئاسایی جیاوازە:
• جۆنی پرێسڵی، هونەرمەند لە لۆس ئانجلەس: "خەڵکێکی زۆر رقوکینەیان هەیە و یەکدییان خۆشناوێت. من بێزارم لەو شێوازەی کە ئەم وڵاتە مامەڵە لەگەڵ خەڵک و دراوسێ بیانییەکانیدا دەکات."
• کاریسا تەڤەسولی، مامۆستایەکی ئەمریکی-ئێرانی: "من لێرە سەلامەتم، ئازادیی رادەربڕین و ئایینم هەیە، وەک ژنێک دەتوانم چی بخوازم لەبەری بکەم. راستە لێرە کەمکوڕیی زۆر هەیە، بەڵام ئێمە شتێکی زۆر تایبەتمان هەیە کە شایەنی پاراستنە."
• ئەلۆنزۆ کۆبی، هاووڵاتییەکی رەسەنی ئەمریکی - هیندییە سوورەکان دەڵێت دڵخۆشە بەم یادە، بەڵام "دەمەوێت خەڵک ئەوەیان لەبیر بێت کە دانیشتووانە رەسەنەکانی ئەمریکا زۆر پێش ئەم 250 ساڵە لێرە بوون."



