رووداو دیجیتاڵ
لە توێژینەوەیەکی نوێدا، ئێسکێکی کۆن کە بۆ ماوەی 40 ساڵ لە دۆڵابێکی بەڵگەنامەکاندا فەرامۆش کرابوو، دەرکەوتووە پاشماوەی جۆرێکی دەگمەنی دەیناسۆری تایتانۆسۆرەسە (Titanosaurus) لە جەمسەری باشوور (Antarctica)، کە بەشێک بوون لە گەورەترین ئاژەڵە وشکانییەکانی مێژووی سەر زەوی.
ئەم ئێسکە کە بڕبڕەیەکی پشتە، لە ساڵی 1985 لەلایەن مایک تۆمسن، توێژەری بەریتانی لە دەستەی رووپێوی جەمسەری باشووری بەریتانیا (BAS) لە گەشتێکدا دۆزرایەوە. ئەوکات تۆمسن لە تێبینییەکانی نووسیبووی "خشۆکێکی گەورە" بووە، ئێسکەکە بۆ ماوەی چوار دەیە بەبێ ناساندن مایەوە تاوەکو رۆژی دووشەممە 29-06-2026 لە گۆڤاری زانستیی (Acta Palaeontologica Polonica)دا بڵاوکرایەوە کە دەیناسۆر بووە. تۆمسن خۆی لە ساڵی 2020 کۆچی دوایی کردووە.

تایبەتمەندییەکانی دەیناسۆرە نوێیەکە
توێژەرانی مۆزەخانەی مێژووی سرووشتی لە لەندەن رایانگەیاند، ئەم دەیناسۆرە ملی درێژ بووە و درێژییەکەی لە نێوان 6 بۆ 7 مەتر بووە، کە پێدەچێت بەچکە بووبێت یان جۆرێکی کورتەباڵای خێزانی تایتانۆسۆرەکان بووبێت. بۆ بەراوردکردن، گەورەترین جۆری ئەم خێزانە وەک (پاتاگۆتیتان مایۆروم) درێژییەکەی دەگاتە زیاتر لە 37 مەتر. بەردی ئەو شوێنەی ئێسکەکەی تێدا دۆزراوەتەوە بەردی دەریایی بووە، ئەمەش نیشان دەدات کە ئاژەڵەکە دوای مرداربوونەوەی لەسەر ئاو کەوتووە و چووەتە ناو دەریاوە، پاشان نوقم بووە و لە بنی دەریادا بەبەرد بووە (فۆسیڵ).
مارک ئیڤانز، بەرپرسی کۆکراوەکان لە دەستەی (BAS) رایگەیاند، گەورەترین جۆری تایتانۆسۆرەکان درێژییان دەگاتە 35 مەتر و گەورەترین ئاژەڵی وشکانی بوون کە تائێستا ژیاون. ئیڤانز تیشکی خستە سەر پێکهاتەی بڕبڕەکە و گوتی، دڕکە پەتکەکەی رووی لە پێشەوەیە، کە نیشانەیەکی تایبەتە بەم جۆرە دەیناسۆرە.
جەمسەری باشووری سەوز و تێپەڕینی دەیناسۆرەکان
پۆڵ بارێت، پسپۆڕی بەبەردووەکان لە مۆزەخانەی مێژووی سرووشتیی لەندەن روونیکردەوە، جەمسەری باشوور لەو سەردەمەدا زۆر جیاواز بوو لەوەی ئەمڕۆ دەیبینین. بارێت گوتی: "هیچ سەهۆڵێکی هەمیشەیی نەبوو. تەواوی کیشوەرەکە بە دارستانی سەوز داپۆشرابوو، بۆیە بۆ ئەم گیانلەبەرە گیاخۆرانە بڕێکی زۆر خۆراکی لێبوو."
بارێت گوتی، جەمسەری باشوور رێڕۆیەک بووە بۆ بەستنەوەی دەیناسۆرەکانی ئوسترالیا، باشووری ئەمریکای لاتین و نیوزیلاند، شوێنێکی زۆر قەرەباڵخ بووە بۆ دەیناسۆرەکان پێش ئەوەی بەهۆی نەیزەکێک لەو بچن. لەگەڵ ئەوەشدا، جەمسەری باشوور بۆ ملیۆنان ساڵ دوای نەمانی دەیناسۆرەکان وەک شوێنێکی سەوز و خۆش مایەوە و بوو بە پەناگەی مەلەکردنی باڵندە و گیانلەبەرانی دیکە و بەستنی ناوچەکە نەبووە هۆی لەناوبردنی دەستبەجێیان.
.jpg&w=3840&q=75)


