رووداو - دیجیتاڵ خەڵکی شاری شتادە لە باکووری ئەڵمانیا شۆک بوونە؛ پیاوێکی 45 ساڵە لە رووداوێکی تەقەکردنی خوێناویدا 6 کەسی کوشت. تۆمەتبارەکە کە هاوڵاییەکی تورکیایە و لە رەگەزی عەرەبی مێردینی باکووری کوردستانە، دوای ماوەیەکی کورت لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا، بەڵام تائێستا هۆکاری پشت ئەو کۆمەڵکوژییە بە ناڕوونی ماوەتەوە. رووداوەکە رۆژی دووشەممە 29-06-2026 لە باڵەخانەی ژمارە 29 روویدا. ماتیاس بێکەرمان، گوتەبێژی پۆلیسی شاری شتادە، وردەکاریی ئەو تاوانەی بۆ میدیاکان ئاشکرا کرد کە رای گشتیی ئەڵمانیای هەژاندووە. ماتیاس بێکەرمان - گوتەبێژی پۆلیسی شاری شتادە: "تۆمەتبارەکە دوای ماوەیەکی کورت لە کردنی تاوانەکە، لە شەقامێکی دەرەوەی شار دەستگیرکرا. بەداخەوە لەم رووداوەدا 6 کەس کوژراون کە تەمەنی هەموویان لە سەرووی 18 ساڵییەوەیە؛ قوربانییەکان 4 ژن و 2 پیاون. تۆمەتبارەکە تەمەنی 45 ساڵە، لە ئەڵمانیا لەدایکبووە و هاوڵاییەکی تورکیایە و نیشتەجێی دەوروبەری شاری هانۆڤەرە." تاوەکو ئێستا داواکاری گشتیی ئەڵمانیا چاوەڕێی ئەنجامەکانی کۆمیتەی لێکۆڵینەوە دەکات و فەرمانی گرتنی فەرمیی بۆ تۆمەتبارەکە دەرنەکردووە، چونکە لێکۆڵینەوەکان لە قۆناخە سەرەتاییەکاندان. ترس و دڵەڕاوکێ لە نێو کۆمەڵگەی کوردیی شارەکەدا بەجێهێشتووە، ئەم رووداوە کاریگەریی دەروونیی قورسی لەسەر دانیشتووانی شارەکە دروستکردووە، بەتایبەت ئەو کوردانەی لە شتادە نیشتەجێن. هەڤند دارا عەمۆکا، ئەندازیارێکی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و لەم شارەدا لەدایکبووە؛ ئەو لەگەڵ دایکی و براکەی بە ناوی سەهەند خەریکی بەڕێوەبردنی چێشتخانەیەکن و باس لەو ترسە دەکات کە باڵی بەسەر شارەکەدا کێشاوە. هەڤند دارا عەمۆکا - نیشتەجێی شاری شتادە: "رووداوێکی لەم شێوەیە لە شارێکی هێمنی وەک شتادە، هەموومانی تووشی شۆک کردووە. ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر لە نێو خەڵکدا دروستبووە. ئێمە لێرە دەژین و کار دەکەین، بینینی دیمەنی لەو شێوەیە هەرگیز چاوەڕوانکراو نەبوو." لێکۆڵینەوەکان لە شوێنی رووداوەکە بەردەوامن و هاووڵاتییان بە دانانی گوڵ و داگیرساندنی مۆم هاوخەمیی خۆیان بۆ قوربانییەکان دەردەبڕن. هەرچەندە ناسنامەی بکوژەکە دیارە، بەڵام پۆلیس تائێستا پاشخان و ناسنامەی قوربانییەکانی ئاشکرا نەکردووە و لێکۆڵینەوە لە پەیوەندیی نێوان بکوژ و کوژراوەکان بەردەوامە.