رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی کەشناسیی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات کە دیاردەی ئێل نینۆ لە نێوان مانگەکانی تەممووز و ئەیلوول بە خێرایی بەهێز دەبێت، ئەمەش ئەگەری روودانی کەشوهەوای تووند لە زۆر ناوچەی جیهان زیاد دەکات.
رۆژی هەینی 3ی تەممووزی 2026، رێکخراوی کەشناسیی جیهانی رایگەیاند، دیاردەی ئێل نینۆ دەستیپێکردووە و لە ماوەیەکی کەمدا دەگاتە ئاستی "بەهێز" (ئاستی سێیەم لە کۆی چوار ئاست)؛ رێکخراوەکە داوا لە وڵاتان دەکات خۆیان بۆ کاریگەرییەکانی ئەم دیاردەیە ئامادە بکەن.
ئێل نینۆ دیاردەیەکی سروشتیی کەشوهەوایە کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای رووی ئاو لە ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی زەریای هێمن، ئەمەش گۆڕانکاریی گەورە لە ئاراستەی با، پەستان و بڕی بارانبارین لە جیهاندا دروست دەکات. ئەم دیاردەیە بە گشتی هەر دوو بۆ حەوت ساڵ جارێک روودەدات و بۆ ماوەی 9 بۆ 12 مانگ بەردەوام دەبێت.
سێلیستی ساولۆ، سەرۆکی رێکخراوی کەشناسیی جیهانی رایگەیاند: "دیاردەی ئێل نینۆ ئێستا لە ئارادایە و پێشبینی دەکرێت بە خێرایی بەهێزتر بێت. ئەمە ئەگەری وشکەساڵی، بارانی بەخوڕ، شەپۆلی گەرما لە وشکانی و شەپۆلی گەرمای توند لە دەریاکاندا زیاد دەکات."
بەگوێرەی مۆدێلە کەشناسییەکان، پلەی گەرمای رووی ئاوی زەریا لە ناوچە سەرەکییەکاندا زیاتر لە 2 پلەی سیلیزی لە تێکڕای ئاسایی بەرزتر دەبێتەوە. نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات کە هۆشداریی پێشوەختە بۆ کەرتەکانی وەک کشتوکاڵ و تەندروستی زۆر گرنگە بۆ پاراستنی ژیانی خەڵک و کەمکردنەوەی زیانە ئابوورییەکان.
کاریگەریی لەسەر پلەکانی گەرما و باران
دوایین دیاردەی ئێل نینۆ وایکرد ساڵی 2023 ببێتە دووەم گەرمترین ساڵ و ساڵی 2024 ببێتە گەرمترین ساڵ لە مێژوودا. بۆ ئەمساڵیش، پێشبینی دەکرێت لە نێوان تەممووز بۆ ئەیلوول، پلەکانی گەرما لە زۆربەی ناوچە ئاوەدانەکانی جیهان لە سەرووی تێکڕای ئاساییەوە بن.
سەبارەت بە باران، پێشبینی دەکرێت لە هەندێک ناوچەی وەک باشووری رۆژئاوای ئەمریکا بارانی زۆر ببارێت، بەڵام لە هیندستان و زۆربەی ناوچەکانی ئوسترالیا بارانبارین کەمتر بێت لە ئاستی ئاسایی.
هەرچەندە بەڵگەیەک نییە کە گۆڕانی کەشوهەوا ببێتە هۆی زیادبوونی روودانی ئێل نینۆ، بەڵام رێکخراوەکە پێیوایە گۆڕانی کەشوهەوا دەبێتە هۆی تووندترکردنی کاریگەرییەکانی، چونکە زەریا و بەرگەهەوایەکی گەرمتر، وزە و شێی زیاتر دابین دەکەن بۆ دروستبوونی کەشوهەوای تووند.




