رووداو - دیجیتاڵ پاش زنجیرەیەک گرژیی سەربازیی ئەم دواییە، بڕیارە چوارشەممە ئەمریکا و ئێران بە ناڕاستەوخۆ لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کۆببنەوە. بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی بۆ رووداو ئاشکرای کرد کە شاندی هەردوو وڵات بە جیا لەگەڵ نێوەندکارەکانی قەتەر و پاکستان کۆدەبنەوە و گفتوگۆکان زیاتر لەسەر پرسە تەکنیکییەکان چڕ دەبنەوە. ئەمە یەکەمین کۆبوونەوەی ناڕاستەوخۆی نێوان واشنتن و تارانە پاش هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر ئامانجەکانی ئێران لە نزیک دەنگەی هورمز. لە نێو کۆنگرێسی ئەمریکاشدا، ئەم هەوڵە دیپلۆماسییە نوێیە بووەتە جێگەی مشتومڕ و بەشێک لە دیموکراتەکان بە دوودڵییەوە سەیری دەکەن. سام لیکاردۆ، ئەندامی کۆنگرێس لە تیمی دیموکراتەکان، رەخنە لە روونیی ئامانجەکانی ئیدارەی ترەمپ دەگرێت و دەڵێت: "ئەمریکا رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بووەتەوە لەم دانوستاندنانەدا. ئەم ئیدارەیە وای نیشان دەدات کە ئامانجی دیاری هەیە، بەڵام دەبێت ئامانجەکان روون بن و بتوانرێت بەدەستبهێندرێن. ئەم ئیدارەیە لەمەدا شکستی خواردووە و ئێمە ئێستا رووبەڕووی رێککەوتنێک بووینەتەوە کە خوازراو نییە. روون نییە ستراتیژیی ئێمە چییە، بۆیە من گەشبین نیم کە لە ماوەی 60 رۆژدا بگەین بە رێککەوتنی کۆتایی." بەپێی زانیارییەکانی ئەو بەرپرسەی کۆشکی سپی بۆ رووداو، جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ نوێنەرایەتیی ئەمریکا دەکەن و رۆژی سێشەممەوە گەیشتوونەتە قەتەر. لەلایەکی دیکەوە، کۆمارییەکان لە کۆنگرێس پێیان وایە بێجگە لە بژاردەی گفتوگۆ هیچ رێگەیەکی دیکە نییە، چونکە بەدیلەکەی تەنیا گەڕانەوەیە بۆ شەڕ و بۆردوومانی بەردەوام. تیم بورچێت، ئەندامی کۆنگرێس لە تیمی کۆمارییەکان دەڵێت: "پێموانییە ئێران جێگەی متمانە بێت، بەڵام ئەگەر لە دانوستاندن بوەستین، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ بۆردوومانکردنی بەردەوام. هیوای من ئەوەیە ئێرانییەکان بڵێن ئەمە شکستی سەرکردەکانمانە و رەنگە خۆیان گۆڕانکاری بکەن، ئەو کاتە لەسەر مێزی گفتوگۆ وڵاتەکەیان بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دەدرەوشێتەوە." ئەم دانوستاندنە ناڕاستەوخۆیانە لە کاتێکدایە کە جۆرێک لە دژبەیەک لە لێدوانی بەرپرسانی هەردوو وڵاتدا دەبینرێت؛ دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس" رایگەیاندووە کە ئێران داوای کۆبوونەوەی کردووە، بەڵام تاران بە توندی ئەمەی رەتکردووەتەوە و رایگەیاندووە نە رۆژی سێشەممە و نە چوارشەممە، هیچ کۆبوونەوەیەکیدیاریکراو لەگەڵ ئەمریکا لە کارنامەیاندا نییە.