رووداو دیجیتاڵ
چوارشەممە، 1ـی تەممووزی 2026، لە نیویۆرک، راپۆرتێکی نوێ بە پشتیوانیی دەیان زانا و براوەیەکی خەڵاتی نۆبڵ لەبارەی مەترسییەکانی ژیری دەستکرد بڵاوکرایەوە، راپۆرتەکە هۆشداریی دەدات لەوەی تەکنەلۆژیاکە هەڕەشەیە بۆ سەر دیموکراسی و مرۆڤایەتی.
گرنگیی راپۆرتەکە وایکرد، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بڵێ: "لە نەبوونی یاسای هاوبەشدا، چەند ژیری دەستکرد پێشبکەوێت، ئەنجامەکەی بەجۆرێک دەبێت کە حکومەت و خەڵک دەنگیان تێیدا کەمتر دەبێت."
راپۆرتەکە بە سێ ئەنجامی سەرەکی گەیشتووە، کە دووانیان هۆشداریی جیدین:
یەکەم: پێشکەوتنی ژیری دەستکرد زۆر خێراتر دەبێت. ئێستا زیاتر لە یەک ملیار کەس هەفتانە ژیریی دەستکرد بەکاردەهێنن و توانای تەکنەلۆژیاکە هەر چەند مانگ جارێک دوو هێندە دەبێت، چونکە ژیریی دەستکرد یارمەتیی پێشخستنی خۆی دەدات.
دووەم: توانای ژیری دەستکرد لە دەستی ژمارەیەکی کەمدایە. تەنیا ئەمریکا کۆنترۆڵی 75%ی بەهێزترین توانای کۆمپیوتەریی ژیری دەستکردی جیهانی کردووە و چینیش 15%ـی کۆنترۆڵ کردووە، ئەمەش ئەوە دەگەیێنێت کە 90%ی توانای ژیری دەستکرد لە دەستی تەنیا دوو وڵاتدایە.
سێیەم: دڵنیایی نییە ژیری دەستکرد لە کۆنترۆڵی مرۆڤدا بمێنێتەوە. نووسەرانی راپۆرتەکە دەڵێن: لە تاقیگەدا سیستمەکانی ژیری دەستکرد بەرگرییان لە کوژاندنەوەیان لەلایەن مرۆڤەوە کردووە و هیچ گەرەنتییەکی زانستی نییە کە ئەم تەکنەلۆژیایە لەژێر کۆنترۆڵی مرۆڤدا بمێنێتەوە.
نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری تۆڕیی میدیایی رووداو لە نەتەوەیەک گرتووەکان، پرسیاری لە ماریا رێسا، رۆژنامەنووسی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی کرد، کە یەکێک بووە لە بەشداربووانی راپۆرتەکە و لێی پرسی: "وەک رۆژنامەنووسێک، گەشبینیت یان رەشبین سەبارەت بە داهاتووی ژیریی دەستکرد بۆ رۆژنامەنووسان؟ گەورەترین هەڕەشە چییە؟"
ماریا رێسا گوتی: "هۆکارێک هەیە کە 74%ی جیهان لەژێر دەسەڵاتی تاکڕەویدان. کاتێک بە خاشاکی ژەهراوی بۆمباران دەکرێین، ئەمە لە یەکەم نەوەی سەردەمی سۆشیاڵ میدیای ژیریی دەستکرددا روودەدات، بێگومان کاریگەریی دەبێت."
هەروەها راپۆرتەکە هۆشداریی دەدات لەوەی ژیری دەستکرد ئەو راستییە هاوبەشە دەڕووخێنێت کە دیموکراسییەکان پشتی پێدەبەستن.
یۆشا بێنگیو، یەکێک لە پێشەنگەکانی بواری ژیری دەستکرد، بە رووداوی گوت: "رێگە هەیە بۆ پەرەپێدانی ژیری دەستکرد، بە جۆرێک کە جەخت لەسەر وەڵامە دروستەکان و راستیی زانیارییەکان بکاتەوە، بەڵام رەنگە ئەمە پڕ قازانجترین رێگە نەبێت".


