رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی هۆڵەندا هۆشداریی دا لەوەی، ئەگەری هەیە رووسیا تەنیا ساڵێک دوای کۆتاییهاتنی جەنگی ئۆکراینا، هێرشێکی سەربازیی سنووردار بکاتە سەر وڵاتێکی ئەندامی ناتۆ. وەزارەتەکە دەڵێت، ئەورووپا ئێستا لە ناوچەیەکی خۆڵەمێشیی نێوان جەنگ و ئاشتیدایە.
رۆژی دووشەممە 29-06-2026 وەزارەتی بەرگریی هۆڵەندا لە بەڵگەنامەی ساڵانەی ستراتیژیی سیاسەتی بەرگریی خۆیدا رایگەیاند، بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی هۆڵەندا، رووسیا خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی درێژخایەن لەگەڵ ئەورووپادا ئامادە دەکات.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "لە خراپترین سیناریۆدا، ئەگەری هەیە تەنیا ساڵێک دوای کۆتاییهاتنی جەنگی رووسیا لە ئۆکراینا، جەنگێکی سنووردار دژی ئەندامانی ناتۆ رووبدات."
ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە، ئەندامانی ناتۆ خۆیان بۆ لووتکەی داهاتووی هاوپەیمانییەکە لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا لە رۆژانی 7 و 8ی تەممووزدا ئامادە دەکەن، کە تێیدا هەڕەشەکانی مۆسکۆ لە دیارترین کارنامەی کۆبوونەوەکەدا دەبن.
پێشتر مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاندبوو، رووسیا "دەکرێت لە ماوەی 5 ساڵدا ئامادە بێت بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی ناتۆ."
پشتبەستن بە درۆنەکان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکان
بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم هەڕەشانە، هۆڵەندا ئامانجێکی نوێی دیاریکردووە، کە تێیدا دەبێت لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا نیوەی تەواوی توانای ئۆپەراسیۆنیی هێزەکانی بەبێ فڕۆکەوان (Unmanned) بن. بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجەش، حکومەتی هۆڵەندا بەنیازە تاقیگەیەکی تایبەت بە ناوی (تاقیگەی گەشەپێدان) دابمەزرێنێت بۆ دیزاینکردن و دروستکردنی درۆنگەلێک کە بتوانن رووبەڕووی درۆنەکانی دیکە ببنەوە.
دیلان یەشیلگۆز، وەزیری بەرگریی هۆڵەندا رایگەیاند: "پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەورووپا و هۆڵەندا لە کاتی خۆیدا ئەوەندە بەهێز دەبن کە بتوانن پارێزگاری لە ئازادی، ئاسایش و شێوازی ژیانی ئێمە بکەن؟" یەشیلگۆز گوتیشی: "ئەمە بەرپرسیارێتیی هەر نەوەیەکە، بەڵام دەگمەن جار هەیە ئەم بابەتە هێندەی ئێستا بەپەلە و گرنگ بووبێت."



