رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی گەرمای بەهێز وڵاتانی ئەورووپای گرتەوە بە تایبەتی فەرەنسا، بەریتانیا، ئیسپانیا و ئیتاڵیا بوون. بەو هۆیەوە منداڵ، گەنج و پیر روویان لە مەلەوانگە، رووبار و دەریاچەکان کردووە بۆ خۆفێنککردنەوە، بەشێکیان چوونە شوێنە مەترسیدارەکان و تاوەکو ئێستا خنکانی لانیکەم 72یان پشتڕاستکراوەتەوە کە زۆرینەیان لە فەرەنسا بوون.
رۆژی پێنجشەممە، 25ی حوزەیرانی 2026، کەشناسیی فەرەنسا رایگەیاند، دوێنێ و ئەمڕۆ لە نزیکەی نیوەی وڵاتەکەیان بەرزترین پلەی گەرما نزیکەی 40 پلەی سیلیزی بوو. ئەم هەفتەیە لەنێوان 36 بۆ 40 پلە بووە و ئەمەش بە یەکێک لە بەهێزترین شەپۆلە گەرماکان دادەنێن کە وڵاتەکەی گرتبێتەوە.
بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی فەرەنسا، خەڵکێکی زۆر روویان لە رووبار، کەناراو و دەریاچەکان کردووە بۆ خۆفێنککردنەوە. هەروەها، بەشێکیان چوونەتە ناوچە مەترسیدارەکان و لەم هەفتەیەدا لانیکەم 43 کەس خنکاون.
ئەو وەزارەتەی فەرەنسا ئاماژەی بەوەش کردووە، هەرچەندە تیمیان لە زۆرینەی ناوچەکان بڵاوکردووەتەوە و نیشانەی مەترسیداریان داناوە، بەڵام بەشێک لە گەشتیار و خەڵکەکە گوێیان پێنەداون.
دەزگای کەشناسیی بەریتانیا بڵاویکردەوە، پێنجشەممە لە هامپشا و چەند ناوچەیەکی دیکەی وڵاتەکەیان پلەی گەرما گەیشتە 36.1 پلەی سیلیزی و بەمەش بووە گەرمترین رۆژی مانگی حوزەیران لە مێژووی وڵاتەکەیاندا.
دەزگاکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هەفتەیە بەرزترین پلەی گەرما لە وڵاتەکەیاندا لەنێوان 32 بۆ 36.1 پلەی سیلیزی بووە و ئەمەش زۆرترینە لە ماوەیەکدا لە مانگی حوزەیراندا لە وڵاتەکەیان تۆمار بکرێت؛ گوتیشی، بەهۆی گەرماکەوە لانیکەم حەوت هەزار و 900 پەیوەندییان بۆ بەهاناوەچوونی هاووڵاتییان پێگەیشتووە و توانیویانە هاوکاری سێ هەزار و 600 کەس بکەن. بەشێکیان لەنێو رووبارەکاندا رزگارکراون.
بە گوێرەی تەندروستی بەریتانیا، ئەم هەفتەیە 19 کەس لە رووبار، دەریاچە و ئاوەکانی وڵاتەکەیان لە کاتی مەلەکردندا خنکاون کە بچووکترینیان کچێکی تەمەن 12 ساڵ بووە لە رووبارێکی شاری مانچستەر.
کەشناسی هەریەک لە وڵاتانی ئیسپانیا و ئیتاڵیا لە دوو راگەیێندراوی جیادا بڵاویانکردووەتەوە کە پلەی گەرما لە شارەکانی رۆما، مەدرید، فلۆرێنس و سیڤیە گەیشتووەتە 40 پلەی سیلیزی؛ دەشڵێن، بەو هۆیەوە ئاڵای سووریان هەڵکردووە.
بەرپرسانی رۆما و مەدرید هاووڵاتییانیان ئاگادارکردووەتەوە کە خۆیان لە ئاوە مەترسیدارەکان بپارێزن و کەلوپەلی مەلەوانی لەگەڵ خۆیاندا ببەن. لەو دوو وڵاتە خنکانی شەش کەس پشتڕاستکراوەتەوە.
ئیسپانیا لە رێگەی سیستەمی ئاڵای رەنگاو رەنگەوە هۆشداری دەداتە مەلەوانان، کە ئاڵای سوور بە واتای قەدەخەی تەواوەتی مەلەکردن دێت.
هەر کەسێک پابەندی ئاڵای سوور نەبێت، رووبەڕووی سزای دارایی قورس دەبێتەوە کە لە نێوان 750 تاوەکو سێ هەزار یۆرۆدایە؛ هەروەها مەلەکردن یان خەوتن لەسەر کەناراوەکان لە شەودا سزای تاوەکو هەزار و 200 یۆرۆی لەسەرە.
فەرەنسا رێکاری تووند بۆ جیاکردنەوەی ناوچەی مەلەکردن و کەشتییەکان پەیڕەو دەکات و لە کاتی گەرمای 40 پلەییدا هۆشداریی "سوور" بۆ رووبار و ئاوە مەترسیدارەکان رادەگەیێنێت.
ئەگەر کەسێک رێساکان بشکێنێت یان لە ناوچە قەدەخەکراوەکاندا مەلە بکات، دەستبەجێ لە لایەن پۆلیسەوە بە بڕی 38 تاوەکو 135 یۆرۆ سزا دەدرێت.
لە ئیتاڵیا پاسەوانانی کەناراو لە رێگەی فیکە لێدانی بەردەوام و ئاڵای سوورەوە هۆشداری دەدەنە ئەو کەسانەی لە ئاوە مەترسیدارەکان نزیک دەبنەوە. مەلەکردن لە کاتی هەڵکردنی ئاڵای سور یان مەلەکردن لە ناو ئاوە مێژوییەکانی ڤینیسیا، دەبێتە هۆی سزادانی کەسەکە بە 100 تاوەکو زیاتر لە هەزار یۆرۆ.
بەریتانیا زیاتر پشت بە هۆشیارکردنەوە و دیاریکردنی ناوچەی سەلامەت دەبەستێت لە رێگەی ئاڵای رەنگاوڕەنگ و نیشانەی "کیسی با" بۆ ئاگادارکردنەوە لە بای بەهێز.
ئەم وڵاتە بە دەگمەن سزای دارایی بۆ مەلەکردن لە ناو دەریا بەکاردەهێنێت، بەڵکو زیاتر لە رێگەی یاسا ناوخۆییەکانەوە رێگری لە نزیکبونەوە لە ئاوە مەترسیدارەکان دەکات.
.jpg&w=3840&q=75)



.jpg&w=3840&q=75)