رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلى گەرماى بێ پێشینە ئەورووپای رووبەڕووی قەیرانێکى نوێ کردووەتەوە؛ لە کاتێکدا پلەى گەرما ریکۆردی تۆمار کردووە، ململانێ لەسەر بەکارهێنانى سپلیت و سیستمەکانى فێنککەرەوە لەنێوان سیاسییەکان، پارێزەرانى ژینگە و هاووڵاتییاندا گەیشتووەتە دادگەکان.
ئەورووپا خێراتر لە هەر ناوچەیەکی دیکەی جیهان گەرم دەبێت. پلەی گەرما لەم کیشوەرەدا 2.5 پلەی سیلیزی بەرزبووەتەوە بەراورد بە سەردەمی پێش پیشەسازی، لە کاتێکدا گەرما لە تێکڕای جیهان تەنیا 1.4 پلە بەرزبووەتەوە. هەفتەی رابردوو، پلەی گەرما لە پاریس گەیشتە 40 پلەی سیلیزی، ئەمەش لە سەدەی 19ەوە تەنیا سێ جار لە مێژوودا روویداوە.
ئۆدری پۆلڤار، جێگری سەرۆکی شارەوانی پاریس، لەمبارەیەوە گوتی، "پێمانوابوو ئەم سیناریۆیە لە ساڵی 2030 یان 2040 روودەدات، بەڵام ئێستا دەبینین کە پێشوەختە گەیشتووینەتە ئەو قۆناخە."
لوکا فونارۆ، 32 ساڵ، دانیشتووی پاریس بەدەست نەخۆشییەکی دەگمەنی بۆماوەییەوە دەناڵێنێت، ماوەی دوو ساڵە لە جەنگێکی یاساییدایە لەگەڵ دراوسێکانی تەنیا بۆ ئەوەی رێگەی پێ بدەن سپلیتێک لە شوقەکەیدا دابنێت؛ دراوسێکانی بە بیانووی "دەنگ" رێگری لێدەکەن.
لە پاریس، کێشەی سەرەکی نەک تەنیا تێچووە، بەڵکو پاراستنی سیمای شار و رێگری لە دەنگی سپلیتەکانە. کریستۆف سانسۆن، کە بە "پارێزەری ژاوەژاو" ناسراوە، رایگەیاند، زیاتر لە 100 دۆسیەی یاسایی لەبەردەستە، کە تەنیا ململانێی نێوان دراوسێکانە لەسەر دانانی سپلیت.
بەپێی یاسای فەرەنسا، ئەگەر سپلیتێک لە رۆژدا زیاتر لە 5 دێسیبڵ و لە شەودا زیاتر لە 3 دێسیبڵ دەنگ دروست بکات، دراوسێکان دەتوانن رێگری لێ بکەن و سکاڵا تۆماربکەن.
کێشەی سپلیت بووەتە تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆ سیاسییەکان. مارین لۆپێن، سەرۆکی پارتی گردبوونەوەی نیشتمانی، کە پارتێکی راستڕۆى فەرەنسایە، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند: "شەرمەزارییە کە کۆرپە و نەخۆش و بەساڵاچووان لە نەخۆشخانەکاندا بەدەست گەرماوە بناڵێنن تەنیا لەبەر ئەوەی هەندێک کەس رێگری لە دانانی سپلیت دەکەن؛ گەرماکە بکوژە و دەبێت پلانێکی نیشتمانی بۆ دانانی سپلیت جێبەجێ بکرێت".لە بەرامبەردا، باڵە چەپەکان و پارێزەرانی ژینگە دەترسن بەکارهێنانی فراوانی سپلیت زیان بە ژینگە بگەیێنێت و گەرمای شارەکان زیاتر بکات، چونکە "سپلیتەکان لە هاویندا هەوای گەرم دەردەکەن."
پێشتر پانێڵی نێودەوڵەتی بۆ گۆڕانی کەشوهەوا رایگەیاندووە، سپلیت "کاریگەرترین رێگایە" بۆ رووبەڕووبوونەوەی شەپۆلەکانی گەرما، لە کاتێکدا چاندنی دار و سیستەمی هەواگۆڕکێی سرووشتی کاریگەرییان زۆر کەمترە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەورووپا هێشتا لەنێوان دوو جەمسەردایە؛ یان دەبێت دەستبەرداری تەلارسازییە مێژووییەکەی ببێت و سپلیت لە هەموو شوێنێک دابنێت، یان رووبەڕووی شەپۆلێکی گەرما ببێتەوە کە ساڵانە هەزاران کەس دەکوژێت.
ئاماری بەکارهێنانی سپلیت لە ئەورووپا:
ئیتاڵیا: 56%ی ماڵەکان سپلیتیان هەیە.
فەرەنسا: 25%ی ماڵەکان سپلیتیان هەیە.
بەریتانیا: تەنیا 5%ی ماڵەکان سپلیتیان هەیە.
ژێرخانی ئەورووپا لە سەرەتاوە بۆ کەشوهەوایەک دروستکراوە کە پلەی گەرما تێیدا بە دەگمەن لە 32 پلە تێپەڕی کردووە. زۆربەی باڵەخانەکان بەبێ پەنجەرەی تایبەت بە فێنککردنەوە دروستکراون. لە کاتێکدا لە ئەمریکا سپلیت وەک پێویستییەکی سەرەتایی دەبینرێت، لە ئەورووپا هێشتا وەک "کاڵایەکی گرانبەها" و زیانبەخش بۆ کولتوور و ژینگە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بەڵام گەرماى 2026 خەریکە ئەم هاوکێشەیە بە تەواوی دەگۆڕێت.



