رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، گەندەڵیی دارایی ساڵانە گورزێکی کاریگەر لە ئابووریی جیهان دەوەشێنێت؛ بە جۆرێک مەزەندە دەکرێت ساڵانە بڕی 2.6 تریلیۆن دۆلار لە سەرتاسەری جیهان دا بدزرێت، کە ئەم بڕە پارەیەش یەکسانە بە 5%ـی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی جیهان.
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای دەکات، ئەگەر کۆی پارە گشتییە دزراوەکان لە پاڵ ئەو پارانەی وەک بەرتیل دەدرێن و هەموو داراییە نایاساییەکان کۆ بکرێنەوە، بڕی گشتیی گەندەڵی لە جیهان ساڵانە دەگاتە نزیکەی 3.6 تریلیۆن دۆلار.
بەپێی پێنوێنی جیهانیی بۆ تێڕوانینی گەندەڵی لە ساڵی 2025، کە لە شوباتی 2026 لەلایەن رێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتییەوە بڵاو کراوەتەوە، دۆخی شەفافییەت لە جیهان دا بەرەو خراپتر چووە. تێکڕای نمرەی جیهانی لە کۆی 100 نمرە بۆ 42 دابەزیوە، کە ئەمە نزمترین ئاستە لە ماوەی دە ساڵی رابردوو دا تۆمار کرابێت.
راپۆرتەکە ئاماژە بە شکستی بەرفراوانی وڵاتان دەکات؛ زیاتر لە دوو لەسەر سێی وڵاتانی جیهان (122 وڵات لە کۆی 180 وڵات) نمرەی خوار 50ـیان بەدەست هێناوە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە زۆرینەی وڵاتان لە کۆنترۆڵکردنی گەندەڵی دا شکستیان هێناوە.
پاشەکشەی وڵاتە دیموکراسییەکان
یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی راپۆرتی ساڵی 2025 ئەوەیە، کە گەندەڵی تەنانەت لەو وڵاتە دیموکراسییانەش دا رووی لە زیادبوون کردووە کە پێشتر وەک وڵاتی پارێزراو دەبینران. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نزمترین نمرەی مێژوویی خۆی (64 نمرە) تۆمار کردووە.
هەروەها وڵاتانی وەک بەریتانیا و نیوزیلاندیش پاشەکشەیان لە ئاستی شەفافییەت دا کردووە.
رێکخراوەکە هۆکاری ئەم دابەزینە بۆ کەمبوونەوەی ئازادییە مەدەنییەکان دەگێڕێتەوە؛ چونکە زۆر لە حکومەتەکان دەستیان کردووە بە سنووردارکردنی کاری رۆژنامەڤانان، رێکخراوە ناحکومییەکان و ئەو کەسانەی پەردە لەسەر گەندەڵییەکان لادەبەن، ئەمەش وای کردووە لێپێچینەوە کەم بێت و گەندەڵی گەشە بکات.
لە ساڵی 2025 دا، شەپۆلێکی گەورەی خۆپێشاندان دژی گەندەڵی زۆربەی ئەو وڵاتانەی گرتەوە کە لە ریزبەندییە دواوەکانی پێنوێنەکە دا بوون.
ئەم ناڕەزایەتییانە کە زۆربەیان لەلایەن "نەوەی زێت" (Generation Z)ـەوە سەرکردایەتیی دەکران، داوای چاکسازیی ریشەییان لەو سەرکردانە دەکرد کە نەیانتوانیوە دەرفەتی کار و خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ گەنجان دابین بکەن.



