رووداو دیجیتاڵ تەقینەوەیەکی بەهێز باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی لە مۆناکۆ هەژاند و بەهۆیەوە سێ کەس بریندار بوون. حکومەتی مۆناکۆ دەڵێ، تەقینەوەکە دوای ئەوە روویداوە پیاوێک جانتایەکی لەبەردەم باڵەخانەیەک جێهێشتووە و بەرەو خاکی فەرەنسا هەڵاتووە. ئێستا هێزە ئەمنییەکان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ دۆزینەوەی گومانلێکراوەکە. تەقینەوە لەبەردەم دەروازەی باڵەخانە رۆژی دووشەممە 29ـی حوزەیرانی 2026، تەقینەوەیەکی بەهێز لە شەقامی (رێڤێرێند پێر لویس فرۆلا) لە مۆناکۆ، کە دەکەوێتە نزیک سنووری فەرەنسا، روویدا. بەگوێرەی دەزگای ئاسایشی گشتیی مۆناکۆ، کامێراکانی چاودێریی نیشانی دەدەن کەسێک جانتایەکی لەبەردەم دەروازەی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون داناوە، رێک لەو کاتەی چەند کەسێک خەریکی چوونە ژوورەوە بوون. دوای ئەوەی کەسەکە لە شوێنەکە دوورکەوتووەتەوە، تەقینەوەکە روویداوە. بریندارەکان و هاوکارییەکانی فەرەنسا بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی (AFP)، حکومەتی مۆناکۆ پشتڕاستی کردەوە لەم رووداوەدا سێ کەس بریندار بوون، باری تەندروستیی دووانیان ناجێگیرە. تیمەکانی فریاگوزاریی فەرەنساش بە خێرایی بە هانای مۆناکۆوە چوون؛ 14 کارمەندی ئاگرکوژێنەوە و 5 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن لە ناوچەی )ئالپ ماریتیم"ـەوە رەوانە کران تاوەکو هاوکاریی تیمە نێوخۆییەکان بکەن. هەڵاتنی گومانلێکراو بەرپرسانی ئەمنیی رایانگەیاند، گومانلێکراوەکە دوای تەقینەوەکە، بە پێ بەرەو شارۆچکەی بۆسۆلێل لە نێو خاکی فەرەنسا هەڵاتووە. تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک دەستگیر نەکراوە و لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو کەسە و مەبەستی پشت ئەم کارە بە چڕیی بەردەوامن. پۆلیسی مۆناکۆ و فەرەنسا هەماهەنگیی دەکەن تاوەکو رێڕۆی هەڵاتنی تۆمەتبارەکە بدۆزنەوە. مۆناکۆ یەکێکە لە ئارامترین ناوچەکانی جیهان و رووداوی لەم شێوەیەی تێدا یەکجار دەگمەنە.