رووداو دیجیتاڵ
دوو هەفتە دوای تووشبوون بە شکستێکی گەورە بەرامبەر بە پارتی راستڕۆی تووندڕۆی (جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا)، فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا رۆژی یەکشەممە لە هەڵبژاردنی دوو هەرێمی دیکەی وڵاتەکەیدا رووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی هەستیار دەبێتەوە کە دەکرێت پێگەی لە دەسەڵاتدا بە تەواوی لەرزۆک بکات.
کێبڕکێی هەڵبژاردن لە هەردوو هەرێمی بەرلین و هەرێمی مێکلێنبۆرگ-فۆرپۆمەرن لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت. پێشبینی دەکرێت پارتی راستڕۆی تووندڕۆی (جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا) دەنگێکی بەرچاو لە هەردووکیاندا بەدەستبهێنێت، ئەمەش دوای ئەوەی دوو هەفتە پێش ئێستا لە هەرێمی زاکسن-ئەنهاڵت توانی بە رێژەی 44% بەرامبەر 17% شکستی گەورە بە پارتی کریستیان دیموکراتـی مێرتس بهێنێت.
ئەو سەرکەوتنەی راستڕۆکان بووە هۆی دروستبوونی دەنگۆی ئەوەی کە رەنگە مێرتسی تەمەن 70 ساڵ نەتوانێت چوار ساڵی خولی سەرۆکایەتیی حکومەتەکەی لە گەورەترین ئابووریی ئەورووپادا تەواو بکات.
مەترسیی دەرچوون لە پەرلەمانی مێکلێنبۆرگ
لە هەرێمی مێکلێنبۆرگ-فۆرپۆمەرن، پارتەکەی مێرتس بووەتە تەماشاکەری ململانێی سەرەکیی نێوان (پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا) کە بەپێی راپرسییەکان 37%ـی دەنگەکانی مسۆگەر کردووە، لەگەڵ (پارتی سۆسیال دیموکرات) کە خاوەنی 35%ـی دەنگەکانە.
لەو هەرێمەدا پێشبینی دەکرێت پارتی کریستیان دیموکراتی مێرتس تەنیا 7%ـی دەنگەکانی بەدەستبهێنێت و مەترسیی ئەوەی لەسەرە نەتوانێت بەربەستی 5% بۆ مانەوە لە پەرلەمانی هەرێمەکە تێپەڕێنێت.
کێبڕکێ لە پایتەخت و بەرزبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان
لە بەرلینی پایتەختیش، پارتی فەرمانڕەوای کریستیان دیموکرات لە کێبڕکێیەکی زۆر نزیکدایە لەگەڵ (پارتی چەپ)ـی تووندڕۆ کە لەلایەن گەنجانەوە پشتیوانی لێدەکرێت بەهۆی بەڵێنەکانی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کەمیی یەکەی نیشتەجێبوون. دۆڕاندنی پایتەخت لە دەستپێکی خولەکەیدا دەبێتە گورزێکی دیکە بۆ سەر شکۆی راوێژکاری ئەڵمانیا.
سەرەڕای ئەوەی پارتە نەریتییەکان رێککەوتوون لەسەر ئەوەی بە هیچ جۆرێک هاوپەیمانێتی لەگەڵ (جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا) پێکدەهێنن، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت ئەو پارتە دەنگی ناڕەزایەتیی شەقام بە تەواوی بۆ لای خۆی رابکێشێت.
"لە رێگەی دەربازبوونین لە قەیران"
مێرتس بەڵێنی داوە ئابووریی ئەڵمانیا ببووژێنێتەوە، سوپا پڕچەک بکات بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی رووسیا، و کۆنتڕۆڵی کۆچی نایاسایی بکات.
راوێژکاری ئەڵمانیا لە گوتارێکدا لە کەمپینەکەی لە بەرلین گوتی، سەرەڕای جەنگ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پێشبینییە ئابوورییەکان بە ئەرێنی ماونەتەوە و گوتیشی، "ئێمە لەسەر رێگەی دەربازبوونین لە قەیران، لەسەر رێگەیەکی تا رادەیەک باشین، ناڵێم زۆر باش، چونکە هێشتا کاری زۆرمان لەپێشە."
پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا ئێستا لەسەر ئاستی تەواوی ئەڵمانیا لە پێشەنگی راپرسییەکانە و رێژەی رازیبوون لە شێوازی کاری مێرتس بۆ دەوروبەری 10% دابەزیوە، هاوکات ناکۆکی لەناو هاوپەیمانێتیی حکومەتەکەی لەگەڵ سۆسیال دیموکراتەکان پەرەی سەندووە.
بەهۆی چارەنووسسازیی هەڵبژاردنەکەی رۆژی یەکشەممە، مێرتس گەشتەکەی بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک هەڵوەشاندەوە و وەزیری دەرەوەی لە شوێنی خۆی نارد، تاوەکو شەوی یەکشەممە راستەوخۆ سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی سەرکردایەتیی پارتەکەی بکات بۆ بڕیاردان لەسەر داهاتووی حکومەتەکەی.



